کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەرێکی مەجلیسی ڕێژیم: سێ قاتبوونی بوودجەی هێزە چەکدارەکان دەرخەری نەبوونی وتووێژە

12:14 - 1 رەشەمه 2724

پاش هەڵوێستی توند و کاردانەوەی بەشێک لە بەرپرسانی باڵای سیاسیی کۆماری ئیسلامی لە حەفتەکانی ڕابردوو سەبارەت بە وتووێژکردن لەگەڵ ئەمریکا، نوێنەرێکی مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە سێ قاتبوونی پشکی هێزە چەکدارەکان لە گەڵاڵە بوودجەی ساڵی داهاتوودا، نیشاندەری ئەوەیە کە هیچ وتووێژێک لە ئارادا نییە.

ئەحمەد بەخشایش ئەردستانی، ئەندامی کۆمیسیۆنی سیاسەتە دەرەکییەکانی مەجلیسی ڕێژیم، لە وتووێژێکدا و بە ئاماژەدان بە زیادبوونی ٢٠٠ لە سەدیی بوودجەی هێزە چەکدارەکان وتی: "ئەم بابەتە بە بەو مانایە نییە کە بۆ دۆخی شەڕ خۆمان ئامادە دەکەین بەڵام دەکرێت نیشاندەری ئەوە بێت کە هیچ وتووێژێک لە ئارادا نابێت".

ئەم قسانەی ئەردستانی لە کاتێکدایە کە پاش واژۆکردنی فەرمانی گەڕانەوەی گوشارە هەمەلایەنەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی لەلایەن دۆناڵد ترامپەوە، هەڵوێستی ڕێبەری ڕێژیم، بەرپرسانی سیاسی و فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران لەهەمبەر ئیسرائیل و ئەمریکا توندتر لە ڕابردوو بووەتەوە.

سەرۆکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هەڕەشەی ئەوەیان کردووە کە لە ئەگەری چارەسەرنەکردنی کێشەی ئەتۆمیی ئێران لە ڕێگەی وتووێژەوە، بنکە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی تاران دەکرێتە ئامانج.

لە وڵامدا بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکان هەڕەشەی شەڕێکی بەربڵاوی ناوچەیی دەکەن.

ئەمیرعەلی حاجیزادە فەرماندەی "هەوافەزا"ـی سپای پاسداران ڕایگەیاندووە کە ئەگەر بنکە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامی بکرێتە ئامانج، ئاگرێکی گەورە و بەربڵاو هەموو ناوچەکە دەگرێتەوە.

حاجیزادە ئاماژەیەکی بە ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە "وەعدەی سادق"ـیش کردووە و جەختی کردووەتەوە کە "وەعدەی سادقی ٣" ئەنجام دەبێت.

کۆماری ئیسلامی دوو هێرشی مووشەکیی ڕاستەوخۆی بۆ سەر ئیسرائیل لە ساڵی ڕابردووی زایینیدا ئەنجام دا کە نێوی وەعدەی سادقی یەک و دووی لێ نان و پاش هێرشی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل لە ٥ی خەزەڵوەری ئەمساڵدا، هەڕەشەی ئەنجامی سێیەمین هێرشی مووشەکیی لە ئیسرائیل کرد.