
دەوڵەتی چواردەیەمی ڕێژیم بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی بژیوی ژیانی ٦٠ میلیۆن کەس، یەک میلیارد دۆلار لە سندووقی بەناو "گەشەپێدانی نەتەوەیی"، هەڵدەگرێت.
مەسعوود پزشکییان، سەرۆکی دەوڵەتی چواردەیەم، ڕایگەیاندووە کە بە ڕەزامەندیی ڕێبەری ڕێژیم یەک میلیارد دۆلار لە سندووقی گەشەپێدانی نەتەوەیی بۆ دابینکردنی بوودجەی یازدە کاڵای سەرەتایی بژیوی ژیانی "حەوت دەهەک"ـی خەڵکی ئێران، هەڵدەگیردرێت.
بەپێی زانیاریی میدیا نێوخۆییەکان و بڵاوبوونەوەی چەند وێنەیەک لە پەسەندکراوی وەزیرانی کابینەی دەوڵەت، بە ڕەزامەندیی ڕێبەری ڕێژیم، دەوڵەت یەک میلیارد دۆلار لە سندووقی پاشەکەوتی دراو بۆ کۆپین تەرخان دەکات.
ئەمە لەکاتێکدایە کە سەندووقی بەناو گەشەپێدانی نەتەوەیی بۆ گەشە، پێشکەوتن و ئاوەدانیی وڵات دابین کراوە و هەر یەک لە دەوڵەتەکانی پێشووی کۆماری ئیسلامی، بەشێک لە داهاتی ساڵانەی نەوتی ئێرانیان دەخستە نێو ئەم سندووقەوە.
لە ئێستادا دۆخی قەیراناویی ئابووریی خەڵکی ئێران دەوڵەتی ناچار بەوە کردووە کە لە جیاتی گەشەپێدان و ئاوەدانی، پارەی ئەم سندووقە بۆ دابینکردنی یازدە کاڵای سەرەتایی وەک ڕۆن، برنج، شیر و پەنیر، تەرخان بکرێت.
ئەحمەد مێیدەری، وەزیری کاری دەوڵەتی پزشکییان ڕایگەیاندووە کە ٧٠ لەسەدی کۆمەڵگە بەپێی ئەم پەسەندکراوە کۆپینیان پێ ئەدرێت.
بەپێی ئەم قسەی وەزیری کاری ڕێژیم ٦٠ میلیۆن کەس لە ئێران بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی بژیوی ژیان تووشی کێشە بوونەتەوە.
ئەم قەیرانە لە کاتێکدایە کە ڕێژیم بۆ دەستەبەرکردنی سیاسەتە شەڕەنگێزانەکانی خۆی لە ناوچەکەدا بوودجەی بێسنوور بۆ هێزە چەکدارەکانی تەرخان دەکات و خەڵکی ئێرانیش هاوشێوەی سەردەمی شەڕ، بۆ دابینکردنی پێداویستیی ڕۆژانەیان دەبێت بچنە ڕیزی وەرگرتنی کۆپین و کاڵا سەرەتاییەکانەوە.