کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو سەرۆکی گشتیی ستادی ئەرتەشی ئیسرائیلی دیاری کرد

11:51 - 14 رێبەندان 2724

بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، "ئێیال زەمیر"ی بۆ جێگرەوەی هێرتزی هاڵوی، سەرۆکی پێشووی ستادی گشتیی ئەرتەشی وڵاتەکەی دیاری کرد.

ئێیال زەمیر یەکێکە لەو کەسانەی کە خوازیاری چڕبوونەوەی هەوڵەکان بە دژی کۆماری ئیسلامییە و لەسەر کردنەئامانجی فەرماندەکانی سپای پاسداران لە نێوخۆی ئێران، پێداگرە.

ناوبراو کە لە ئێستادا بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیلە، بڕیارە کە لە مانگی داهاتوودا بە شێوەی فەرمی وەک سەرۆکی ستادی گشتیی ئیسرائیل دەست بە چالاکی بکات.

ئێیال زەمیر وەک یەکێک لە دژبەرانی سەرەکیی کۆماری ئیسلامی دەناسرێت و پێشتر لە دامەزراوەی واشینگتۆن وەک کارناسی نیزامی چالاکیی کردووە.

زەمیر لەو کاتەدا و لە لێکۆڵینەوەکانی خۆیدا جەختی لەسەر کردنەئامانجی فەرماندەکانی سپای پاسداران و ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە نهێنییەکان بە مەبەستی لەنێوبردنی بەرنامە مووشەکی و دڕۆنییەکانی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی ئێران کردبوو.

ناوبراو ساڵی ١٤٠١ لە ڕاپۆرتێکی ٧٤ لاپەڕەییدا کە لەلایەن دامەزراوەی واشینگتۆنەوە بڵاو کرابوویەوە، خوازیاری پەرەسەندنی بە ئامانجگرتنی فەرماندە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ستراتێژییە ناوچەییەکانی تاران بوویەوە.

ئیسرائیل لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو و بەتایبەتی پاش هێرشی ١٥ی ڕەزبەری چەکدارانی حەماس، سیاسەتی کردنەئامانجی فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران و گرووپە میلیشیاکانی، گرتووەتە بەر و لەم ماوەیەدا بەشێکی زۆر لە ڕێبەران و فەرماندە باڵاکانی ئەم گرووپانەی لەنێو بردووە و هەروەها چەند فەرماندەیەکی باڵای لقی قودسی سپای پاسدارانیشی کردووەتە ئامانج.