کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسڕائیل بیر لە هێرش بۆ سەر بنکە ناوکییەکانی ئێران لەمساڵدا دەکاتەوە

18:51 - 1 رەشەمه 2724

بە گوێرەی لێکدانەوەی هەواڵگریی وڵاتە یەکگرتووەکان، ئیسڕائیل بیر لە هێرش بۆ سەر بنکە ناوکییەکانی ئێران لەمساڵدا دەکاتەوە

 

تایمز- ئاف ئیزرائێل

کەماڵ حەسەن‌پوور کردوویەتی بە کوردی

بە گوێرەی هەواڵەکانی ڕۆژی چوارشەممە، کۆمەڵگەی هەواڵگریی وڵاتە یەکگرتووەکان لەو دواییانەدا لێکدانەوەیەکی پێشکەش کردوە کە لەوێدا دەگوترێ ئیسڕائیل بەتەمای هێرش بۆ سەر بەرنامەی ناوکیی ئێرانە و، گریمانە دەکرێ ئەوساڵ هێرشەکە ڕوو بدا.

ڕۆژنامەی واشینگتۆن پۆست لە ڕاپۆرتیكدا دەڵێ هێرشی پێشگیرانە بۆ سەر بەرنامەی ناوکی ئێران دەتوانێ لە نێوەڕاستی ئەمساڵدا ڕوو بدا. ڕۆیتەرز نەیتوانی دەستبەجێ ئەو ڕاپۆرتە پشتڕاست بکاتەوە و کۆشکی سپی خۆی لە لێدوان لەو بارەوە بوارد. بە گوتەی واشینگتۆن پۆست، دەوڵەتی ئیسڕائیل،سی ئای ئەی، دەزگای هەواڵگریی سەربازیی و نوسینگەی بەرپرسی هەواڵگریی نەتەوەیی خۆیان لە لێدوان لەو بارەوە بواردوە.

بە گوتەی واشینگتۆن پۆست، وردترین ڕاپۆرتی هەواڵگریی لە سەرەتاکانی مانگی جانیوەری، کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان و ئاژانسی هەواڵگریی بەرگرییەوە ئامادە کرابوو، پێشکەش کراوە. بەڵام کاربەدەستانی ئیسڕائیلی و ئەمریکایی خۆیان لە لێدوان لە بارەی نێوەرۆکی ئەو ڕاپۆرتە بواردوە.

لە هەمان کاتدا، ڕۆژنامەی واڵ ستریت جورنال لە زمان دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە باسی ڕاپۆرتەکەیان کردوە.  لێکدانەوەی یەکەم، کە لەوێدا باسی هێرش لە ٢٠٢٥ کراوە، لە دوایین ڕۆژەکانی دەسەڵاتداریی بەڕێوەبەرایەتیی بایدن پێشکەش کراوە.

لە دووهەمین ڕاپۆرتی هەواڵگریدا کە لە یەکەم ڕۆژەکانی بە دەستەوە گرتنی دەسەڵات لە لایەن دۆناڵد ترامپەوە پێشکەش کراوە، ئاماژە بەوە کراوە کە ئیسڕائیل بیر لە هێرش بۆ سەر ئێران دەکاتەوە.

دوو سەرچاوەی ئاگادار لە لێکدانەوەکان گوتیان، لە یەکەم ڕاپۆرتدا هاتوە کە وێدەچی ئیسڕائیل زەخت بخاتە سەر بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ تا پشتگیری لە هێرشەکان بکات، بەگوێرەی ئەو لێکدانەوەیە سەردەمی دەسەڵاتی زۆرینەی کۆمارییەکان بۆ هێرشی سەربازیی گونجاوترە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، لە کاتی دەستاودەست کردنی دەسەڵات لە بایدنەوە بۆ ترامپ، هێندێک لە ئەندامانی بەڕێوەبەرایەتییە نوێیەکەی ترامپ بیریان لە بەشدرایی وڵاتە یەکگرتووەکان لە هێرشەکەی ئیسڕائیلدا دەکردەوە. نووسینگەی سەرۆک وەزیران و هێزەکانی بەرگریی ئیسڕائیل خۆیان لە لێدوان لەبارەی ڕاپۆرتەکە بواردوە، هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی نەتەوەیی و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتە یەکگرتووەکانیش لێدوانێکیان لەوبارەوە نەداوە.

ڕۆژی پێنج شەممە، سەرکۆماری ئێران مەسعود پزشکیان گوتی ڕەنگبێ دوژمنانی تاران بتوانن هێرش بکەنە سەر ناوەندە ناوکییەکانی ئێران، بەڵام ناتوانن تواناییەکانمان بۆ دروستکردنی ناوەندی نوێ لەناو بەرن.

ئێران کە دوژمنی سوێندخواردوی ئیسڕائیلە و بەڵێنی داوە ئیسڕائیل لەناو بەرێ، پێداگرە لە ئیدیعاکەی کە بەرنامە ناوکییەکەی تەنیا مەبەستی ئاشتیخوازانەی هەیە. بەڵام ناوەندی چاودێریکەری نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی گوتوویەتی ئێران ئێستا خەریکی پیتاندنی ئۆرانیۆم بۆ ئاستێکە کە هیچ پاساوێکی مەدەنی بۆ نییە و، ئەو وڵاتە پێش بە پشکێنەرە نێودەوڵەتییەکان دەگرێ سەردانی بنکەکانی بکەن. بێجگە لەوە، نیویۆرک تایمز لە سەرەتاکانی ئەم مانگەدا ڕایگەیاند کە هەواڵگریی ئەمریکا ئاشکرای کردوە کە تیمێکی نهێنیی زانایانی ئێرانی لە ڕێگاکانی گەشەپێدانی خێرای چەکی ناوکی دەکۆڵنەوە، بێتوو ڕێبەریی ئەو وڵاتە بڕیاری ودەستهێنانی چەکی ناوکی بدا.

هێندێک کاربەدەستی ئیسڕائیلی باسی خولیای خۆیان بۆ هێرش بۆ سەر ئێرانیان کردوە. لە ڕوانگەی ئەوانەوە، دوای لە پەلوپۆخستنی ڕایەڵەی بەکرێگیراوانی ئێران لە لایەن ئیسڕائیلەوە، دوابەدوای شەڕی غەززە لە ٢٠٢٣، هەلومەرجەکە بۆ ئەو کارە گونجاوە. لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، کاتێک تاقمی تێرۆریستیی حەماس هێرشێکی داگیرکاریی کاولکارانەی لە باشووری ئیسڕائیل بەڕێوە برد و ١٢٠٠ کەسی کوشت، کە زۆرینەیان خەڵکی مەدەنی بوون، شەڕ دەستی پێکرد. ڕۆژی دواتر، حیزبوڵڵای لوبنان کە لە لایەن ئێرانەوە پشتگیریی دەکرێ، دەستی بە هێرش بۆ سەر باکووری ئیسڕائیل کرد. لە کاتێکدا کە ئیسڕائیل لە غەززە دژی حەماس دەجەنگا و وەڵامی هێرشە هاژەکییەکانی حیزبوڵڵای دەدایەوە، حوسییەکانی یەمەن، کە ئەوانیش لە لایەن ئێرانەوە پشتگیریی دەکرێن، دەستیان بە هاویشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هاژەکی بالیستیکی بە ئیسڕائیلەوە کرد.

لە مانگی سێپتەمبەردا، ئیسڕائیل هێرشێکی گەورەی دژی حیزبوڵڵا دەست پێکرد، بەشێک لە بەڕێوەبەریی ئەو تاقمەی لەنێو برد و توانایی شەڕکردنی حیزبوڵڵای تا ڕادەیەکی بەرچاو کەم کردەوە. لە کۆتایی نۆڤەمبەر ڕێککەوتنی ئاگربڕ ڕاگەیەندرا. حیزبوڵڵا بۆ ماوەیەکی دوور، لەبەر هەڕەشەکانی بۆ هێرشی بەربڵاوی هاژەکی بۆ سەر ئیسڕائیل لە ئەگەری هێرش بۆ سەر ئێران بەربەستێک سەیر دەکرا. بەڵام ئەو شەڕە تواناییە هاژەکییەکانی حیزبوڵڵای تا ڕادەیەکی زۆر لاواز کردوە.

لە هەمان کاتدا، ئیسڕائیل هێرشی کردووەتە سەر حوسییەکانی یەمەن و بەو شێوەیە سەلماندوویەتی دەتوانێ تەنانەت هێرش بکاتە سەر شوێنی دوورتر لە ئێران و هەروەها هێرشی کردووەتە سەر سووریە و دوای نزیکبوونەوەی ڕۆژئاوا لە بەرهەڵستکارانی ئەسەد، ڕێژیمی ئەسەد کە هاوتەریبی ئێران بوو، ڕووخاوە.

لە ئاکامی ئەو شەڕانەدا، ئێران دوو جار بە ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هاژەک هێرشی کردە سەر ئیسڕائیل، بەڵام تا ڕادەیەکی زۆر لە لایەن بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل و یارمەتیی وڵاتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی ئەو هێرشانە پووچەڵ کرانەوە.

ئیسڕائیل بە دوو هێرش وەڵامی ئەو هێرشانەی ئێرانی دایەوە، لە دووهەمین هێرشدا، کە لە مانگی ئۆکتۆبەردا بوو، بەشێکی بەرچاوی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەروەها چەند بنکەی سەرەکیی سەربازیی ئێڕانی لەنێو بردن و بەو شێوەیە پیشانی دا لە ئاسمانی ئێران، بەبێ ئەوەی پێشی پێ بگیرێت، دەتوانێ ئۆپەراسیۆن بەڕێوە بەرێ.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکان، لە کاتی ئەو ئۆپەراسیۆنانەدا بەڕێوەبەرایەتیی بایدن داوای لە ئیسڕائیل کردبوو خۆی لە هێرشکردن بۆ سەر بنکە ناوکییەکانی ئێران ببوێرێ. بە پێچەوانە، بە گوێرەی هێندێک ڕاپۆرت وەزیری کاروبارە ستراتێژیکییەکان، ڕۆن دەرمەر، لە مانگی نۆڤەمبەر دوای کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرکۆماری هەڵبژێردراو دۆناڵ ترامپ، گوتی پێی وایە ترامپ پشتگیریی لە هێرشێکی سەربازیی ئیسڕائیل دژی بنکە ناوکییەکانی ئێران دەکات، یان لەوانەیە وڵاتە یەکگرتووەکان بۆخۆی ئەو کارە بکات.

لە نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوو، وەزیری بەرگریی ئیسڕائیل کاتز گوتی، "ئێرانی ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر لە زەرەر گەیشتن بە بنکە ناوکییەکانی نزیکترە. هەلێک بۆ دەستەبەر کردنی ئامانجێکی گرینگ، بۆ پێش گرتن و نەهێشتنی هەڕەشەی لەنێوچوونی دەوڵەتی ئیسڕائیل، ڕەخساوە."

لەو کاتیەوە ترامپ گوتوویەتی دەیهەوێ بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک، وتووێژ بکات بەڵام ستراتێژیی ئەوپەڕی زەختی سەپاندنی گەمارۆ و جێبەجێ کردنیانی دژی ئێران گەڕاندووەتەوە کە لە وەڵامدا ئێرانییەکان گوتوویانە بە تەمای گەیشتن بە ڕێگاچارەیەکی سیاسین.

ڕۆژی دووشەممە، ترامپ ڕایگەیاند پێی باشە بۆ ڕاگرتنی بەرنامە ناوکییەکەی ئێران و پێشگرتن بە بەرهەمهێنانی بۆمبی ناوکی، لەگەڵ ئەو وڵاتە بگاتە ڕێککەوتن. ئەو بە فاکس نیوزی گوت، "پێموابێ لەگەڵ ئێران دەگەینە ڕیککەوتن. لام وایە ئەوان ترساون. من وا بیر دەکەمەوە کە ئێران زۆری پێ خۆش بێ لەگەڵمان ڕێک بکەوێ و منیش زۆرم پێ خۆش دەبێ،  بێ ئەوەی بۆمبارانیان بکەم، بگەینە ڕێککەوتن. هەموو کەس وا بیر دەکەنەوە کە ئیسڕائیل، بە ڕەزامەندیی یان بێ ڕەزامەندیی ئێمە، بۆمبارانی خەستیان دەکات. من پێم باشترە ئەوە ڕوو نەدا."