
ژنێک، نیشتمانێک
ئاسۆ مینبەری
ڕووداوەکان زۆر جار وەک بزوێنەرێکی سەیر، هەست و سۆزی مرۆڤەکان دەجووڵێنن و وا دەکەن کە تێڕامان لە هەندێ بابەت، ببێتە کەڵکەڵەیەکی سەرەکی بۆ مرۆڤەکان. ڕووداوەکان ئەتوانن جۆراوجۆر بن، ئەتوانن بایەخی جیاوازییان هەبێ و تەنانەت ئەتوانن بەردەنگی تایبەتیشیان هەبێ، بەڵام هەندێ جار هەندێ ڕووداو سنوورە دەستکردەکانیش دەشکێنن و وا دەکەن کە هەمووان لە خاڵێکدا کۆ ببنەوە ! کۆبوونەوە لە خاڵێکی هاوبەش ڕەنگە ئەستەم بێت، ئەم ئەستەمبوونەش ئەوکات زیاتر دیارە کە تاکەکان ڕوانگە و ویستەکانیان جیاواز بن یان دوورەدیمەنێک کە بۆ داهاتووی دەبینن، وەک یەک نەبێت، بەڵام دۆزینەوەی خودی ئەم خاڵە هاوبەشە دەکرێ وەک هونەرێکی پڕبایەخ چاوی لێ بکرێت.
کوردستان ئەگەرچی وڵاتێکی داگیرکراوە و قەت نەیتوانیوە ڕووی خۆشی بە خۆیەوە ببینێ، بەڵام هەمیشە گۆڕەپانی خەبات و ململانێ بۆ دەستخستنی سەربەستی بووە. لەم پێناوەشدا ئایدیا و بۆچوونی جیاواز سەریان هەڵداوە و هەر کامەیان لە سووچێکەوە هەوڵیان داوە بۆ ڕزگاریی ئەم خاکە تێبکۆشن.
هەبوونی دەنگوڕەنگی جیاواز لە کوردستان دەکرێ وەکوو یەکێک لە تایبەتمەندییە باشەکان چاوی لێ بکرێ، هەرچەند کە ئەم خاکە هێشتا لە دەستی داگیرکەردایە بەڵام بێگومان فرەچەشنی و فرەڕەنگییەکان نەک لەمپەر بەڵکوو خۆیان خاڵێکی بەهێزی بەردەوامبوونی جووڵانەوەی کورد لە کوردستانن. حاشا لەوە شناکرێ کە لە قۆناغی ئێستادا، نەبوونی یەکدەنگی و یەکبوونێک لە باری سیاسییەوە وەک بۆشاییەک بە بزووتنەوەی کوردستانەوە دیارە بەڵام، هاوکات لەگەڵ ئەوەش خاڵە گرینگەکە واتە کوردستانیبوون وەک هەمیشە لەگەڵ یەک کۆمان دەکاتەوە.
تێپەڕینی کات و وەرگرتنی ئەزموونی سیاسی لە گرینگترین هۆکارەکانی زاڵبوونی ئەم دۆخەی ئێستا بە سەر ڕەوت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانە، لایەنە سیاسییەکان لە جیاتی سەرەڕۆیی، هەوڵ دەدەن خاڵە هاوبەشەکان بدۆزنەوە و پێکەوە لە دەوری ئەو خاڵە هاوبەشەدا بەهێزتر دەرکەون. کەوایە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش بەشێکی گرینگ لە هاوکێشەکەیە.
لەم خاڵە هاوبەشانە لە مێژووی کوردستاندا زۆرن، لە هەر بڕگەیەکی مێژووییدا ڕەنگە بە دەیان و سەدان خاڵی هاوبەش بووبێت و کۆکەرەوەی هێزەکان بووبێ، بەڵام قۆناغی ئێستا هەستیارترە و هەوڵی زۆرتری دەوێ، بەتایبەت کە پاش سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا، یەکدەنگبوون و یەکڕەنگبوونی خەڵکی کوردستان لە نێوخۆ و تێکۆشان و خەبات و قوربانیدانیان لەپێناو کوردستان، ئەوانی لە دەوری خاڵێکی گرینگ بە ناوی ڕزگاریی خاک کۆ کردەوە، هەست بە بەرپرسایەتی لەلایەن حیزب و لایەنە سیاسییەکانیش بێگومان دەبێ گەشە بکات. چونکە لە ڕاستیدا ئەم حیزب و لایەنانە خۆیان ئامرازێکن بۆ یارمەتیدانی خەڵک بۆ گەیشتن بە ڕزگاری! هەر وەک چۆن حیزبی دێموکرات لە ڕاسانی ڕۆژهەڵاتدا، هەوڵی دا لەگەڵ خەڵکی کوردستان لە یەک ڕاستادا و لەپێناو گەیشتن بە ڕزگاریی خاک و دەستەبەرکردنی سەربەستیدا خۆی لە خاڵی هاوبەشی کوردستانیبوون و ڕزگاریدا کۆ بکاتەوە.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا کوردستان جارێکی دیکە یەکێک لە خاڵە کۆکەرەوەکانی بە خۆیەوە بینی! کۆچی دوایی ژنێک لە ئاواییەکی شاری بۆکان هاوکات لەگەڵ خەمبارکردنی خەڵکی کوردستان، حەشیمەتێکی زۆری لە دەوری یەک کۆ کردەوە. لێرەدا "دایە ئەستی" کۆکەرەوەی خەڵک بوو.
ئەم حەشیمەتە تەنیا ئەو کەسانە نەبوون کە چوونە سەر مەزارەکەی دایە ئەستی و فرمێسکی وەفا و ئەمەگناسییان بۆ ڕشت و تەرمەکەیان ئەسپەردەی خاکی کوردستان کرد، بەڵکوو هەموو ئەو کەسانە بوون کە دڵیان بۆ ڕزگاریی خاکی کوردستان لێ دەدا.
دایە ئەستی لە تەمەنی ٦٣ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. دایکێکی جەرگسووتاو کە سێ ڕۆڵەی خۆی پێشکەشی بارەگای ئازادی کردبوو. ئەو وەفادار بە ڕێبازێک بوو کە ڕۆڵەکانی تەمەنی لاویەتیی خۆیان بۆ دانابوو. دایكێکی بوێر و ئازا بوو کە خەمی لەدەستدانی ڕۆڵەکانی کردبوو بە هیوایەک بۆ بینینی ڕزگاریی ئەو خاکەی کە کوڕەکانی خوێنیان بۆ ڕشت.
کاتێ دایە ئەستی کۆچی دوایی کرد، شەپۆلێکی بەرین لە هاوخەمی کوردستانی گرتەوە، دایە ئەستی بوو بە هۆکارێک بۆ کۆبوونەوەی خەڵک و هاوکات بیرە جیاوازەکانیش، چونکە ئەو دایکی سێ شەهیدی کوردستان بوو! هەر بۆیە خەڵکی کوردستان بە نیشانەی ئەمەگناسی بەرانبەر بە بنەماڵەی شەهیدانی کوردستان و بۆ ڕێزگرتن لە دایە ئەستی وەک ژنێکی خۆڕاگر، لەژێر کڵوەبەفری زستاندا، گۆڕستانەکەیان تەنی و بە گوڵی سوور پێشوازییان لە تەرمەکەی کرد و بە ڕێزەوە و داپێچراو بە ئاڵای کوردستان و جامانەی پێشمەرگانە ڕەوانەی ماڵە ئەبەدییەکەیان کرد و بە دانانی یوبیلی حیزبی دێموکرات، پەیامی وەفادارییان لەگەڵ ڕێبازی کوڕە شەهیدانی نوێ کردەوە.
دایە ئەستی، دایکی سێ شەهیدی کوردستان بوو، هەر بۆیە زۆربەی خەڵکی کوردستان سەر بە چ لایەن و حیزبێک بووبێن، لە خاڵی هاوبەشی کوردستانیبووندا کۆ بوونەوە و ڕێزیان لە گیانفیدایی ڕۆڵەکانی دایە ئەستی و خۆڕاگری و وەفای ئەم دایکە جەرگسووتاوە گرت. ئەم وەفا و ئەمەگناسییە بەرانبەر ژنێک، ڕێک ئەو وەفا و ئەمەگناسییەیە کە بەرانبەر بە نیشتمان دەکرێ، دایە ئەستی لەو ڕۆژەدا بوو بە نیشتمان و قیبلەگایەک بۆ ئازادیخوازان و هەموومانی لە دەوری خۆی کۆ کردەوە.
دایە ئەستی بە چەشنی نیشتمان، هەموومانی لە ئامێز گرت و جارێکی دیکە ئەو پەیامەی پێ داین کە کوردستان بەبێ یەکگرتن و یەکبوون سەر ناکەوێ.