کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەپێناو گەشەی وشیاریی نەتەوەیی و نیشتمانیدا

19:16 - 1 رەشەمه 2724

لەپێناو گەشەی وشیاریی نەتەوەیی و نیشتمانیدا

 

بێهزاد قادری

بۆ گەشە و بەهێزکردنی وشیاریی نەتەوەیی و نیشتمانیی گەلی کورد کە خاکی داگیر و هەموو مافە سیاسی و نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی پێشێل کراوە، ڕێکارگەلێکی زۆر هەن کە دەتوانرێت کەلکیان لێ وەربگیرێت و ئەنجامی کاریگەریان هەبێت. لێرەدا بە جەختکردنەوە لەسەر "ڕۆژهەڵاتی کوردستان"، بەکورتی دەپەرژێمە سەر چەند خاڵێکی گرنگ و بەرچاو و کاریگەر.

فێرکاری، پەروەردە و ئاگادارکردنەوە

- لەبەر ئەوەیکە ڕۆژهەڵاتی کوردستان داگیر کراوە، دەرەتانی فێرکاری و باسکردن لە مێژووی کوردستان وەک وانەیەکی خوێندن لە قوتابخانەکان و زانکۆکان نییە، کەوایە دەبێ لە ڕێگای میدیا و سۆشیال میدیایەوە باس لە مێژووی ڕاستەقینەی کوردستان، خەباتی گەلی کورد و ئەو ستەمانەی لە کوردستان و کورد کراوە بکرێت؛ تاکوو نەوەی نوێ لە نامۆیی نەتەوەیی و مێژوویی بپارێزرێن.

- دەبێ جوگرافیا، سنوور، نیشتمان و سەرچاوە سەرزەوی و بن‌زەوییەکانی کوردستان بە خەڵک، بەتایبەتی نەوەی نوێ بناسێنرێن و باس لە گرنگایەتیی ئەم بابەتە و تاڵانکردنی نیشتمانمان لەلایەن داگیرکەرانەوە بکرێت.

- گەشە و برەودان بە فەرهەنگی کوردی، لەوانە "زمان، ئەدەبیات، مۆسیقا، هەڵپەڕکێ، جێژنی نەتەوەیی (نەورۆز)، جلوبەرگ و داب و نەریتی کوردی" و باسکردن لە گرنگایەتییان بۆ ناسنامە و شوناسمان، پێویستە و دەبێ بەردەوام جەختیان لەسەر بکرێتەوە. ئەمە بۆ خۆی پەرچەکردارێکیشە لەهەمبەر سیاسەتی ئاسمیلاسیۆنی داگیرکەر دژی گەلەکەمان کە دەیانەوێت ئێمە لەنێو خۆیاندا بتوێننەوە.

- دامەزراندن و پشتیوانی لە سۆشیال میدیا و میدیا کوردییەکان (تیڤی، ڕادیۆ، ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان) کە بە زمانی کوردی و زمانەکانی دیکە دەپەرژێنە سەر پرسە پەیوەندیدارەکان بە کوردستان و کوردەوە، بەتایبەتی پرسە نیشتمانی و نەتەوەیییەکان؛ ئەرکێکی گرینگ و هەستیارە.

- چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب، گۆڤار، ڕۆژنامە و... بە زمانی کوردی و زمانەکانی دیکە لەبارەی مێژوو، جوغرافیا، فەرهەنگ، سیاسەت و پرسە پەیوەندیدارەکان بە کوردستان و کورد کە دەبێ گرینگیی پێ بدرێت.

- پێویستیی دامەزراندن و پشتیوانی لە ڕێکخراوە خەڵکییەکان کە لە بواری "مافی مرۆڤ، فەرهەنگ، پەروەردە، ئەدەبیات و ژینگەی کوردستان و..." چالاکی دەکەن.

چالاکیی فەرهەنگی و هونەری

- بەڕێوەبردنی جێژن و ڕێوڕەسمە فەرهەنگی و نەتەوەیییە کوردییەکان، وەک نەورۆز، بە شێوەی بەشکۆ و بە بەشداریی بەرچاوی خەڵک و کەڵکوەرگرتن لە هێما نەتەوەیییەکان و ڕێگەنەدان بە هێماکانی داگیرکەر لەم جێژن و ڕێوڕەسمانەدا.

- بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی فیلم و شانۆگەلێک کە دەپەرژێنە سەر پرسە پەیوەندیدارەکان بە کورد و کوردستانەوە و باس لە مێژوو و فەرهەنگ و ناسنامەی کوردستان دەکەن. (لەمبارەوە باشووری کوردستان خاوەن پۆتانسییەلێکی باشە و دەتوانێت یاریدەری پارچەکانی دیکەی کوردستانیش بێت).

- پشتیوانی لە هونەرمەندانی کوردستانی و دەروەست و بەڕێوەبردنی کۆنسێرت بۆ هونەرمەندان و مۆسیقاژەنان و گرووپەکانی هەڵپەڕکێ. هەروەها ئاگادارکردنەوەی ئەم گرووپە هونەرییانە کە بە هیچ شێوەیەک لە ڕێوڕەسمە حکوومەتییەکاندا بەشداری نەکەن.

- بەڕێوەبردنی پێشانگەی هونەری و فەرهەنگیی کوردیی جۆراوجۆر لە کوردستان و وڵاتانی دیکەی جیهان (ژمارەیەکی زۆری کورد بەتایبەتی لە وڵاتانی ڕۆژاوایی دەژین).

چالاکیی سیاسی و کۆمەڵایەتی

- هاتنەڕیز و پشتیوانی لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە کوردی و کوردستانییەکان کە بۆ سەروەریی سیاسی و مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کورد خەبات دەکەن.

- پشتیوانی و بەشداری لە چالاکییە مەدەنییەکان و کۆبوونەوە خەڵکییەکان بۆ دەربڕینی خواست و ویستەکان و ناڕەزایەتیدەربڕین لەمەڕ ستەم و هەڵاواردنەکان.

-؛ پەیوەندیگرتن لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانی تر بۆ ئاگادارکردنەوەیان لەمەڕ دۆخی کوردەکان و هەوڵدان بۆ ڕاکێشانی پشتیوانییەکانیان، هەروەها ئاگادارکردنەوەی خەڵکی کوردستان لەم هەوڵ و چالاکییانە.

- پێکهێنان و گەشە و بەهێزکردنی هاوپەیوەندی و یەکانگیریی نێوان کوردستانییان لە هەموو کوردستان و دیاسپۆرا. (لەمبارەوە حیزب و ڕێکخراو و ئەنجومەنە کوردستانییەکان دەتوانن بە باشترین شێوە چالاکی بکەن).

گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی

- هەوڵدان بۆ گەشەی ئابووریی کوردستان و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ لاوانی کورد لە ڕێگەی سەرمایەدارە نیشتمانپەروەرەکانی کوردستانەوە.

- گەشەی ژێرخانەکان؛ نۆژەنکردنەوەی ژێرخانەکانی کوردستان، بەتایبەتی قوتابخانە، نەخۆشخانە و ناوەندە فەرهەنگییەکان لەلایەن سەرمایەدارە نیشتمانپەروەرە کوردەکانەوە.

- پشتیوانی لە جووتیاری لە کوردستان و پێکهێنانی بەستێنی پێویست بۆ گەشەی جووتیاری.

تێبینی: ئابووریی بەهێز بۆ ئەو چالاکییانەی کە مەبەستیان گەشە و بەهێزکردن هۆشیاریی نەتەوەیی و نیشتمانییە، زۆر زۆر پێویستە.

پاراستن و نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارە مێژوویی و فەرهەنگییەکان

هەوڵدان بۆ پاراستن و نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارە مێژوویییەکانی کوردستان کە پیشاندەری ناسنامە و مێژووی ئەم نیشتمانەن. (لەم پەیوەندییەشدا پێویستمان بە ڕێکخراوەی خەڵکی و پشتیوانیی ماڵیی سەرمایەدارە نیشتمانپەروەرە کوردەکانە).

نۆژەنکردنەوەی شوێنە ئایینی و فەرهەنگییەکانی کوردستان کە بەهۆی سیاسەتی هەڵاواردن و ئاسمیلاسیۆنی داگیرکەرانەوە وێران کراون یان پەراوێز خراون، هەروەک شوێنەوارە مێژوویییەکان، پێویستە.

ئەنجام:

پێویستە ئەم چالاکییانە بە شێوەی بەردەوام و شێلگیرانە، لەلایەن هەموو چین و توێژەکانی کوردستان (ڕووناکبیران، هونەرمەندان، چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و مەدەنی و تەنانەت خەڵکی ئاساییش) جێبەجێ بکرێن، تاکوو کاریگەریی پۆزەتیڤ لەسەر هۆشیاریی نەتەوەیی و نیشتمانیی کوردستانییان دابنێن و ڕزگاربوونمان لە داگیرکاری مسۆگەرتر بێت.