کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەختکردنەوەی دووبارەی ترامپ لەسەر زۆرترین گوشارکان دژی کۆماری ئیسلامی

10:37 - 2 رەشەمه 2724

دۆناڵد ترامپ، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ١ی ڕەشەمە، لە کۆبوونەوەیەکدا لە شاری مەیامی لە ویلایەتی فلۆریدا، جارێکی دیکە جەختی لەسەر دەستپێکردنەوەی سیاسەتی "زۆرترین گوشارکان" لەسەر کۆماری ئیسلامی کردەوە.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە ڕوانگەی خۆی لە ئاست ململانێ نێودەوڵەتییەکان، جەختی لە پێویستیی بەرقەرارکردنی سەقامگیری و ئاشتی لە جیهاندا یەک لەوان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردەوە و ڕایگەیاند کە بەم ئاراستەیە زۆرترین گوشار لەسەر ڕێژیمی ئێران دەست پێدەکات.

دۆناڵد ترامپ ئێوارەی سێشەممە ٣٠ی بەفرانبار لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ" بابەتێکی بڵاو کردەوە و بەپشتبەستن بە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی ''نیویۆرک تایمز'' سەبارەت بە قەیرانی وزە و داخستنی پیشەسازی لە ئێران نووسیویەتی: ''ڕێژیمەکان بەم شێوەیە دەڕووخێن.''

ترامپ هەروەها پێشتریش لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا ڕایگەیاندبوو کە پێی باشترە لە جیاتی هێرشی سەربازیی قورسی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکان، کۆماری ئیسلامی  لەگەڵ ئەمریکا بگەنە ڕێککەوتن، بەو پێیەش واشنگتۆن دەتوانێت چاوەدێری چالاکییە ناوکییەکان لە ئێران بکات و "پێداچوونەوە و پشکنینی بکات و دواتر "لەنێوی ببات".

لەو کاتەدا ترامپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فاکس نیووز وتی: ''هەمووان پێیان وایە ئیسرائیل بە یارمەتی یان ڕەزامەندیی ئێمە دێتە میدانەوە و کۆماری ئیسلامی هەتا ئاستی جەهەندەم بوردومان دەکات. من پێم باشە ئەوە ڕوو نەدات."