
ئوسترالیا هۆشداریی داوە کە سیخوڕەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی بەرنامەی ژێردەریاییە ناوکییەکانی ئەو وڵاتەیان کردووەتە ئامانج و بۆ کوشتنی دژبەرانی ڕێژیم کە نیشتەجێی ئوسترالیان، پیلانگێڕییان کردووە.
مایک بێرگس، بەرپرسی ڕێکخراوی هەواڵگری و ئەمنییەتی ئوسترالیا، ڕایگەیاندووە کە ژمارەیەک لە هێزە بەرگرییەکانی ئەو وڵاتە بەردەوام سیخوڕییان لێ کراوە و تەنانەت هێندێکیشیان کۆمەڵێک هەدیە و دیارییان وەرگرتووە کە تێیدا کەرەستەی چاوەدێری بۆ سیخوڕیکردن شاردراوەتەوە.
بێرگس زیادی کردووە کە ئوسترالیا لەم هەوڵە دوژمنکارانەی وڵاتانی دوژمنی وەک کۆماری ئیسلامی پارێزراو نییە و پشتڕاستیشی کردووەتە کە ڕێکخراوی هەواڵگری و ئەمنییەتی ئوسترالیا لانیکەم سێ پیلان بۆ لێدانی دژبەرانی نیشتەجێ لەم وڵاتەیان پووچەڵ کردووەتەوە.
بەرپرسی ڕێکخراوی هەواڵگری و ئەمنییەتی ئوسترالیا جەختی کردووەتەوە کە لە یەکێک لەم حاڵەتانەدا، دەزگایەکی سیخوڕیی یەکێک لە وڵاتان هەوڵی خەڵەتاندنی چالاکوانێکی مافی مرۆڤیی نیشتەجێی ئوسترالیای داوە تاکوو بیکێشێنێتە دەرەوەی وڵات و لە ڕووداوێکی ساختەدا بیکوژێت و هەروەها دەزگایەکی دیکەش هەوڵی کوشتنی دژبەرانی لە نێو خاکی ئوسترالیادا داوە کە ئەویش پووچەڵ کراوەتەوە.
ناوبراو باسی لە هەوڵی دەوڵەتانی دەرەکی بۆ خستنەژێر گوشاری پەنابەران لە ئوسترالیا کردووە و ڕایگەیاندووە کە ژمارەیەک لەم وڵاتانە، لەوانە کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە هەڕەشەکردن لە بنەماڵەی پەنابەران و دەسبەسەرداگرتنی داراییەکانیان، هەوڵی گەڕاندنەوەی ئەم کەسانەیان داوە.
بە وتەی مایک بێرگس ئەم هەڕەشە ئەمنییەتییانە ڕووی لە زیادبوونە و هەر بەم بۆنەوە ئاستی هۆشیاریی تێرۆیستی لە ئوسترالیا هەر لە دۆخێکی ئەگەرییدا دەمێنێتەوە.