
هاوکات لەگەڵ درێژەی گرژی و قەیرانەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، تەمیم بن حەمد ئالەسانی، ئەمیری قەتەر، ڕۆژی چوارشەممە یەکی ڕەشەمە بە مەبەستی دانیشتن لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بۆ جارێکی دیکە سەردانی تارانی کرد.
ئەمە چوارەمین سەردانی ئالەسانی بۆ ئێران لە ماوەی کەمتر لە پێنج مانگدایە کە دەرخەری لێکهەڵکراویی ئاڵۆزییەکانی هەنووکە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدایە.
ئەمیری قەتەر لە سەردانەکەی ئەمجارەیدا جگە لە دانیشتن لەگەڵ سەرۆککۆمار و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمیشدا هەبووە.
بەپێی زانیارییەکان ڕوون نییە کە ئالەسانی پەیامی دۆناڵد ترامپ و دەوڵەتی ئەمریکای گەیاندبێتە دەستی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بەڵام پێشتر وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاندبوو کە ئەم وڵاتە ئامادەیە تاکوو لە ڕەوتی وتووێژەکاندا یارمەتیدەری تاران و واشینگتۆن بێت.
هەر چەند کە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، لە بەرەبەری سەردانەکەی ئەمیری قەتەر بۆ تاران ڕایگەیاندبوو کە ئالەسانی پەیامی ئەمریکای پێ نییە و دەانیشتنەکان لە پێوەندیی لەگەڵ سووریە، غەززە و لوبنان دەبێت.
مەسعوود پزشکییان، سەرۆکی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی، لە کۆبوونەوەی هاوبەشی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ ئەمیری قەتەردا ڕایگەیاند، کە لە دانیشتنەکەی ڕۆژی چوارشەممەدا ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکە خراوەتە بەر باس.
هەروەها عەلی خامنەیی لە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ ئەمیری قەتەردا ئاماژەی بە داراییە ڕاگیراوەکانی ئێران لە قەتەر کردووە کە بەهۆی گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر دەوڵەتی قەتەر ڕادەستی ئێران نەکراوەتەوە.
قەتەر لە ڕەوتی وتووێژەکانی خەرمانانی ساڵی ڕابردووی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە ئازادکرانی هاووڵاتییانی دوو ڕەگەزنامەیی، ڕۆڵی نێوبژیوانیی بوو.
لەم وتووێژانەدا بڕیار بوو کە ئەمریکا شەش میلیارد دۆلار لە داراییە ڕاگیراوەکانی کۆماری ئیسلامی لە کۆرەی باشوور لەپێناو ئازادکرانی بەندکراوە ئەمریکاییەکان ڕادەستی کۆماری ئیسلامی بکات بەڵام پاش هێرشی چەکدارانی حەماس لە ١٥ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو بۆ سەر ئیسرائیل ئەم پارەیە کە ڕادەستی قەتەر کرابوو بۆ جارێکی دیکە ڕاگیرا.
خامنەیی لە دانیشتنەکەی ڕۆژی ڕابردوو بە ئالەسانیی ڕاگەیاندووە کە "ئەگەر ئەوان لە جیاتی قەتەر بایەن گوێیان بە گوشارەکانی ئەمریکا نەدەدا و داواکارییەکانی لایەنی بەرامبەرمان ڕادەست دەکردەوە و هەروەها چاوەڕوانیی وەها هەوڵێکمان لە قەتەر هەیە".