هەڵسەنگاندنێکی نوێی ناوەندی ئاماری ئێران دەریدەخات کە زیاتر لە یەک لەسەر سێی ئەو خۆراکانەی کە بنەماڵەکان لە ئێراندا بەکاریان دەهێنن، لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا بە بەراورد بە هەمان مانگ لە ساڵی ڕابردوو، نرخەکەیان ٤٠ بۆ ١٠٣ ٪ بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە.
بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، کە لە ماڵپەڕی ناوەندی ئاماردا بڵاو کراوەتەوە، نرخی پەتاتە و بەرهەمە شیرەمەنییەکان بە بەراورد لەگەڵ مانگەکانی ڕابردوو چەند قات زیادیان کردووە.
لەم دواییانەدا، دوای چەند حەفتەیەک لە شپرزی بازاڕی پەتاتە، ڕێژیم مۆڵەتی هاوردەکردنی ٥٠ هەزار تۆن لەم بەرهەمە خۆراکییە دەرکرد، بەڵام ڕاپۆرتەکانی میدیا ناوخۆییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕێژیم لەبری دروای تەرجیحی ٢٨ هەزار و ٥٠٠ تمەنی، دراوی ٦٦ هەزار تمەنی بۆ هاوردەکاران دیاری کردووە.
ناوەندی ئامار لە مانگی بەفرانباردا نرخی هەر کیلۆیەک پەتاتەی ٣٢ هەزار تمەن دیاری کردبوو، لە کاتێکدا ئاماری بازاڕەکان دەریدەخەن کە نرخی ئێستای هەر کیلۆیەک ٤٨ هەزار تمەنە.
نرخی پەتاتە لە مانگی بەفرانباردا بەراورد بە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ بەڕێژەی ٢٠٪ بەرز بووەتەوە و تەنیا لە دوو حەفتەی یەکەمی مانگی ڕێبەنداندا نرخی پەتاتە بەڕێژەی ٥٠٪ بازدانی بەخۆیەوە بینیوە.
لە دوای پەتاتە، نرخی بەرهەمەکانی وەک لەپە، نیسک و بە گشتی دانەوێڵەکان، بیبەر، گێزەر، لیمۆ، خەیار، باینجان و سەوزەواتەکان و بەرهەمە شیرەمەنییەکان بەرزترین هەڵاوسانیان بەخۆوە بینیوە.
شایانی باسە کە لە نێوان ٥٣ ماددەی خۆراکیی هەڵبژێردراودا، تەنها شەش ماددەی خۆراکی بەرزبوونەوەی نرخیان کەمتر لە ١٠٪ بووە، ئەوانی دیکەش ڕووبەڕووی هەڵاوسانێکی زۆر و بەربڵاو بوونەتەوە.
عەلی ئێحسان زەفەری، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی سەندیکای بەرهەمە شیرەمەنییەکان ڕۆژی شەممە ١٣ی ڕێبەندان ڕایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخەکان وای کردووە خەڵک وردەوردە ئەو بەرهەمانە لەسەر سفرە و خوانەکانیان لاببەن و لە ئێستادا پیشەی بەرهەمهێنانی بەرهەمە شیرەمەنییەکان بازاڕی خۆیان لەدەست داوە.
بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی شیرەمەنییەکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەرنجی میدیاکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە.
ناوەندی ئاماری ڕێژیم ڕایگەیاند کە هەڵاوسانی بەرهەمە شیرەمەنییەکان لە نێوان ٢٧ بۆ ٤٣٪ بووە لە سێ مانگی ڕابردوودا.