
ڕۆژی چوارشەممە یەکی ڕەشەمەی ١٤٠٣، "ئەنوەر چالشی"، ئەنداامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەندکراوی سیاسیی کوردی تووشبوو بە نەخۆشیی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی "خومەینی"ی ورمێ گیانی لەدەست دا.
ئەم بەندکراوە سیاسییە کە لە بەندیخانەی ورمێ تووشی شێرپەنجەی ڕێخۆلە ببوو، لەم دواییانەدا لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.
ئەنوەر چالشی پاش گەشەی ئەم نەخۆشییە و ناجێگیربوونی دۆخی جەستەی، چەند ڕۆژ پێش ئێستا ڕەوانەی نەخۆشخانەی "خومەینی" لە ورمێ کرابوو.
بانەمەڕی ١٤٠٣، ئەم بەندکراوە سیاسییە بە هۆی ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستییەکەی بۆ نەخۆشخانەی "خومەینی" ڕاگوێزرابوو و بە هۆی دژایەتیی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لەگەڵ وەرگرتنی مورەخەسی بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بە بێ دەسپێکردنی ڕەوتی چارەسەری بە پێبەند و دەستبەدنەوە لە نەخۆشخانەدا مابووەوە.
ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی سەرماوەزی ١٣٩٩، ئەم هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی گوندی "لۆرزنە"سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ لەگەڵ دوو هاووڵاتیی دیکە لەلایەن هێزەکانی قەرارگای حەمزەی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا.
پاش دەسبەسەرکرانی ئەم سێ هاووڵاتییە، قەرارگای حەمزە بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ئەوانی بە "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیمی ئێران" تۆمەتبار کردبوو.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی بەفرانباری ١٣٩٩، ئەنوەر چالشی بۆ بەندی بەندکراوانی سیاسیی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرا.
ئەم هاووڵاتییە کوردە شەش ڕۆژ پێش لە ڕاگوێزرانی بۆ بەندی بەندکراوانی سیاسی، پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئەلمەهدیی ورمێوە بۆ بەندی دابڕگەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگوێزرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.