کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی لە شاری سەقز

10:26 - 4 رەشەمه 2724

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی ڕەشەمە ناوەندی فەرهەنگی و فێرکاریی ژیوار له شاری سەقز به بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی و ساڵیادی کۆچی دوایی شاعیر، نووسەر و وەڕگێڕی ناوداری کورد مامۆستا هەژار ڕێوەڕەسمێکی بەڕێوە برد.

ڕێوەڕەسمە بە بەخێرهێنانی میوانەکان و خوێندنەوەی پەخشانێک لەلایەن بەفراو چووپانی، پێشکەشکاری ڕێوڕەسمەکە دەستی پێ کرد.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا دوکتور شەماڵ ئیسماعیلپوور لە وتارێکدا باسی لە  گرینگیی زمانی دایکی و ڕۆڵی مامۆستا هەژار لە خزمەتکردن بە  زمانی دایکی و دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەی کوردی کرد.

لەم ڕێوڕەسمەدا و لە توێی  وتار و باسێکی زانستیی دیکەدا کە لەلایەن وریا نەورۆزییەوە پێشکەش کرا، ڕەخنە لە نایەکسانی و نادادپەروەری لە سیستمی پەروەردە لە ئێراندا گیرا و لە بڕگەکانی دیکەی ڕێوڕەسمەکەشدا چەند وتار و شێعر و ئاهەنگ و حەیران لە لایەن شاعیران، نووسەران و هونەرمەندانەوە پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.

لە بڕگەی کۆتایی ڕێوڕەسمەکەشدا بڕوانامەی دەرچووانی خولێکی ڕێنووسی کوردیی ناوەندی فەرهەنگی و فێرکاریی ژیوار پێشکەش بە دەرچووانی ئەم خولە کرا و هاوکات سپاسنامەیەک لەلایەن ناوەندی ژیوارەوە پێشکەش بە دوکتور شەماڵ سەبارەت بە کار و چالاکیی بەڕێزیان لەپێناو خزمەت بە زمان و هونەر  و کولتووری کوردی کرا.