
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز گوشارەکانی ئەمریکا بە مەبەستی هەناردەکردنی نەوتی هەریمی کوردستان بۆ سەر حکوومەتی ناوەندیی عێراق زیادی کردووە.
ڕۆیتێرز لە زاری چەند سەرچاوەی ئاگادارەوە لە هەولێر کە ناویانی نەهێناوە ڕایگەیاندووە، کۆشکی سپی هەڕەشەی لە دەسەڵاتدارانی بەغدا کردووە کە ئەگەر ڕێگە نەدەن نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکرێت، ئەو سزایانە کە لە سەر ئیران دانراون لە سەر عێراقیش دادەنرێن.
دەسپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت کەمبوونەوەی هەناردەکردنەکانی نەوتی ئێران بەهۆی گوشارەکانی ئەمریکاوە قەرەبوو بکاتەوە.
دەوڵەتی ترامپ لە هەوڵدایە تا بە بڕینی یەکجاریی هەناردەکردنی نەوتی ئێران، گرینگترین سەرچاوەی داهاتەکانی کۆماری ئیسلامی بنبڕ بکات و ڕەوتی دەسپێڕاگەیشتنی بە چەکی ئەتۆمی، ڕابوەستێنێت.
ڕۆژی دووشەممەی حەفتەی ڕابردوو، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاندبوو کە لە حەفتەی داهاتووەوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکاتەوە.
بەهۆی ڕێگرییەکانی بەغدادەوە ماوەی نزیک بە دوو ساڵە کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە.
پێشتر هەولێر ڕۆژانە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕۆژدا و لە ڕێگەی تورکیەوە هەناردەی بازاڕە جیهانییەکان دەکرد.
لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینییەوە کە ڕێگری لە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کراوە، ڕۆژانە نزیک بە ٢٠٠ هەزار بەرمیل بە نرخێکی کەم بەرەو ئێران هەناردە کراوە.
لە ئێستادا ئەمریکا گوشارەکانی خۆی بۆ سەر بەغدا زیاد کردووە کە ئەم نەوتە لە جیاتی چوون بۆ ئێران لە ڕێگەی تورکیەوە بۆ جارێکی دیکە هەناردەی بازاڕە جیهانییەکان بکرێتەوە تاکوو نرخی جیهانیی نەوت زیاد نەبێت.
کۆماری ئیسلامی لەم ساڵانەدا عێراق و سووریەی بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گەمارۆکانی ئەمریکا بە کارهێناوە و لە ئێستادا بە لەدەستچوونی سووریە تەنیا عێراقی بۆ ماوەتەوە.
دۆناڵد ترامپ داوای لە محەممەد شەیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە کە پێوەندییە ئابووری و سەربازییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران بپچڕێنێت.
هەر لەم پێوەندییەدا بانکی ناوەندیی عێراق حەفتەی ڕابردوو بە داخوازیی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا دەسپێڕاگەیشتنی پێنج بانکی تایبەتیی عێراقی بە دۆلاری ئەمریکا ڕاگرت.
ترامپ پێشتر فەرمانی بە وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا دابوو کە دڵنیا بێتەوە چیتر کۆماری ئیسلامی نەتوانێت لە سیستمی دارایی عێراق بۆ پێشێلکردنی گەمارۆکان، کەڵک وەربگرێت.