کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی ناوەندی نووسەرانی ئێران بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی دەسبەسەرکردنی چالاکی فەرهەنگی

11:22 - 4 رەشەمه 2724

ڕۆژی هەینی ٣ی ڕەشەمە، ناوەندی نووسەرانی ئێران، کە گرینگترین ڕێکخراوی نووسەرانی ئێرانە و بەردەوام گوشاری لەسەر بووە و سنووردار کراوە، لە ڕاگەیەندراوێکدا نووسیویەتی کە لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکیدا، شەپۆلێکی بەربڵاوی دەسبەسەرکردنی چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی و چالاکانی بواری زمانی دایکی لە پارێزگا سنوورییەکانی ئێراندا دەستی پێ کردووە.

ناوەندی نووسەرانی ئێران ڕایانگەیاندووە کە دەسبەسەرکردنی توندوتیژانە و خۆسەرانەی هاووڵاتییانی عەرەب، تورک، بەلووچ و کورد لە چەند مانگی ڕابردوودا بەڵگەی ڕوونە لەسەر تێڕوانینی دوژمنکارانەی حکوومەت بۆ سەر چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی لەو پارێزگایانەی کە خەڵکەکەیان بە زمانێکی تر جگە لە زمانی فەرمی قسە دەکەن.

هەروەها کۆماری ئیسلامی لە دەیەکانی ڕابردوودا سنوورێکی بەرفراوانی بۆ فێرکردنی زمانی زگماکی جگە لە زمانی فارسی سەپاندووە و تەنیا بەو هۆکارە خەڵکێکی زۆری دەسبەسەر کردووە.

ناوەندی نووسەرانی ئێران هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەیدا هۆشداریی دا کە پرسی پشتگوێخستن و پێشێلکردنی مافی خوێندن بە زمانێکی دیکە جگە لە زمانی فەرمی هیچ مانایەکی دیکەی جگە لە پێشێلکردنی ئاشکرای مافی ئازادی بیرکردنەوە و ڕادەربڕین نییە، هەروەها حاشاکردنی ڕوونی فرەچەشنیی فەرهەنگییە.

بە وتەی ناوەندی نووسەرانی ئێران، قەدەغەکردنی فێرکردن بە زمانی دایکی، یەکسانە لەگەڵ بە زنجیر بەستنی مرۆڤ.

هەروەها ڕاگەیەندراوە کە گەشەکردنی زمانە جیاوازەکانی وڵات یەکێکە لە پایەکانی پێشکەوتنی کولتووری و پەیوەندی و تێگەیشتنی گەلانی ئێران، و ئەو ناوەندە دژایەتیی خۆی بەرامبەر هەر جۆرە هەڵاواردن و لابردنی بەرهەمەکان لە بواری چاپ و بڵاوکردنەوە بە هەموو زمانەکان دەربڕی.

ناوەندی نووسەران داوای نەهێشتنی هەرچەشنە سنووردارکردنێک، هەڵاواردن، دەسبەسەرکردن و دادگاییکردنی نایاسایی چالاکوانانی مەدەنی، فەرهەنگی و زمانی دایکی کرد.

هەروەها لە هەمان کاتدا ئەنجومەنی مامۆستایانی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، ئاماژەی بەوە کرد کە زمانە غەیرە فارسییەکان لە سەد ساڵی ڕابردوودا پەراوێز خراون.

ئەو ئەنجومەنە ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای ماددەی ١٥ی یاسای بنەڕەتی، نەک هەر ئاسانکارییەک بۆ جێبەجێکردنی نەکراوە، بەڵکوو پەروەردەی خۆبەخشانەی زمانی دایکی لەگەڵ سزای دڕندانە بەرەوڕوو دەبێتەوە لە ئێران.

لە بەشێکی دیکەدا ئاماژە بە زیانی قەرەبوونەکراوەی بێبەشکردن لە خوێندن بە زمانی دایکی و سیاسەتی ئاسێمیلەکردن کراوە کە هەستی جیاکاری و هاووڵاتیی پلە دوو دروست دەکات و هۆشدارییان دا کە نەهێشتنی زمانی دایک بووەتە هۆی جینۆسایدی نەرم و بەرەوپێشبردنی ڕەگەزپەرستی و بڵاوبوونەوەی چەوساندنەوە.