کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە هۆی قەیرانی بژێوی ژیان، کڕینی قیستیی هەموو جۆرە کاڵایەک زیادی کردووە

12:13 - 4 رەشەمه 2724

ژیان لە ئێراندا بەتەواوی بووەتە قیستی و چینی بێبەش و کەمداهات تەنانەت گێزەر و پەتاتە بە دانە و قیست دەکڕن. لە ئێستادا نرخی سەبەتەی بژێوی ژیان، ٣٢ ملیۆن و ٤٤١ هەزار تمەن ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی هەینی ٣ی ڕەشەمە، ئاژانسی هەواڵی کاری ئێران (ئیلنا) لەبارەی زۆربوونی کڕینی قیستی لە نێو ئێرانییەکاندا ڕایگەیاند بەپێی هایپێر سناپ مارکێت کە مارکێتێکی ئانلاینە لە تاران، کەرەج و ئێسفەهان، هەموو کەلوپەلەکانی بەشی سەوزە و میوە ئێستا بە قیست دەفرۆشرێن.

بە پشتبەستن بە نرخەکانی ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەشەمە، ٦ پەتاتە کە کێشیان نزیکەی یەک کیلۆیە، بە نرخی ٩١ هەزار و ٦٤٧ تمەن ؛ ١.٥ کیلۆ پیاز بە ٦٤ هەزار و تمەن و یەک کیلۆ خیار بە ٦٩ هەزار تمەن بە قیست فرۆشراوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە بە پێی ڕاپۆرتە حکوومەتییەکان نرخی هەر  کیلۆیەک پەتاتە بە ٢٩ هەزار و ٥٠٠ تمەن ڕاگەیەندراوە، بەڵام لە بازاڕەکاندا نرخی پەتاتە چەند هێندە بەرزترە.

نرخی هەر کیلۆیەک پەتاتە لە بازاڕدا لە مانگی خاکەلێوەدا نزیکەی ٢٠ هەزار تمەن بووە، دوای ١١ مانگ گەیشتە نزیکەی ٦٠ هەزار تمەن لە ماوەی چەند مانگێکدا هەڵاوسانی ٣٠٠٪ لەسەر ئەم کاڵایە سەپێنراوە. هەروەها برنج و گۆشت لەگەڵ هەڵاوسانی ١٠٠٪ یان زیاتر ڕووبەڕوو بوونەتەوە و لە بازاڕدا بە قیستی دەفرۆشرێت.

فەرامەرز تۆفیقی، چالاکوانی ڕێکخراوی فەرمیی کرێکاری، لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە کەلوپەلی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی لە جلوبەرگ و گۆشتەوە تا پەتاتە و گێزەر بە قیست و بە دانە دەفرۆشرێن، بەڵام لە پشتپەردەی ئەو دۆخەدا، نەخۆشیی میتابۆلیک و بەدخۆراکی و ململانێی خێزانەکان بۆ تێپەڕاندنی ژیان هەیە و بەم شێوەیە ژیانکردن زۆر ئەستەمە.

ڕۆژنامەی شەرق ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی ڕێبەندان بڵاوی کردەوە، دوای بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخەکان، شەپۆلێکی هەڵاوسان پێش وادەی خۆی گەیشتە بازاڕەکان، ئەو ڕۆژنامەیە بە پشتبەستن بە شارەزایان پێشبینی کردووە کە نرخی یەک دۆلار تا کۆتایی ئەمساڵ بگاتە ١٠٠ هەزار تمەن و هەڵاوسان دەگاتە ٤٠٪ و بەم نزیکانە نرخی ماشین و خانووبەرەش بە ڕێژەیەکی زۆر بەرز دەبێتەوە.