کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چارەنووسی هاووڵاتییەک پاش زیاتر لە ١٠ ڕۆژ دەسبەسەرکران ناڕوونە

09:50 - 13 رێبەندان 2724

سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ١٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و توندوتیژانەی بێنیامین ڕەحیمپوور، هاووڵاتیی کوردی دانیشتووی سنە سەبارەت بە چارەنووسی ناوبراو لە گرتنگەی شارامفەری سنەدا هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و وڵامی ئیتلاعاتی سپا بۆ بەدواداچوونی بنەماڵەی ناوبراو، هەڕەشەی دەسبەسەرکردن، دەستداگرتن بەسەر مۆبایل و بیڕێزی و جنێودان بووە.

بەپێی زانیارییەکان بێنیامین ڕەحیمپوور لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن و پێوەندیی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، "بێنیامین ڕەحیمپوور" هاووڵاتیی تەمەن ٣٣ ساڵی خەڵکی گوندی "ئەوێهەنگ" و دانیشتووی سنە، بە شێوەی توندوتیژانە بە هێرشی زیاتر لە ١٠ کەس هێزی ئەمنییەتی بۆ سەر دووکانەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای شارامفەری سنە ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ زیاتر لە دە کەس هێزی ئەمنییەتی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر دووکانەکەی "بێنیامین ڕيحیمپوور" لە سنە و ویرای دەسبەسەرکردنی توندوتیژانەی و بێڕێزی بەم هاووڵاتییە کوردە، کامێرای دووکانەکەشیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی بێنیامین ڕەحیمپوور زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بێنیامین ڕەحیمپوور، کوڕی مووسا، خەڵکی گوندی "ئەوێهەنگ" سەر بە شاری سنە و دانیشتووی ئەم شارەیە. ناوبراو خێزاندارە و منداڵی هەیە.