
بەپێی ڕاپۆرتێک کە هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕێگەی کۆمەڵێک داتاوە بە دەستی هێناوە، حکوومەتی ڕووسیە دەیان کەسی بەهۆی ڕوانگە سیاسییەکانیانەوە بە ناچار خستووەتە ژێر کاریگەرییەکانی دەرمانی دەروون پزیشکییەوە.
ڕۆیتێرز بە لێکۆڵینەوە لە داتاکانی کارناسێکی نێونەتەوەیی و دوو گرووپی مافی مرۆڤی لە ڕووسیە و هەروەها وتووێژ لەگەڵ چەند پارێزەر، بڵاوی کردووەتەوە کە دوو چالاکی ژن لە ڕووسیە بە حوکمی دادگا ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی دەروون پزیشکی لە ناوچەی "سیبری" کراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانێکی ڕووسی پاش ئەوەی کە بابەتێکی لە سەر هێزە چەکدارەکانی ڕووسیە لە ڕۆژنامەیەکدا بڵاو کردووەتەوە، لەلایەن دادگاوە تۆمەتبار و ناچار بەوە کراوە کە لە نەخۆشخانەیەکی دەروون پزیشکی بخرێتە ژێر چاوەدێرییەوە.
ئەم جۆرە سەرکوتە پێشتریش بە شێوەیەکی بەربڵاو لەلایەن یەکییەتی سۆڤییەتەوە بۆ سەرکوتی ئەو کەسانە کە دژایەتییان لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەم یەکییەتییە هەبوو ئەنجام دراوە.
هەروەها لە ئێرانیش، کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوتی دژبەرانی خۆی لەم ڕێگەیە کەڵکی وەرگرتووە و بەتایبەتی لە کاتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، چەند کەسێکی لەم ڕێگەیەوە ئەشکەنجە داوە.
هەر لەم پێوەندییەدا کەمپەینێک بە ناوی "ئەشکەنجە دەرمانی، کوشتنی بەئەنقەستی بێدەنگی دەوڵەتی"، سەبارەت بە ئەشکەنجەکان لە ڕێگەی دەرمانی دەروون پزیشکییەوە لە بەندیخانەکانی ئێران لە ٢٥ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە.
ئەم کەمپەینە لە ڕاپۆرتەکەیدا کە لە قسەکانی شایەتحاڵان و دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی بزووتنەوەی ژینا و بەندکراوانی سیاسیی ساڵانی پێشووتر وەرگیرابوو، باسی لە سیستماتیکبوونی ئەم جۆرە لە ئەشکەنجە بۆ سەرکوتی دژبەران لە ئێران لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە کردبوو.
لە یەکێک لە نوێترین حاڵەتەکانی کەڵکوەرگرتنی کۆماری ئیسلامی لەم جۆرە سەرکوتە، خوێندکارێکی زانکۆی "ئازادی ئیسلامی"ـی تاران بە ناوی "ئاهوو دەریایی"پاش ئەوەی کە مەئموورانی حەراسەتی زانکۆ دەیانویست لە ڕێگەی زۆرەوە بیبەنە نێو ژووری حەراسەتی زانکۆوە و بەشێک لە جلەکانی دەردێنن، بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە سیاسەتی حیجابی زۆرەملێی کۆماری ئیسلامی، خۆی بەشێکی دیکە لە جلەکانی دەردێنێت و پاشان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە بیانووی کێشەی دەروونییەوە دەخرێتە ژێر کاریگەرییەکانی دەرمانە دەروون پزیشکییەکانەوە.
لە ئێستادا ڕووسیە و ئێران هاوشێوەی یەکییەتی سۆڤییەت لە ساڵەکانی ١٩٦٠ تا ١٩٨٠ زایینی لە شێوەیەک لە سەرکوت کەڵک وەردەگرن کە بە "دەروون پزیشکیی سزایی" دەناسریت.