کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باسێک لە کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان

18:32 - 4 رەشەمه 2724

باسێک لە کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان

عومەر باڵەکی

کۆنگرەی ١٧ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەژێر ناوی کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان ئێوارەی ڕۆژی ١٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی (٤ی فێورییەی ٢٠٢٥ی زایینی)، کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا و کاتێک یەکەم بەیاننامەی کومیتەی ناوەندیی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی یەکگرتنەوە ڕوو بە خەڵکی کوردستان و ئەندامان و دۆستانی حیزب بڵاو بۆوە، هەواڵەکە  لە لایەک  بوو بە مایەی دڵخۆشی و شادمانی ئەندامان و لاینگرانی حیزبی دێموکرات و هەموو دڵسۆزانی بزاڤی مافخوازنەی خەڵکی کوردستان و، لە لایەکی دیکەوە بوو  بە مایەی پێ‌ناخۆشبوون، تووڕەیی و سەرسووڕمانی دەسەڵاتدارانی تاران. لە هەمان کاتدا لە نێوان دۆست و نەیاردا بۆچوونی جۆراوجۆر لەسەر شیوازی بەڕێوەچوون و ئاکامەکانی کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان هاتە ئاراوە کە کۆمەڵێکی بەرچاو لە بۆچوونەکان پێویستە جیگای سەرنجی کومیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٧ی دێموکراتەکان بێت. کۆمەڵێک بۆچوونی دیکەش هەبوون کە نووسەرەکانیان هەموو کات بە چاک و خراپ لە خەتی دژایەتیی حیزبی دێموکراتدا بوون و ئەو دەستە لە ڕاستیدا نە بەشداریی خەباتی بەکردەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان بوون و نە لە شێوازی حیزبایەتی دەزانن، بۆیە بۆچوونەکانیان ناتوانی یارمەتیدەری کاروتێکۆشانی دواڕۆژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بێ.

کۆنگرەی ئەمجارەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دوو بوارەوە لەگەڵ کۆنگرەکانی دیکەی حیزب جیاوازیی بەرچاوی هەبوو.

یەکەم، لە بواری تەشکیلاتییەوە هەروەک لە ناوەکەیەوە دیارە کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان بوو، بەو مانایە دوای ١٦ ساڵ لە یەکدابرانی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات لە پرۆسەی یەکگرتنەوەی هەر دوو حیزبدا توانرا لەژێر ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، حیزبی دێموکراتی یەکگرتوو کۆنگرە بگرێ و ئەرکەکانی خۆی سەرکەوتوانە و بە شێوەیەکی زۆر دێموکراتێک جێبەجێ بکا.

دووهەم، کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان لە هەلومەرجێکی بە تەواوی ئەمنییەتی و لەژێر گوشار و هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بە شێوازێکی بەتەواوی جیاواز بەڕێوە چوو، و کاتێک هەواڵی کۆتایی‌هاتنی کۆنگرە بڵاو بووە، دەزگا ئەمنییەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران تووشی حەپەسان و سەرسوورمان بوون.

بۆ هەر حیزبێکی سیاسیی  کە باوەڕی بە دێموکراسی هەبێ، گرتنی کۆنگرە بە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی ئەو حیزبە دادەنرێ، بەو مانایە کە گرتنی کۆنگرە هەم پێداچوونەوەیە بە سیاست و کردەوەکانی نێوانی دوو کۆنگرەی حیزب و لە هەمان کاتدا داڕشتنی خەتی گشتیی سیاسەتی حیزب و باوەڕ بە دەستاودەست‌کردنی بەڕێوەبەریی حیزب لە ڕێگای هەڵبژاردنی ئازد و ڕاستەوخۆ و نهێنییە. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە سوور بووە لەسەر جیبەجی‌کردنی ئەو بنەمایە و هیچ کۆسپ و لەمپەرێک نەیتوانیوە ڕێگر بێ لەسەر ئامادەکاری بۆ گرتنی کۆنگرە.

ئەگەر چاو بە مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا بگێڕین دەبینین بەپێی ئەو هەلومەرجەی حیزب تێیدا ژیاوە هەموو هەوڵیک ئەوە بووە کۆنگرە لە کات و ساتی خۆیدا بەڕێوە بچێ، بەڵام زۆر جاران چ لە سەردەمی ڕیژیمی پاشایەتی و چ لە سەردەمی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا لە لایەن دەوڵەتانی دەسەڵاتدار لە تاران هەوڵ دراوە پێش بە بەڕێوەچوونی کۆنگرەکانی حیزب بگیردرێ. بۆ کۆنگرەی ئەمجارەش ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕێگای دامودەزگا هەواڵگری و ئەمنییەتیەکانیەوە زۆر لە هەولی ئەوەدا بوو پێش بە گرتنی کۆنگرە بگرێ و ئەگەر بۆی نەکرا لانی کەم زانیاریی لە کات و شوێنی کۆنگرە دەدست بکەوی بۆ ئەوەی زەبری لێ بوەشێنن و بتوانن کۆسپ لە بەردەمد بەرێوەچوونیدا دروست بکەن. بەڵام سەرنەکەوتن و بەخۆشییەوە وریایی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتی حیزب و هاوکاری هەمەلایەنەی تەشکیلاتی حیزب  هەرهەموو پیلانەکانی دوژمنی پوچەڵ کردەوە و لەو کات و شوێنی دیاریکراودا کۆنگرە دەستی بە کارەکانی خۆی کرد و هەموو ئەو ئەرکانەی بەپێی پێڕەوی نێوخۆی حیزب دیاری کرابوو، بە ئەنجامی گەیاندن.

بۆ ئەوەی خوێنەری بەرێز زیاتر ئاشنا بێ بە شێوازی کارکردنی کۆنگرەی حیزبی دێموکرات پێویستە باس لەو ئەرک و دەسەڵاتانەی کۆنگرە بکەین کە لە پێڕەوی نێوخۆی حیزبدا هاتوون. بەپێی پێڕەوی نێوخۆی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆنگرە بەرزترین ئورگانی حیزبە و ئەرکەکانی لە چوار خاڵدا دەست نێشان کراوە:

١. هەڵسەنگاندن بۆ ڕاپۆرتی کومیتەی ناوەندی لە نێوان دوو کۆنگرە دەکا و بریاری لەسەر دەدا. ٢. ڕێبازی گشتی، ستراتیژی و تاکتیکی حیزب دیاری دەکا.  ٣. بەرنامەو پێڕەوی نێوخۆی حیزب بەپێی پێویست دەستکاری و پەسند دەکا. ٤. کۆنگرە ئەندامانی ئەسلی و جێگرانی کومیتەی ناوەندی بە دەنگی نهینی و ڕاستەخۆ لە نێو ئەندامانی بەشدار لە کۆنگرەدا هەڵدەبژێرێ.

- ڕاپۆرتی کومیتەی ناوەندییش باس لە کار و تێکۆشانی ڕێبەرایەتیی حیزبە لە نێوان دوو کۆنگرەدا، بەو مانایە نیشاندەری ڕادەی کارکردنی ڕێبەرییە بۆ جێبەجێ‌کردنی بڕیارەکانی کۆنگرەی پیشوو. ڕاپۆرتی کومیتەی ناوەندی لەگەڵ ئەوەدا وێنەیەک لە ڕابردوو نیشان دەدا، ڕێکاریش بۆ داهاتوو دەست‌نیشان و هەروەها بە لەبەر چاوگرتنی هەلومەرج و گۆڕانکارییەکان و شیکردنەوە و لێکدانەوەیان ڕێباز و تاکتیکەکان بە کۆنگرە پێشنیار دەکات. ڕاپۆرتی کومیتەی ناوەندی، ڕاپۆرتی کاروتێکۆشانی کەسێک یا خۆ ئۆرگانیکی حیزب نییە، بەڵکوو ئاکامی کاری بەکۆمەڵ و پوختەی تێڕوانین و بیری جەمعییە کە کۆنگرە بڕیاری کۆتایی لەسەر دەدا و دەبێتە بەڵگەیەکی کاریی حیزب.

- بەشێکی دیکەی کاری کۆنگرە، دیاریکردنی ڕێبازی گشتیی سیاسی، ئیستراتیژی و تاکتیکی حیزبە. ئەو باسە لەگەڵ تەوەری یەکەم پێوەندی ڕاستەوخۆی هەیە، واتە ڕێبازی گشتی لە سیاسەتی حیزب سەرچاوەگرتوو لە خوێندەوە و لێکدانەوەی باسە سیاسیەکانی نێو ڕاپۆرتی کومیتەی ناوەندی بۆ کۆنگرەیە. باس و لێکدانەوەی نوێنەرانی بەشدار لە کۆنگرە لەسەر بابەتە جۆراوجۆرەکانی سیاسی کە هەرکامیان لە ڕوانگەی خۆیانەوە هەڵیدەسەنگێنن و لە ئاکامدا ڕاو و بۆچوون و پیشنیارە هاوبەشەکان دەستەبەندی دەکرین و دەبن بە بنەمای ڕێباز و سیاسەتی داهاتوومان و لە دوو بڕیارنامەی نێوخۆیی و دەرکیدا کۆبەند دەکرێن و دەبن بە ڕێنیشاندەری کومیتەی ناوەندی بۆ کاروتێکۆشان.

- بەشیکی دیکەی کاری کۆنگرە پێداچوونەوە و دەستکاری پێویست لە بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی حیزبە. ئەو دەستکاری‌کردنە بە لەبەرچاو گرتنی هەلومەرجی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی ئێران و کوردستان دەبێ. بەرنامەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ناسنامە و نیشاندەری شوناسی حیزبە. بنەما و جەوهەری بەرنامەی حیزب لە تێکۆشان لەپێناو دێموکراسی و ئازادی و مافی نەتەوایەتی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتیدا خۆ دەنوێنێ. لە ڕاستیدا ئەوانە کۆڵەکەی ئەسڵی ڕێبازی حیزبن و بەرنامەی حیزب لەژێر ڕوناکایی ئەو بنەمایانەدا گەڵاڵە دەکرێ و بە پەسندی کۆنگرە دەگا.

- بەشی کۆتایی کاری کۆنگرە هەڵبژاردنی کومیتەی ناوەندیی حیزبە کە لە نێوان دوو کۆنگرەدا ئەرکی ڕێبەرایەتیی حیزبی دەکەوێتە سەر شان. هەڵبژاردنی ئەندامانی ڕێبەریی حیزب لە کۆنگرە نێشانی ئەوەیە کە بەدەنەی حیزب لە ڕێگای نوێنەرانیەوە لە دیاریکردنی ڕێبەریدا ڕۆڵی هەیە. بەو مانایە کە ڕێبەری بەرپرسیار دەکا لە بەرانبەر تەشکیلات و ڕێکخستنەکانی حیزبیدا وڵامدەر بێ. بۆیە کومیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی کۆنگرە دەبێ ئەوە بزانی هەم نوێنەری ئەو کەسانەیە کە دەنگیان پێداوە و هەم نوێنەری ئەوانەیە دەنگیان پێ‌نەداوە؛ چونکە هەرکام لەو نوێنەرانە، نوێنەرایەتیی بەشێکی بەدەنەی حیزب دەکەن.

بەو کورتە خوێندنەوە لە ئەرکەکانی کۆنگرەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێویستە ئاماژە بەو بابەتەکە بکەین کە لە کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکاندا ئەم ئەرکانە بەباشی بەڕێوە چوون و بەڵگەنامەکان پەسند کراون. بێگومان هێزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرچاوگرتوو لە پێگەی جەماوەریی خەڵکی کوردستان و توانای ئەندامەکانی‌دایە. حیزبی دێموکرات زۆر قۆناخی پڕ مەترسیی بە هۆی لەخۆبوردوویی و یەکگرتوویی ئەندامان و پشتگیریی خەڵکی کوردستان بڕیوە و سەربەرزانە لێی هاتووەتە دەر و بە هەوڵ و هیمەتی کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی زۆر برینی قووڵی ساڕێژ کردۆتەوە. هەربۆیە بەحەق دەگوترێ ئەو حیزبە ئەمانەتی خەڵکی کوردستان و تێکۆشەران و بنەماڵەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسییە کە بە ئێمە سپێردراوە و ئەرکە بە یەکڕیزی تەشکیلاتیی حیزب، ئەو ئەمانەتە بپارێزین.