کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەیشولعەدل بەرپرسایەتیی هێرشەکەی چابەهاری گرتە ئەستۆ

11:30 - 5 رەشەمه 2724

ڕێکخراوی جەیشولعەدل بەرپرسایەتیی هێرش بۆ سەر بینای ستادی ڕێکخستنی گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی چابەهار کە سەر بە "بونیاد مەسکەن"ـی ڕێژیمەی، گرتە ئەستۆ.

ئەم ڕێکخراوە بەلووچە ڕۆژی شەممە ٤ی ڕەشەمە و چەند کاتژمێر پاش ڕووداوەکە، بە دەرکردنی بەیاننامەیەک بەرپرسایەتیی هێرش بۆ سەر بینایەکی ژێربەشی بونیاد مەسکەنی ڕێژیمی لە شاری چابەهار گرتە ئەستۆ.

بەپێی زانیارییەکانی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، ئەندامانی جەیشولعەدل پاش ئەوەی کە هەموو کارمەندەکان لە نێو بیناکە دەکەنە دەرەوە، بیناکە دەتەقێننەوە.

جەیشولعەدل لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاندووە کە داگیرکردنی زەوی و موڵکی خەڵکی بەلووچ بەتایبەتی لە چوارچێوەی گەڵاڵەی "گەشەدانی کەناراوەکانی مەکۆران" کە بووەتە هۆی گۆڕینی دێمۆگرافی و سڕێنەوەی ناسنامەی کولتووریی خەڵکی ناوچەکە، هۆکاری هێرشەکەی ڕۆژی ڕابردوو بووە.

هەر لەم پێوەندییەدا و هاوکات لەگەڵ هێرشەکەی چابەهار، یەکێک لە کارمەندانی بونیادی مەسکەنی زاهێدان پاش چوونەدەرەوە لە شوێنی کارەکەی لەلایەن ئەندامانی جەیشولعەدلەوە کرایە ئامانج و بریندار بوو.

جەیشولعەدل ئەم کەسەی بە بەڕێوەبەری گشتیی بونیادی مەسکەنی پارێزگای بەلووچستان ناو بردووە و ڕاشیگەیاندووە کە لە هێرشەکەدا کوژراوە.

هێرشەکانی ڕێکخراوی جەیشولعەدل لە پشتیوانی لە خەڵکی ستەملێکراوی بەلووچ پاش کوشتن و بریندارکردنی دەیان کەس لە ڕەزبەری ساڵی ١٤٠١ لەلایەن چەکدارەکانی ڕێژیمەوە لە زاهێدان کە بە ڕۆژی هەینیی خوێناویی زاهێدان ناودێر کرا، پەرەی سەندووە.

لەم ماوەیەدا ژمارەیەک لە هێزە ئەمنی و سەرکوتکەرەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لەلایەن هێزەکانی ئەم ڕێکخراوە بەلووچەوە کوژراون.