کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی یەکەمین دیداری هەژاری موکریانی لە هەولێر

11:35 - 5 رەشەمه 2724

لە ڕێوڕەسمێکی شایان و بەشکۆدا یەکەمین دیداری هەژاری موکریانی لەسەر تەوەری "هەژار و زمان" بەڕێوە چوو.

لەم ڕێوڕەسمەدا کە ڕۆژی شەممە، ٤ی ڕەشەمە لە هەولێر، پێتەختی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو، ڕێز لە تەمەنێک خۆبەختکردنی مامۆستا هەژاری موکریانی بۆ خزمەتکردن بە زمان و وێژەی کوردی گیرا و خەڵاتی زێڕینی هەژار موکریانی پێشکێش بە "ئەوڕەحمانی حاجی مارف" کرا.

لە بەشی دەسپێکی یەکەمین دیداری هەژاری موکریانی‌دا پاش وتاری بەخێرهێنان لەلایەن د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دێموکراتی کوردستان، دێکیۆمێنتاریی "هەژار موکریانی، قەڵەمێک لەپێناو کوردستاندا" پێشان درا و پەیامی بنەماڵەی مامۆستا هەژار لەلایەن خانی هەژار موکریانییەوە پێشکێش کرا. هەروەها دوای چەند سترانێکی گرووپی مۆسیقیی یار کە لە شاری سنەوە بانگهێشت کرابوون و شێعری سترانەکانیان لە مامۆستا هەژار موکریانی وەرگرتبوو، پێشانگایەکی وێنەیی وێستگەکانی ژیان و تەمەنی مامۆستا هەژار بەڕووی بەشداراندا کرایەوە.

باسە ئەدەبی و زانستییەکانی یەکەمین دیداری هەژاری موکریانی کە لە سێ پانێلدا پێشکێش کران بریتی بوون لە:

"زمانی کوردی لە هەژارەوە هەتا ئەمڕۆ" لەلایەن ناسر حیسامی، "گرفتەکانی بەردەم زمانی یەکگرتوو" لەلایەن پڕۆفیسور هۆگر مەحموود ، "داڕشتنی بەرنامەی زمانی، دیاردەیەکی هاوچەرخ" لەلایەن د. کامڕان ڕەحیمی، "فەرهەنگی هاوچەرخ و گەورەی کورد" لەلایەن د. کوردستان موکریانی، "کاری فەرهەنگ‌نووسی لە دیدی هەژار موکریانیدا" لەلایەن پڕۆفیسور شەهاب شێخ‌تەیب، "گرینگیی ڕێنووس لە فەرهەنگ‌نووسیدا" لەلایەن دیاکۆ هاشمی، "بەدیجیتاڵ‌کردنی سامانی زمانی، ڕێکارەکان، پێویستی و دەرفەتەکان" لەلایەن حامید کۆنەپووشی، "کەلک‌وەرگرتن لە ئامرازەکانی ژیریی دەسکرد بۆ پێشخستنی زمانی کوردی" لەلایەن د. شەهێن عەبدوڵڵا و "دۆخی ئێستای تێکنۆلۆژییەکانی زمانی کوردی، بەربەستەکان و هەلەکانی بەردەم ئەم زمانە" لەلایەن د. ئاران ئەمینی.

لە بەشی کۆتایی ئەم دیدارەدا کە بەشداریی زیاتر لە ٥٠٠ نووسەر، وەرگێڕ، کەسایەتیی سیاسی و ئاکادیمیی چوارپارچەی کوردستان بەڕێوە چوو، ڕاسپاردەکانی یەکەمین دیداری هەژاری موکریانی وەک پێشنیار خرانە بەر دید و باس.

شایانی باسە هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر بانگهێشتی خانەخوێ بە سەرپەرستیی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە، سیمای ناسراوی حیزبی دێموکرات و هاوڕێی نیزیکی مامۆستا هەژار کە فەرهەنگۆکی "گوڵ‌چنینەوە"ی بۆ فەرهەنگی هەنبانەبۆرینە"ی مامۆستا هەژار نووسیوە، لەم ڕێوڕەسمە ئەدەبییەدا بەشدار بوون.