
لە مانگی ڕێبەنداندا ڕێژەی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ گەیشتە ٣٥.٣٪ و هەڵاوسانی مانگانە گەیشتە ٤.١٪ و بەرزبوونەوەی نرخی دراوی بیانی و کەلوپەلی خۆراک وەک هۆکاری سەرەکیی هەڵاوسان دەستنیشان کراون.
ئەم ئامارە ئاماژەیە بۆ بازدانی هەڵاوسان لە بەشی مانگانەدا، کە لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و گەشەی نرخی دراو لە بازاڕدا دروست بووە. هەروەها پێوەرەکانی نرخی خەرجی بنەماڵەکان لە ئێراندا گەیشتووەتە زیاتر لە ٣٠٥، ئەمەش ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاریی بەرچاو لە سەبەتەی بژێوی ژیانی بنەماڵەکان.
هەروەها لە شیکردنەوەی گۆڕانکارییەکانی ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانەی وڵاتدا، تێکڕای هەڵاوسان ٣٢٪ بووە ئەمەش جیاوازی لە نێوان دەهەکەجیاوازەکانی دابەشکردنی داهاتدا نیشان دەدات، بە جۆرێک کە هەڵاوسان لە دەهەکی یەکەم و دووهەمدا ٣٠.٣٪ و لە دەهەکی نۆیەمدا ٣٢.٤٪ـه.
هەروەها جیاوازیی هەڵاوسانی نێوان دەهەکەکان لەم مانگەدا گەیشتە ٢.١ خاڵ، کە بە بەراورد بە مانگی پێشوو ٠.٦ خاڵ کەمی کردووە.
یەکێک لە بابەتە دیارەکانی ئەم ڕاپۆرتە شیکارییە، هەڵاوسانی خۆراکە کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر بژێوی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە هەیە.
بۆ نموونە لە مانگی ڕێبەنداندا، گەشەی نرخی سەوزە و دانەوێڵە، بە بەراورد بە مانگی بەفرانبار ١٧٪ هەڵاوساوە و لە ڕیزبەندی یەکەمی ماددە خۆراکییەکاندایە، و میوە و وشکبارەکان بە ڕێژەی هەڵاوسان نزیکەی ٩٪ لە پلەی دووهەمدان.
هەروەها جگە لە خۆراک، بازاڕی دەرمانیش ڕووبەڕووی قەیرانێکی جیددی بووەتەوە. کەمبوونەوەی دابینکردن و زێدەڕۆیی لە بەرزبوونەوەی نرخی دەرمان، ژیان و تەندروستیی هاووڵاتییانی خستۆتە مەترسییەوە.
هەڵاوسانی نرخی دەرمان لە چەند مانگی ڕابردوودا گەیشتووەتە ئاستێک کە پسپۆڕانی تەندروستی هۆشداری دەدەن لەوەی لە مانگەکانی یەکەمی ساڵی داهاتوودا شاهیدی بەرزبوونەوەی چەند هێندەی نرخی دەرمان و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان دەبین.
لە مانگی ڕێبەنداندا، ڕاپۆرتە مەیدانییەکان دەریانخست کە تەنانەت پێش کۆتایی ساڵ، جۆرەها حەب کە نرخی ٢٠ هەزار تمەنیان بوو بە نرخێکی نوێ کە ٥٠ هەزار تمەن بوو دەفرۆشرێن، مەڵهەمەکانیش کە نرخی ١٢ هەزار تمەن بوو بە نرخێکی سێ هێندە زیاتر دەفرۆشرێن.
هەروەها بینەری بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخەکان لە گرووپی دەرمانی دەرزییەکان بووینەوە. بۆ نموونە دێگزامێتازۆن لە ٧ هەزار تمەنەوە بۆ ١٩ هەزار تۆمان زیادی کردووە و سێنسۆرەکانی قەندی خوێن لە ٤ ملیۆن تمەنەوە بۆ زیاتر لە ٨ ملیۆن تمەن زیادی کردووە.
بە چاوخشاندنێکی گشتی بە سەرنجەکانی پسپۆڕان و ئەو زانیارییانەی کە پێشکەش کراون، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە سەرەڕای هەوڵە ڕاگەیەندراوەکانی بانکی ناوەندی، سیاسەتەکانی دراوی بیانی و تەرخانکردنی سەرچاوەکان نەیانتوانیوە کاریگەرییەکانی هەڵاوسانی توند لە بازاڕدا قەرەبوو بکەنەوە.