
هه‌واڵده‌رییه‌کانی ڕێژیم باسیان له‌وه کردووه که ده‌وڵه‌تی لوبنان بۆ ڕێوڕه‌سمی ناشتنی حه‌سه‌ن نه‌سرۆڵڵا مه‌سعوود پزشکییانی بانگ نه‌کردووه.
به‌پێی هه‌واڵێک که هه‌واڵده‌ریی فارسی ڕێژیم بڵاوی کردووه‌ته‌وه سه‌ره‌ڕای خۆ ئاماده‌کردنی مه‌سعوود پزشکییان بۆ به‌شدارییکردن له ڕێوڕەسمی ناشتنی حه‌سه‌ن نه‌سرۆڵڵا ڕێبه‌ری گرووپی حیزبوڵڵا، ده‌وڵه‌تی لوبنان ئه‌و به‌رپرسه‌ی ڕێژیمی به‌شێوه‌ی فه‌رمیی بانگ نه‌کردووه.
هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه‌دا واشینگتۆن پۆست ڕاپۆرتێکی له‌مه‌ڕ ورده‌کارییه‌کانی ڕێوڕه‌سمی ناشتنی حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا بڵاو کرده‌وه که باسی له‌وه کردووه که ڕاگرتنی فڕینی فڕۆکه موسافربه‌رییه‌کانی ئێران بۆ لوبنان بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی لایه‌نگرانی ئه‌و به‌رپرسه کوژراوه‌ی ده‌ستی ئیسرائیل، ناچار بوونه بۆ به‌شداریکردن له‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا بچنه عێراق و له‌و وڵاته‌وه خۆیان بگه‌یێننه به‌یرووت.
له حه‌فته‌ی ڕابردوودا ئه‌رته‌شی ئیسرائیل ڕێژیمی ئێرانی به‌وه تاوانبار کرد که له فڕۆکه مه‌ده‌نییه‌کان بۆ قاچاخی پاره‌ی نه‌خت بۆ به‌یرووت به مه‌به‌ستی هاوکاریی حیزبوڵڵا که‌ڵک وه‌رگیراوه و به‌و هۆیه‌وه ده‌وڵه‌تی لوبنان مۆڵه‌تی نیشتنه‌وه‌ی فڕۆکه‌ی ڕێژیمی له فڕۆکه‌خانه‌ی به‌یرووت هه‌ڵوه‌شانده‌وه.
هه‌ر به‌پێی ئه‌و ڕاپۆرته‌ی واشینگتۆن پۆست، ته‌نیا به‌رپرسێکی ڕێژیم که بانگهێشتی ئه‌و ڕێوڕه‌سمه کراوه محه‌ممه‌دباقر قاڵیباف، سه‌رۆکی مه‌جلیسی ڕێژیم بووه که بەشداریی ناوبراویش له سه‌ر بانگهێشتی نه‌بییه به‌ری، سه‌رۆکی مه‌جلیسی لوبنان بووە.
هه‌روه‌ها جۆ ڤیلسۆن، نوێنه‌ری کۆماریخوازه‌کانی ئه‌مریکا، ئه‌و سیاسه‌تمه‌دارانه‌ی لوبنان که ده‌یانه‌وێت له ڕێوڕه‌سمی ناشتنی ته‌رمی "تێرۆریستی جینایه‌تکار، حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا" به‌شداریی بکه‌نی سه‌رکۆنه کرد.
هه‌روه‌ها ناوبراو ڕایگه‌یاندووه: "هه‌ر که‌سێک له‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا به‌شداریی بکات به‌شێکه له ڕێژیمی ئێران".
حیزبوڵڵا له‌لایه‌ن ئه‌مریکا و هه‌ندێک له هاوپه‌یمانه‌کانیه‌وه وه‌کوو گرووپێکی تێرۆریستی ده‌ناسرێت.
شایانی باسه یه‌کێک له گه‌وره‌ترین و شوێندانه‌رترین هێرشه ئامانجدارانه‌کانی ئیسرائیل له ساڵانی ڕابردوودا، به ئامانجگرتنی بنکه‌ی فه‌رمانده‌یی حیزبوڵڵا له ڕۆژی ٦ی ڕه‌زبه‌ر بوو.
هه‌روه‌ها له‌و هێرشه‌دا هاوکات له‌گه‌ڵ نه‌سرۆڵڵا جێگری عه‌مه‌ڵیاتیی سپای پاسدارانیش له‌و هێرشه‌ی ئیسرائیل‌دا کوژرا.
ته‌رمی نه‌سروڵڵا به شێوه‌ی کاتی و له شوینێکی نهێنیدا ناشتراوه و له ئێستادا له دوای ٥ مانگ له دوای کوژرانی بڕیاره له‌لایه‌ن حیزبوڵڵاوه ئەمڕۆ یه‌کشه‌ممه ٥ی ڕه‌شه‌مه له یاریگای ورزشیی سه‌ره‌کیی به‌یرووتدا و له ڕێوه‌ڕه‌سمێکی فه‌رمیدا دووباره بنێژرێته‌وه.
حه‌سه‌ن نه‌سرۆڵڵا ڕێبه‌ری گرووپی حیزبوڵڵایه و یه‌کێک له ده‌ستوپێوه‌ندییه ناسراوه‌کانی ڕێژیم له ناوچه‌که له قه‌ڵه‌م ده‌درێت، که ڕۆژی ٦ی ڕه‌زبه‌ری ئه‌مساڵ به‌هۆی هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیله‌وه له باشووری به‌یرووتدا کوژرا.