
محەممەد شەریقی موقەدەم بەرپرسی گشتیی ماڵی پەرستاران لە چاوپێکەوتنێکدا باسی لە کێشە و گرفتەکانی بەردەم ژیانی پەرستارانی ئێران کرد و جەختی لەوە کردەوە کە یەکێک لە هۆکارە هەرە گرینگەکانی کۆچی پەرستارانی ئێرانی جیاوازیی گەورەی مووچه و بارودۆخی کارکردنیان لە ئێرانە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە بارودۆخی پەرستاران لە ئێران بە جۆرێکە کە زۆرێکیان بە هۆی بارودۆخی سەخت و کەمیی مووچەوە واز لە کارەکانیان دێنن و کۆچ دەکەن بۆ وڵاتانی دیکە.
هەروەها بڵاو کراوەتەوە کە لە ئێستادا بەپێی ئامارەکانی بەشی پەرستاری، ساڵانە نزیکەی چوار هەزار پەرستار کارەکانیان بەجێ دەهێڵن. جگە لەوەش خراپیی بارودۆخی کارکردن، وەکوو زیادەکاریی زۆرەملێ و مووچەی نادادپەروەرانە بۆ پەرستاران، هۆکاری سەرەکیی جێهێشتنی ئەو کارەیە.
شەریفی موقەدەم هەروەها ئاماژەی بە ئاماری ٥٠ هەزار پەرستار کرد کە لە ماڵەوەن و وتی کە زۆرێک لە پەرستاران پێیان باشە لە ماڵەوە بمێننەوە و بەهۆی کەمیی مووچە و سەختیی بارودۆخی کارکردن نەچنەوە نەخۆشخانەکان.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە ئێران بۆ هەر هەزار کەس تەنیا ١.٧ پەرستار هەیە، لە کاتێکدا ستانداردی جیهانی ٣ پەرستارە و ئەم کەمییە کاریگەریی زۆری لەسەر خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان داناوە و کێشەی نەخۆشەکانی زیاد کردووە و هەروەها بووەتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی گیانلەدەستدانی نەخۆشەکان لە ئێراندا.