
گەڵاڵە بوودجەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە ساڵی ١٤٠٤، گرینگیدانی ڕێژیم بە هێزە سەرکوتکەرەکانی لە چاو هێزەکانی دیکە زیاتر دەردەخات.
پاش ئەوەی کە فاتمە موهاجرانی، وتەبێژی دەوڵەتی پزشکییان، باسی لە بەرزبوونەوەی ٢٠٠ لە سەدیی بوودجەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بۆ ساڵی داهاتوو کرد، چۆنییەتیی دابەشکردنی ئەم بوودجە بۆ سەر هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کەوتە بەر باسی میدیاکان و کارناسە سیاسییەکان.
بە سەرنجێک لە سەر ڕێژەی پشکی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم دەردەکەوێت کە کۆماری ئیسلامی گرینگییەکی زیاتری بە هێزە سەرکوتکەرەکانی خۆی لە ساڵی داهاتوودا داوە.
بەم پێیە بوودجەی ساڵی داهاتووی هێزەکانی سپای پاسداران و فەرماندەیی ئینتزامیی کۆماری ئیسلامی بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ١٤٠٣، بە ڕیز ٥٦.٨ و ٣١.٢ زیادیان کردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بوودجەی سپای پاسداران لە ساڵی ١٤٠٣ـیشدا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردووی نزیک بە ٨٥ لە سەد زیادی کردبوو.
سپای پاسداران زیاترین پشکی لە بوودجەی هێزە چەکدارەکانی ڕیژیم بەر دەکەوێت بە شێوەیەک کە ٥٢ لە سەدیی بوودجەی سەربازیی ڕێژیم لە ساڵی ١٤٠٤ کراوەتە پشکی ئەم دامەزراوە.
سپای پاسداران لەم ساڵدا ٣٩ لە سەدی بوودجەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی بۆ تەرخان کرابوو.
لەلایەکی دیکەوە ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای ئەوەی کە زیاتر لە دوو قاتی سپای پاسداران ئەندامی هەیە، بوودجەیەکی زۆر کەمتر لە سپای پاسدارانی بۆ تەرخان کراوە بە شێوەیەک کە بوودجەی سپا نزیک بە ١٤٥ لە سەد لە بوودجەی دابینکراو بۆ ئەرتەش زیاترە.
سێ قاتبوونەوەی بوودجەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە ساڵی داهاتوو لە کاتێکدایە کە گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەرخەڵک زیاتر لە هەموو کاتێکی دیکەیە و بەرزبوونەوەی نرخی هەڵاوسان و نرخی دۆلار، دۆخی ئابووریی خەڵکی بەرەو قەیرانێکی قووڵتر لە هەموو کاتێکی دیکە بردووە.
یەکێک لە هۆکارەکانی ڕێژیم بۆ بەرزکردنەوەی بوودجەی هێزە چەکدارەکان بەتایبەتی هێزە سەرکوتکەرەکانی، پێشبینی پەرەسەندنی ناڕەزایەییەکانی خەڵک لە ساڵی داهاتوودایە.
بە بڕوای کارناسانی ئابووری، ساڵی داهاتوو بۆ کۆماری ئیسلامی بەهۆی گەڕانەوەی گوشارە هەمە لایەنەکانی دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ بۆ سەر تاران، ساڵێکی ئەستەمتر لەمساڵ دەبێت و ئەگەری گەڕانەوەی خەڵک بۆ سەر شەقامەکان لەم ساڵەدا زیاتر دەبێت.
هەر لەم پێوەندییەدا ئەحمەد بەخشایش ئەردەستانی، ئەندامی کۆمیسیۆنی سیاسەتە دەرەکییەکانی مەجلیسی ڕێژیم لە ڕۆژانی ڕابردوو سێ قاتبوونەوەی بوودجەی هێزە چەکدارەکان لە ساڵی داهاتوو بە نیشانەی لە ئارادانەبوونی وتووێژکردن لەگەڵ ئەمریکادا لە قەڵەم دابوو.
دۆناڵد ترامپ هەڕەشەی لە کۆماری ئیسلامی کردووە کە ئەگەر کێشە ئەتۆمییەکانی لە ڕێگەی وتووێژەوە چارەسەر نەکات، بە تەواوی ڕێگەکانی هەناردەکردنی نەوتی ئێران دەبەستێت.
لە گەڵاڵە بوودجەی ساڵی داهاتوودا ٥٦١ هەزار میلیارد تمەن لە فرۆشی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران بە پشکی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم دانراوە.