کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان و دەسپێکی قۆناغێکی نوێ

12:44 - 5 رەشەمه 2724

کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان و دەسپێکی قۆناغێکی نوێ

 

مادح ئەحمەدی

ئیدیۆمێکی جوان و فرە واتای ئینگلیزی هەیە کە دەبێژێ "کۆتایی قۆناغێک، دەستپێکە بۆ قۆناغێکی دی". لە سۆنگەی ئەم پەندەوە کاتێ قۆناغێک، ورزێکی ژیان، پرۆژەیەک یان سەفەرێک کۆتایی دێت، بە مانای ئەنجامی کۆتایی نییە، بەڵکوو سەرەتای وەرزێکی نوێیە. دەکرێ ئاواش ڕاڤە بکرێ کە ژیان بریتییە لە سووڕی بەردەوامی گۆڕانکاریی و گەشەی ژیاریی مرۆڤەکان. بۆ وێنە، تەواوکردنی قۆناعێک لە خوێندنی زانکۆ، بە واتای کۆتایی قۆناغی فێربوون نییە. بەدیوێکی دیکەدا کۆتایی قۆناغێک دەکرێ کردنەوەی دەروازەیەکیش بەرەوڕووی کۆمەڵێک دەرفەتی دیکە و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان بێت. ئەگەر بمانەوێ لە ڕووە سیاسییەکەوە خوێندنەوەیەک بۆ ئەم پەندە بکەین، ئەوا دەکرێ بێژین کۆتایی قۆناغێک لە ژیانی بزاوتێکی سیاسی، واتە دەسپێکی سەرەتایەکی نوێیە لە خەبات بە گوتار و خوێندنەوەی نوێە‌وە. لەم ڕوانگەوە ئەم وتارە باس لە کۆنگرەی ١٧ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران  دەکا کە بە "کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان" ناودێر کراوە. ئەم کورتە خوێندنەوەیە، بە سەرنجدان بە گرنگیی کۆنگرەکە لەم قۆناغەدا، تیشک دەخاتە سەر ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکانی حیزبی دێموکرات لە دوای ئەم قۆناغەوە لەهەمبەر دۆخی ئارایی و داهاتووی بزاوتی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

گرنگیی کۆنگرەی ١٧ بۆ حیزبی دێموکرات

لە بنەڕەتدا گرتنی کۆنگرە، وەک مکانیزمێکی دێموکراتیک بۆ نوێکردنەوەی گوتار و سیمای حیزب بووەتە بەشێک لە ناسنامەی مێژوویی حیزبی دێموکرات. حیزبی دێموکرات وەک بە ڕابردووترین حیزبی کوردی، بەردەوام هەوڵی داوە لە کاتی خۆیدا کۆنگرە بگرێ و بۆ ڕێبەریی و ئۆرگانەکانی ڕەوایی لە ئەندامانی وەربگرێ و لەخۆیدا داخوازییە ڕەواکانی بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستان بەڕۆژ بکاتەوە و نوێنەرایەتیی بزاوتێکی نەتەوەیی بکات. حیزبی دێموکرات تەنانەت لە قۆرسترین قۆناغی خەباتی خۆیدا لە ساڵەکانی دەیەی ٦٠ی هەتاوی کە لە چەند بەرەوە لە شەڕدا بووە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، هەوڵی داوە و توانیویەتی دوو ساڵ جارێک خۆێ نوێ بکاتەوە و کۆنگرە پیک بێنێت. جیاواز لە کۆنگرەکانی پێشوو، بەتایبەتی لەبەر دوو هۆکار، دەکرێ بێژین گرتنی کۆنگرەی ١٧ی حیزبی دێموکرات لە دۆخی ئێستادا، پڕ گرنگ و مێژوویی بوو.

یەکەم: دوای یەکگرتنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات و سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا، حیزبی دێموکرات کەوتە دۆخێکی تەواو هەستیار و نوێیەوە و بنکە و کەمپەکانی حیزب کرانە ئامانجی هێرشە یەک لە دوای یەکە درۆنی و هاژەکییەکانی کۆماری ئیسلامی. جیا لەم هێرشانە چەند کادر و پێشمەرگەی حیزب لە شارەکانی باشووری کوردستان تێرۆر کران. لە ئەنجامی ئەم دۆخەدا ڕێککەوتننامەی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران بۆ کەلەپچەکردنی حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات هاتە ئاراوە. هاوکات، تیمێکی سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات تایبەت بەدواداچوونیان بۆ ئەوە دەکرد ڕێگا نەدەن حیزبی دێموکرات کۆنگرە بگرێت و یان لە ئەگەری گرتنیدا، بتوانن کۆنگرەکە بکەنە ئامانج. ئەگەرچی ئەم دۆخە وای کرد کە حیزبی دێموکرات نەتوانێ لە کاتی خۆیدا کۆنگرەکە بەڕێوە ببا، بەڵام حیزبی دێموکرات لە هیچ دۆخێکدا ئیڕادە و سەربەخۆیی خۆی لە بڕیارداندا بە دەستەوە نەداوە و لەوەشدا هەر حیزبی دێموکرات سەر کەوت.

دووەم: دوای یەکگرتنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات، ئەم کۆنگرەیە، واتە کۆنگرەی "کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان" یەکەم کۆنگرەی حیزب بوو، بۆیە لەم ڕووەوە کۆنگرەکە ئەرکی خۆی جێبەجێ کرد و ڕەوایەتیی بەخشی بە یەکگرتنەوەکە و ئەو ڕێککەوتنانەی بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و بەڕێوەبردنی حیزب تا کۆنگرە کرابوون. بۆیە لێرەوە بەدوا حیزبی دێموکرات ماڵاوایی لە قۆناغێک دەکات و پێدەنێتە قۆناغێکی تازەوە.

بەرەو قۆناغێکی نوێ

پاش هەڵبژاردنی ڕێبەریی نوێ و کۆتایی کارەکانی کۆنگرەی ١٧ چاوەڕوانی خەڵک لە حیزبی دێموکرات ئەوەیە بتوانێ لە فۆرمێکی نوێ و یەکانگیردا نوێنەرایەتیی بزاوتی سیاسیی کورد و ناسنامەی نەتەوایەتی کورد لە ڕۆژهەڵات بکات.

لە سەردەمی شۆڕشی ژینا و دواتریش، زۆر جار لە وڵامی ڕەخنە و چاوەڕوانییەکانی خەڵکدا وەک هۆکارێک ئەو گوشارە ئەمنییەتییەی کە بۆ سەر حیزبی دێموکرات دروست کرابوو، بەکار دەهات و ڕەنگە تا ڕادەیەکیش خەڵک لەم بارەوە هەلومەرجی حیزبیان لەبەرچاو گرتبێت. ئێستا کە کۆنگرە کۆتایی پێ هاتوە، ئەم هاوکیشەیەش گۆڕاوە. ئەمە بەو مانایە نییە کە گوشار و هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی کۆتاییان پێ هاتوە، ڕێک بەپێچەوانەوە لە داهاتووشدا ئەم هەڕەشانە بەردەوام دەبن و چەند پاتە دەبنەوە. بۆیە پێویستە حیزبی دێموکرات خۆی لەگەڵ ئەم قۆناغە نوێیەدا زیاتر ڕێک‌بخات و ڕێگا نەدا ئەو دۆخە ئەمینیەتییەی بەسەریدا سەپاوە، ببێتە هۆی لەکیسچوونی دەرفەتەکان و باندۆری حیزبی دێموکرات لەسەر ڕووداوەکانی نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاڵ بکرێتەوە. چونکە لە ماوەی نزیک بە ١٠ ساڵی ڕابردوودا ژیانی سیاسی حیزبی دێموکرات لەژێر کاریگەریی هێرش و هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیدا گۆڕانکاریی بە خۆیەوە بینیوە و بێگومان ژینگەی سیاسی حیزبی دێموکرات ناگەڕیتەوە بۆ سەردەمی پێش شۆڕشی ژینا و ساڵەکانی پێشتر.

لە سەردەمی شۆڕشی ژینا و دواتریش بەتایبەتی لە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی ساڵی پاردا، بۆمان دەرکەوت کە  کەشی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتەواوەتی گۆڕاوە و ئاستی داخوازییەکانی خەڵک چووەتە سەرێ و بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامیش ڕادیکاڵترن. لەم بارەوە پێویستە حیزبی دێموکرات لەگەڵ ئەم ئاڵوگۆڕە وێژمانییە خۆی بەڕۆژ بکاتەوە و بە خوێندنەوەیەکی نوێیەوە هەوڵ بدا کاریگەری لەسەر ئاراستەی ڕووداوەکانی داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابنێت. بەلەبەرچاو گرتنی پێگەی مێژوویی و جەماوەریی حیزبی دێموکرات، ئەم حیزبە دەتوانێ ڕۆڵی خۆی سەرلەنوێ پێناسە بکاتەوە و لە پێوەندیی و دیالۆگێکی بەردەوامدا بێت لەگەڵ نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.  بۆ ئەم مەبەستە حیزبی دێموکرات دەتوانێ چەتری کۆکەرەوە بێت و گرووپ و هێزە کاریگەرەکانی نێو گۆڕەپانی خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژی کۆماری ئیسلامی لە فۆرمێکی یەکانگیردا یەک‌بخات.

لەم پێوەندییەدا یەکێک لە ئاڵنگارییەکانی بەردەم بزاوتی سیاسی کورد لە ڕۆژهەڵات، نەبوونی یەکگرتوویی گوتارییە لە نێوان هێز و لایەنە جیاوازەکاندا. لە کاتێکدا کە حیزبی دێموکرات نوێنەرایەتیی گوتارێکی شوناسخوازانەی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵات دەکات، لایەنی دیکە هەیە کە ڕەنگە ئاستی خواستە نەتەوەییەکانی کورد لە ڕۆژهەڵات بۆ پرسی مافی هاووڵاتیبوون دابەزێنێت و قورسایی سیاسیی کورد لاواز بکات. وەک چۆن لەسەردەمی شۆڕشی ژینا و ڕێککەوتنی "جۆرج تاون"دا نموونەکەمان بینی، مەترسی دووبارەبوونەوەی ئەزموونێکی شکستخواردووی لەوچەشنە لە داهاتووشدا دوور لە چاوەڕوانی نییە. بۆیە پێویستە حیزبی دێموکرات بە پشت‌بەستن بە پێگەی جەماوەریی خۆی، پێگەی خۆی لە نێو هێزە کوردیی و ئێرانییەکاندا دیاری بکات و بە ئاراستەی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی بەرین لە نێوان هێزە کوردییەکان و ئەو لایەنانەی دان بە فرەنەتەوە بوونی ئێران و پرسی نەتەوەیی کورددا دەنێن، ڕۆڵ بگێڕێت.

بەوپێیەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچەیەک هەڵکەوتووە کە پڕە لە ئاڵوگۆڕ و ڕووداوی لەناکاو، پێویستە لەم چوارچێوەیەشدا هاوکێشە پێوندیدارەکان بە پرسی کورد و ڕۆژهەڵاتی کوردستان خوێندنەوەیان بۆ بکرێت. ڕووداوەکانی پاش ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ هەتا ڕوخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد ڕاستەوخۆ و ناراستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە. بەو پێیەی پرسی کورد، پرسێکی "ترانسناشناڵ"ە، هەلومەرجی پرسی کورد لە باشوور، ڕۆژاوا و باکووری کوردستان کاریگەریگەریی لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە. بەپێچەوانەی ساڵانی کۆتایی جەنگی جیهانیی یەکەم کە پرسی کورد کرا بە قوربانیی سیستمی "دەوڵەت-نەتەوە"، ئێستا پرسی کورد بابەتێکی گرنگە لە هاوکێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا و هەندێ جار کورد لە چەقی یارییەکان‌دایە. لەم سۆنگەوە حیزبی دێموکرات پێویستە بەرچاوڕوونیی لەسەر ڕکابەرایەتییە ناوچەییەکان هەبێت و تاکتیک و ستراتیژیی خۆی بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەبەرچاو هاوکێشەکان دابڕێژیت.

لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هێشتا پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشێوێەکی ئەکتیڤ نەبووە بە بابەت. ئەمە لە کاتێک‌دایە کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چالاکترین و ڕێکخراوترین ناوچەیە لە دژی کۆماری ئیسلامی. لەم بارەوە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەیانتوانیوە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، نوێنەرایەتیی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن. ئەم ڕەخنەیە پێش حیزبەکانی دیکە، ڕووی لە حیزبی دێموکراتە. بۆیە حیزبی دێموکرات پێویستە کار بۆ گۆڕینی ئەم هاوکێشەیە بکات. لە ئاستی هەموو هێزە کوردستانییەکاندا، حیزبی دێموکرات توانایەکی بەهێزی ڕێکخستنی لە وڵاتانی دەرەوەدا هەیە و سەرمایەکی مرۆیی یەکجار گەورەی بەدەورەوەیە. بۆیە پێویستە حیزبی دێموکرات ئەم سەرمایە مرۆییەی خۆی چالاکانە بۆ گۆڕینی ئەو هاوكێشەیە بەکار بێنێت و لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکات.

دوا وتە:

لە ڕوانگەی ئەو پەندە ئینگلیزییەوە کە لەسەرەتاوە ئاماژەم پێ کرد، ئەگەرچی کۆنگرەی ١٧ی حیزبی دێموکرات کۆتایی قۆناغێکە، هاوکات دستپێکی قۆناغێکی نوێیە لە ژیانی سیاسی حیزبی دێموکرات دا. بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی دوای شۆڕشی ژینا و ئەو ئاڵوگۆڕە گوتارییە کە لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات پێک‌هاتوە، حیزبی دێموکرات پێویستە ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و ڕێبەرایەتیی و نوێنەرایەتیی بزاوتی سیاسی کورد لە ڕۆژهەڵات بکات. کۆتایی سەرکەوتووانەی کۆنگرەی ١٧ لەم قۆناغەدا، دەکرێ وا لێک‌بدرێتەوە کە حیزبی دێموکرات گەرەکیە بەپشتبەستن بە پێگەی جەماوەریی خۆی ڕۆڵ و پێگەی خۆی لە نێو هێزە کوردییە و ئێرانییەکاندا پێناسە بکاتەوە. لەم  ڕوانگەوە حیزبی دێموکرات لەبەردەم بەرپرسیارەتییەکی مێژوویی‌دایە. واتە پێویستە خۆی لەگەڵ ئاڵوگۆڕە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان ڕێک‌بخات و ڕۆڵ و پێگەی خۆی لە پانتای سیاسی کوردستاندا بەهێزتر بکات و چەتری کۆکەرەوەی خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵات لە دژی کۆماری ئیسلامی بێت.

کۆنگرە ١٧ بۆ حیزبی دێموکرات کۆتایی قۆناغێک بوو، هاوکات کردنەوە دەروازیەکیشە بەرەوڕووی دەرفەت و ئاڵنگارییە نوێیەکان.