کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێردراوی ترامپ: حەماس ناتوانێت لە داهاتوودا بەشێک لە دەسەڵاتی غەززە بێت

10:38 - 6 رەشەمه 2724

ئێستیڤ ویتکاف، نێردراوی تایبەتی دۆناڵد ترامپ، لە وتووێژێک لەگەڵ کاناڵی "سی ئێن ئێن" ڕایگەیاندووە کە لە ڕۆژانی داهاتوودا بە مەبەستی درێژکردنەوەی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس سەردانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات.

ویتکاف ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ڕەشەمە بە سی ئێن ئێنی وت: "حەماس ناتوانێت لە داهاتووی غەززەدا بەشێک لە دەسەڵات بێت و مانەوەی حەماس دەخەینە ئەستۆی بێنیامین نێتانیاهوو".

 ناوبراو زیادی کردووە، دەبێت قۆناغی یەکەم نوێ بکرێتەوە و بارمتەکانی دیکەش ئازاد بکرێن.

هاوکات دەوڵەتی میسر داوای لە وڵاتانی یەکییەتی عەرەب کردووە تاکوو لە دانیشتنێک بە مەبەستی داهاتووی غەززە بەشداری بکەن.

بڕیارە دانیشتنەکە ڕێکەوتی ١٤ی ڕەشەمە بەڕێوە بچێت.

میسر و قەتەر نێوبژیوانیی وتووێژەکانی ئاگربەست لە نێوان حەماس و ئیسرائیل دەکەن.

پێشتر دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە دەیهەوێت دانیشتووانی غەززە بنێرێتە میسر و ئۆردۆن تاکوو غەززە بە تەواوەتی نۆژەن بکرێتەوە.

میسر و ئۆردۆن و وڵاتانی عەرەبی دژایەتیی خۆیان لەهەمبەر ئەم پلانە دەربڕیوە.

ڕێکەوتی ٢٦ی بەفرانباری ئەمساڵ و پاش زیاتر لە ١٥ مانگ شەڕ بە نێوبژیوانی میسر، قەتەر و ئەمریکا، ئاگربەست لە غەززە ڕاگەیەندرا.

ڕێککەوتنەکە سێ قۆناغی هەبوو کە بڕیار بوو لە قۆناغی یەکەمدا کە شەش حەفتە دەخایەنێت، بەشێک لە بارمتە ئیسرائیلییەکان و بەندکراوە فەلەستینییەکان ئازاد بکرێن و پاشان لە قۆناغەکانی دیکە بە ئازادکرانی هەموو بارمتەکان و هەزاران بەندکراوی فەلەستینی، ئاگربەستەکە هەتاهەتایی بکرێت و پاشان لە ماوەی سێ تا پێنج ساڵ ڕەوتی نۆژەنکردنەوەی غەززە ئەنجام بدرێت.