
ڕۆژی هەینی ۳ۍ ڕەشەمەی ١٤٠٣ی هەتاوی، عەبدولڕەحیم ڕەحمانپوور باوکی پێشمەرگەی دێرینی حیزب ئەمیر ڕەحمانپووڕ و سابیر ڕەحمان پووڕ ئەندامی حیزبی دێموکرات و دانیشتووی وڵاتی سوید، لە وڵاتی نیووزیلەند کۆچی دوایی کرد.
عەبدولڕەحیم ڕەحمانپوور کوڕی عەزەم، ساڵی ١٣٠٠ی هەتاوی لە ئاوایی " سوورمەر" سەربە ناوچەی سەلاسی باوەجانی لە پارێزگای کرماشان پێی ناوەتە ژیانەوە.
مام عەبدولڕەحیم، بە کەسێکی تەواو کۆمەڵایەتی و قسەخۆش ناسرا بوو و بەردەوام دڵسۆزی گەل و نیشتمانەکەی بووە .ناخی پڕ بوو لە ئاواتی پەیوەندیدار بە ئازادیی گەل و ڕزگاریی نیشتمانە داگیرکراوەکەی.
ناوبرا یەکێک لە ئاوارەکانی ئۆردووگای زۆرەملێی ڕۆمادی لە عێراق بووە و لە کاتی هاتنەسەرکاری ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران بە ماڵ و منداڵەوە، وێڕای سەدان بنەماڵەی دیکە ئاوارەی عێراق بووە. لە ماوەی ژیانی ئاوارەییدا لە چەندین کەمپی پەنابەری لەوپەڕی سەختیی ژیاندا ژیاوە.
لەم ساڵانەی کۆتایی تەمەنیدا وەک پەنابەر لە وڵاتی نیووزیلەند دەگیرسێتەوە و هەر لەوێش دڵە پڕ لە ئاوات و ئارەزووکەی لە لێدان ئەکەوێ و ماڵاوایی لەژیان ئەکات.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.