
دوابەدوای گرانبوونی نرخی پەتاتە و دانەوێڵە لە چەند حەفتەی ڕابردوودا و ناکارامەیی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە کۆنترۆڵکردنیدا، وەزارەتی جەهادی کشتوکاڵ، بۆ ماوەی دوو مانگ بە ئامانجی "ڕێکخستنی بازاڕی نێوخۆیی" هەناردەکردنی پەتاتە و دانەوێڵەی قەدەغە کرد.
ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ڕەشەمە ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، سەر بە سپای پاسداران، وێنەی نامەیەکی شەهرزاد موشیری، جێگری پەرەپێدانی بازرگانیی وەزارەتی جەهاد و کشتوکاڵ، کە ئاراستەی دێهقان دێهنەوی، جێگری وەزیری جەهاد و کشتوکاڵ و بەرپرسی ڕێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانی کرابوو، بڵاو کردەوە.
موشیری لەم نامەیەدا داوای لە دێهنەوی کردووە کە بۆ ماوەی دوو مانگ ڕێگری لە هەناردەکردنی پەتاتە و هەموو جۆرە دانەوێڵەیەک بکات، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی ئەو کەلوپەلانە و دروستکردنی هاوسەنگی و سەقامگیری لە بازاڕی نێوخۆییدا.
لە چەند حەوتووی ڕابردوودا نرخی کەلوپەلی خۆراکی وەک ڕۆن، برنج و پەتاتە بە ڕێژەیەکی بێ وێنە لە ئێران بەرز بووەتەوە.
لە کاتێکدا ناوەندە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕێژەی هەڵاوسانیان ٣٢٪ ڕاگەیاندووە، بەڵام بە پێی ڕاپرسییەکان دەرکەوتووە کە لە ماوەی تەنیا سێ مانگدا لە مانگی ڕەزبەر تا مانگی ڕێبەندان، نرخی کەلوپەلی سەرەکیی ماڵان دوو تا دوو و نیو هێندە کە هاوتایە لەگەڵ ١٠٠٪ بۆ ١٥٠٪ بەرز بووەتەوە.
لە ئێران کە ساڵانە یەک ملیۆن تۆن پەتاتەی زیادە بەرهەم دەهێنرێت، نرخی یەک کیلۆی ئەم بەرهەمە لە مانگی ڕێبەنداندا گەیشتە ٩٠ هەزار تمەن و لە بازاڕەکاندا دەست نەدەکەوت.
دوابەدوای ئەم قەیرانە، بەرپرسانی سێ دەزگای کۆماری ئیسلامی ڕەزامەندییان دەربڕی لەسەر هاوردەکردنی ٥٠ هەزار تۆن پەتاتە بە نرخی ٣٠ هەزار تمەن بۆ هەر کیلۆیەک.
ناکارامەیی بەرپرسانی ڕێژیم و بەرزبوونەوەی ڕۆژانەی نرخی هەڵاوسان تەنگی بە ژیانی خەڵک لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵچنیوە، لەم ڕۆژانەدا لە ڕاپۆرتێکدا بڵاو کرایەوە کە خەڵک بۆ بژێوی ژیانی خۆیان ناچارن مریشک و گۆشت و تەنانەت پەتاتە، سەوزە و میوە بە قیست و بە دانە بکڕن.