
کەمپەینی چالاکوانانی بەلووچ ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ڕەشەمە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا لانیکەم هەزار و دە سووتەمەنیبەری بەلووچ بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیمەوە کوژراون و بریندار کراون.
کەمپەینەکە لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا هێناویەتی کە هاووڵاتییانی بەلووچ بەهۆی هەژاری و نەبوونی کارەوە ناچارن کە بۆ بژیوی ژیانی بنەماڵەکانیان لە سەر سنوورەکانی ئێران و پاکستان ڕوو لە گواستنەوەی سووتەمەنی بکەن.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە هەڵسوکەوتی توندوتیژانەی هێزەکانی ڕێژیم لەگەڵ ئەم کاسبکارانە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی کوژراوان و برینداربووان لە ساڵەکانی ڕابردوودا و زیادیشی کردووە کە ئەم هێزانە زۆرجار بە تەقەی ڕاستەوخۆ یان ڕاونانی کاسبکاران لە ڕێگا مەترسیدارەکاندا بوونەتە هۆی وەرگەڕانی ماشینەکانیان.
کەمپەینی چالاکوانانی بەلووچ لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا بە ئاماژەدان بەوەی کە ئاماری ڕاستەقینەی کوژراوان و بریندارانی سووتەمەنیبەر زیاتر لە هەزار و دە کەسە، نووسی: "بەهۆی بەربەستە ئەمنییەکان و گوشارەرکانی حکوومەتەوە دەسپێڕاگەیشتن بە زانیاری دروست زەحمەتە و لە زۆر حاڵەتیشدا، بنەماڵەی قوربانییان لە ترسی لێکەوتە ئەمنییەکان نایانهەوێت هیچ زانیارییەک ڕادەست بکەن یان لە ڕێگەی پڕۆسەی دادوەرییەوە بەدواداچوون بۆ بابەتەکە بکەن".
لەم پێوەندییەدا ڕۆژنامەی "ئێعتماد"ـی ڕێژیم لە جۆزەردانی ساڵی ڕابردوو لە ڕاپۆرتێکدا نووسیبووی کە تەنیا لە ساڵی ١٤٠١ی هەتاویدا زیاتر لە ١٦٨ سووتەمەنیبەری بەلووچ بەهۆی تەقینەوەی ماشینەکانیانەوە کوژراون کە ١٤٧ کەسیان ژن و منداڵیان هەبووە.
هەژاری و نەبوونی دەرەفەتی کار لە بەلووچستان بووتە هۆکاری ئەوەی کە بەشێکی زۆر لە لاوەکان لە بەلووچستان بۆ بژیوی ژیان و داهاتووی خۆیان ڕوو لەم کارە مەترسیدارە بکەن و هێزە ئەمنی و سنوورییەکانی ڕێژیمیش بەبێ ڕەچاوکردنی بارودۆخ بە دڕندانەترین شێوە تەقە لە ماشینەکانیان دەکەن و ماشینەکانیان دەتەقێننەوە.