
ئەمن چیرۆکی شێعرێ بووم، کە ھەر دێڕێکی سەنگەر بوو
(شەهید قادر ئیفتیخاری)
برایم چووکەڵی
حەماسەخوڵقێنی و قارەمانەتیی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە مێژووی خەبات و تێکۆشانی ئەم حیزبەدا جێی شانازیی سەربەرزیی نەتەوەکەمانە. لە مەیدانی خەباتی ٨ دەیەی ڕابردوودا کەمتر ڕۆژی ساڵ هەیە کە ڕۆڵەکانی حیزبی دێموکرات شانازییان تێدا نەخوڵقاندبێ. یەکێک لەو ڕۆژانە کە لەودا ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد، بە فەرماندەیی شەهید قادر ئیفتخاری و بە فیداکاریی و کۆڵنەدەریی هێزی پێشمەرگە لاپەڕەیەكی دیکەیان بە حەماسە و قارەمانەتیی نەتەوەکەیان زیاد کرد، ڕۆژی ٥ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی بوو.
شەهید قادر ئیفتخاری ساڵی ١٣٣١ی هەتاوی لە ئاوایی "چەشمەگۆل"ی سەر بە شاری شنۆ لە بنەماڵەیەکی مام ناوەندی لە دایک بوو. قادر له بنهماڵهیهکی کوردپهروهردا گەورە بوو. هەتا شەشی سەرەتایی لە قۆتابخانەی "چەشمەگۆل" دەرسی خوێند و دوای وەرگرتنی دیپلۆم لە شاری شنۆ وەک مامۆستا لە گوندی" قەرە خدر"ی ناوچەی پیرانشار وانەی بە مندالانی ئەو گوندە گوتەوە. ئەو ماوهی ساڵێکیش دهرهجهداری ئهڕتهش بوو، و دوای تهواوکردنی ماوهی سهربازییهکهی لهنێو ئهڕتهشدا، بۆ درێژهپێدانی خوێندن چوو بۆ شاری ورمێ و لهوێ فهوقی دیپڵۆمی له بەشی زانستە سروشتییەکاندا وهگرت.
کاتێک ڕاپهڕینی گهلانی ئێران له دژی ڕێژێمی پاشایهتی له ساڵی ١٣٥٧ دەستی پێ کرد، زۆر ئازایانە بەشداریی خۆپێشاندانەکانی کرد و هەر لەگەڵ ئاشکرابوونی تێکۆشانی حیزبی دێموکرات خۆی له ڕیزهکانی ئهو حیزبه ا دیتهوه و بههۆی وشیاری و ڕادهی خوێندهواری لهگهڵ یهکیەتیی لاوان دهستی به کار و تێکۆشان کرد.
ژیانی سیاسیی قادر ئیفتخاری لە هیزی شەهید ئاوارەدا تێپەری، ئەو توانی ئەو هێزە بە لێوەشاوەیی خۆی و قارەمانەتیی پێشمەرگەکانی بە خەڵکی کوردستان بناسێنێ. ئەو خۆشەویستی خەڵک بوو، لە کوورەی خەبات و بەرگریی پێشمەرگانەدا قاڵ ببوو، و بە لێوەشاوەیی هەموو پڵەیەکی پێشمەرگایەتیی بڕی. ئەو لەکاتێکدا بەرپرسایەتیی هێزی ئاوارەی گرتە ئەستۆ کە ئەو ناوچەیەی کاری تێدا دەکرد بە ناسکترین هەلومەرجی سیاسی و ئەمنییەتیدا تێدەپەڕی و کۆماری ئیسلامی بە هەموو شێوەیەک ڕۆژانە پەلاماری دەدا.
قادر ئیفتخاری زۆر زوو توانی وەک فەرماندەیەکی بەتوانا لەگەڵ هەلومەرجی نوێی خەبات خۆی بگونجێنێ و زەبری لەبیرنەکراو لە هیزەکانی ڕێژێم بدات. گرتنی چەندین پایەگا، کۆنترۆلی جادەی ئەسلی سردەشت _ پیرانشار و بەرپرچدانەوەی هێزەکانی دوژمن لە ناوچەی پیڕانشار، شنۆ و نەغەدە لە ساڵەکانی ١٣٦١-١٣٦٢ بەشێک لە چیرۆکەکانی حەماسەخوڵقێنیی هێزی پێشمەرگە بە فەرماندەیی قادر ئیفتیخاریی تێدا تۆمار کرا. قادر ئیفتخاری لە هەمان کاتدا کە پێشمەرگەیەکی ئازا و بەجەرگ بوو، وەک لاوێکی ڕووناکبیر شوێندانەریی بەرچاوی لەسەر دەوروبەری خۆی هەبوو. ئاماژە بە بەشێکی بچووک لە وەسیەتنامەکەی بەرچاوڕوونیی زیاترمان دەداتێ:
"برای بەرێز و قارەمان شک لەوە دا نیە کە هەموو مەوجوودێکی زیندوو مەرگی لە پێشە، چ باشتر لە سەنگەری شەرەفدا و لە ڕێگای نەتەوەکەتدا گیان بەخت بکەی. هەر کەس هەستی بە بوونی خۆی و نەتەوەکەی نەکردبێ، ئینسان نیە، هەرکەس پێی وابێ سەرکەوتن مەحاڵە ئاقڵی لەدەست داوە. سەرکەوتن حەتمییە، بەڵام خوێنی دەوێ و فیداکاریی لازمە. کاتێک شەهید بووم نامهەوێ کەس ئاخ و ئۆخم بۆ بڵێ چونكە ئەگەر شەهید کرام دەزانم بۆ شەهید بووم."
شەهید قادر ئیفتخاری لە بەشیکی دیکەی وەسیەتنامەکەیدا دەنووسێ: "برام، پێشمەرگەی گەل، چاوەکەم! لە گەڵ تۆمە، ئەوەی کە پاش مەرگی من ئەو چەند کەلیمەیە دەخوینێتەوە، هەرچەند مردن ناخۆشە و نامەوێ وا زوو واز لەو دنیایە بێنم، بەڵام زۆر جار دەڵیم ژیان پاش ئەو هەمووە خۆشەویستانەی وەک: محەممەدی مینە، ئەبووبەکر و کەریم، دەیان و سەدان هاوسەنگەرم چ خۆشییەکی هەیە؟ جا براکەم پاش شەهیدبوونی من ئەو شتانە لەبەر چاو بگرن و بۆم جێ بەجی بکەن چەند شێعرم هەیە هەرچەند زۆر بێبایەخن بەڵام چ بکەم ئەوە هەستی دەروونی منە، بۆیە داواتان لێ دەکەم حەتمەن چاپیان بکەن، مەهێڵن خوێنی شەهیدان بە فیڕۆ بچێ، تەرمم لە مراد ڕەسول و مراد حاسل بنێژن، توخوداکەی هەرکات خودموختاریمان وەرگرت بۆ بیرەوەریی منیش بێ لانیکەم "ئەسکەندەر"ی کورم لە جێژنەکەدا بەشدار بکەن، تا بزانێ بابی و دەیان و سەدان وهەزاران بابی دیکە گیانیان تەنیا بۆ ئەو ڕۆژە فیدا کردوە. من قادر ئیفتخاری بە دروشمی سەرکەوێ حیزبی پێشەوای گەلی کورد، قازی محەممەدی نەمر، بەو چەند پارچە هەڵبەستە وەسێت نامەکەم کۆتایی پێ دێنم."
لە سەرما و سۆڵەی ڕۆژی ٥ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٦٢ هەتاویدا پێشمەرگە تێکۆشەرەکانی هێزی شەهید ئاوارە و هێزی شەهید سمکۆ بەپێی بەرنامەیەکی ڕێکوپێک چوونە نێو شاری شنۆ و هەموو لە شوینی دیاریکراودا جێگیر ببوون. لە کاتێكدا ئاخوندێک لە مزگەوت خەریکی قسەکردن دژی حیزبی دیموکرات و جووڵانەوە بوو، لەپڕ قریشکەی چەکی پێشمەرگە لە نێو شاری شنۆ دەنگی دایەوە. پێشمەرگەکان زۆر ئازایانە لە شەقام و کۆڵانەکانی نێو شار شەڕیان دەکرد و دەرسیكی باشیان بە دوژمن دا. ڕۆڵەکانی گەل لە گەرمەی شەڕدا بوون کە گوللە خومپارەیەکی دوژمن لەنێو دەستەیەک لە پێشمەرگەکاندا تەقییەوە و بەداخەوە قادر ئیفتخاری لەگەڵ ٦ قارەمانی دیکەی نەتەوەکەمان بە ناوەکانی خالید ناسری، برایم هەمزەیی، ئەحمەد خەلیلی، سەید کەماڵ، سەعید ئەڵواری و برایمی حەمەرەش گوڵی تەمەنیان پەڕپەڕ بوو.
ڕوحیان شاد و ڕێگای خەباتیان پڕ ڕێبوار.