کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی خەڵکی ئێرانی کردووەتە قوربانی بۆ بەرەی مقاومەت

00:07 - 7 رەشەمه 2724

یارمەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ حیزبوڵڵا و هەروەها بەشداری لە نۆژەنکردنەوەی وێرانەکانی شەڕ لە لوبنان، کاردانەوەی خەڵکی ناڕازی ئێرانی لێ کەوتووەتەوە.
لە بارودۆخێکدا کە خەڵکی ئێران ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر دەکەونە ژێر گوشارە ئابوورییەکانەوە و هەڵاوسان و گرانیی دۆلار تەنگی پێ هەڵچنیون، ڕێژیم لە داهات و سامانەکانی خەڵکی ئێران بۆ خەڵکی لوبنان ماڵ و ئاوەدانی دروست دەکات.
ڕۆژی ڕابردوو محەممەدباقر قاڵیباف، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم، لە لوبنان جەختی لەسەر پڕۆژەکانی نۆژەنکردنەوەی لوبنان کردووە و هەروەها لە هەژماری ئیکسی خۆی باسی لە ئامادەبوونی کۆماری ئیسلامی بۆ چاککردنەوەی وێرانەکانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای کردووە.
ئەم قسانەی قاڵیباف و بەرپرسانی باڵای دیکەی ڕێژیم سەبارەت بە یارمەتییەکانیان بۆ حیزبوڵڵا و لوبنان لە کاتێکدایە کە ٣٠ لە سەدی قوتابخانەکانی ئێران بەهۆی کۆنبوونەوە لە دۆخێکی خراپدان و گیانی قوتابیانیان خستووەتە ژێر مەترسییەوە.
جگە لە قوتابخانەکان، لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی کەمیی خانوو و گرانی کرێ خانوو لە ئێران، دیاردەگەلی وەک خەوتن لە خێوەت و نێو ماشین و تەنانەت بە کرێگرتنی سەربانی خانووەکان بۆ خەوتن پەرەی سەندووە و بنەماڵە هەژارەکان تەنانەت ناتوانن ژوورێکیش بۆ خۆیان دابین بکەن.
نەبوونی کار، خانوو، قوتابخانە و کارەبا تەنیا کێشەکانی خەڵکی ئێران نییە، هەژاری بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگای گەیاندووەتە ئاستێکی مەترسیدار.
بەپێی هەواڵێکی بڵاوەبوو لە میدیاکانی ئێراندا، هێندێک لە نەخۆشان بەهۆی هەژارییەوە دەرمانە تایبەتییەکانی خۆیان کە پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە زیندوومانەوەیانەوە هەیە لە بازاڕە ئازادەکاندا دەفرۆشنەوە تاکوو بتوانن بژێوی ژیان بۆ بنەماڵەکەیان دابین بکەن.
لەکاتێکدا کە خەڵکی ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ هەژارتر دەبن و ژێرخانەکانی ئابووری بەرەو داڕمانی زیاتر دەڕوات، ڕێژیم هێشتا بیر لەوە دەکاتەوە کە سیاسەتەکانی خۆی لە ناوچەکەدا لە ڕێگەی پڕۆژە دەرەکییەکانەوە بەڕێوە ببات و گوێی لە قەیرانەکانی نێوخۆ خەواندووە.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا خەڵکی ناڕازی بەتایبەتی سەندیکاکان بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارە جیاجیاکانی ئێران، دژایەتی خۆیان لەهەمبەر سیاسەتەکانی ڕێژیم و یارمەتیدانی لوبنان و بەرەی ناسراو بە "مقاومەت"، دەربڕیوە.
سەرەڕای هەموو ئەمانە بەرپرسانی ڕێژیم چاوی خۆیان بە سەر ئەم دەنگانە لە نێوخۆی ئێران داخستووە و لەسەر پەرەدان بە ئیدۆلۆژییەکانی دەسەڵات لە ناوچەکەدا سوورن و بە ڕوونی خەڵکی ئێرانیان کردووەتە قوربانیی سیاسەتەکانی خۆیان و بەرەی وێرانکەری "مقاومەت".