
خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان!
لاوانی ئازا و بە هەڵوێست!
ئەمساڵیش وەک ساڵانی پێشوو و بە گڕو تینێکی نوێوە خەڵکی کوردستان خەریکی ئامادەکارین بۆ پێشوازی لە نەورۆزی کوردەواری و بۆ ئەم مەبەستەش بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی کوردستان و چالاکانی مەدەنیی کوردستان، بە دیاریکراوی "شوڕای فەرهەنگیی بۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان" لە بانگەوازێکدا وێڕای داواکردن لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی کوردستان، ناوی نەورۆزی ٢٧٢٥ی کوردییان بە "نەورۆزی خاکیپۆشان" ناودێر کردوە.
نەورۆز بۆ ئێمەی کورد هێمای نوێبوونەوە و بەگژداچوونەوەی زۆرداری و وەرزی ڕاسانەوەی گەلە، لەم سۆنگەیەوە لاوانی شوناسخوازی کوردستان کچ و کوڕ تێکڕا وەک پارێزەرە ڕاستەقینەکانی ڕۆژهەڵات، ئەمساڵیش وەک ساڵانی پێشوو بە جلوبەرگی خاکی و جامانە لە مل و هەوری لە کۆڵ لە ڕیزی پێشەوەی بەرزڕاگرتنی ئەم بۆنە نەتەوەییە دەبن.
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک میراتگری ڕێبازی کۆماری کوردستان، وێڕای پشتیوانی لەم بانگەوازەی چالاکانی مەدەنی، بەسەرنجدان بە هەڵوێستە دژی گەلەییەکانی داگیرکەرانی کوردستان لەمەڕ پرسی نەتەوەییمان؛ بەتایبەتی زمان و جلوبەرگ و کلتووری کوردەواری و هەروەها سزادان و دەسبەسەرکردنی لاوانی کوردستان و هەڵاواردنمان بەتاوانی کوردبوون و هەروەها بەتاوانی لەبەرکردنی جلوبەرگی خاکی، ناودێرکردنی ئەم نەورۆزە بە "نەورۆزی خاکیپۆشان" بە وەڵامێکی شیاو و پەرچەکردارێکی شوناسخوازانە دەزانین ڕوو بە دەسەڵاتی خۆسەپێنی تاران.
هەر لەم پێوەندییەدا دەنگمان دەخەینە پاڵ ئەم بانگەوازە و هەموومان بە گوڕ و تینەوە بەشداری لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزدا دەکەین و بە بەکارهێنانی جامانە و هەوری و جلوبەرگی خاکی، بەرگری لە شوناسی نەتەوەیی خۆمان دەکەین و ڕیزەکانمان لەبەرامبەر سپای داگیرکەردا، پێشمەرگانە دەڕازێنینەوە.
پیرۆز بێت "نەرۆزی خاکیپۆشان"
بەهیوای ڕزگاری و سەربەستیی کوردستان لەسایەی تێکۆشانی شار و شاخ
کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتیی
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەلاتی کوردستان
٧ی ڕەشەمەی ٢٠٧٢٤ی کوردی