
دوو وەزارەتی خەزێنەداری و دەرەوەی ئەمریکا، کۆمەڵێک گەمارۆی نەوتی دەیکەیان لە سەر ژمارەیەک نەوتهەڵگر، کۆمپانی و کەسانی پێوەندیدار بە گواستنەوەی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، سەپاند.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران بە هەڕەشەی ناوکی، بەرنامە مووشەکییەکانی و پشتیوانیکردن لە گرووپە تێرۆریستییەکان لە ناسەقامگیرکردنی جیهان بەردەوامە و جەختیشی کردووەتەوە کە گەمارۆ نوێیەکانی ئەم وەزارەتە بەپێی سیاسەتەکانی دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ لەهەمبەر ڕێگریکردن لە دەسپێڕاگەیشتنی ئێران بەو داهاتانەیە کە ڕێژیم بۆ چالاکییە ناسەقامگیرانەکانی کەڵکی لێ وەردەگرێت.
هەروەها وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لیستەی گەمارۆ نوێیەکانی خۆی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی بڵاو کردەوە.
ئەم وەزارەتە چەندین کەس، کۆمپانی و نەوتهەڵگری پێوەندیدار بە قاچاخی نەوتی ئێرانی سزا داوە.
عەباس ئەسەد دووز، بەڕێوەبەری "شیرکەتی پایانە نەوتییەکان"، حەمید بۆرد، جێگری وەزیری نەوتی ڕێژیم و بەڕێوەبەری شیرکەتی میللی نەوتی ئێران" و چەند بەرپرسی پێوەندیداری دیکەی ڕێژیم بە وەزارەتی نەوتی دەوڵەتی پزشکییانەوە لەم لیستەدان.
وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ژمارەیەک لە کڕیارانی نەوتی ئێرانی لە ئێمارات، هۆنگ کۆنگ، هێند، چین، هەروەها ژمارەیەک نەوتهەڵگر کە دەیان میلیۆن بەرمیل نەوتی ئێرانیان گواستووەتەوە، سزا داوە.
ئەمە دوویەمین قۆناغی سزا نوێیەکانی ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی پاش فەرمانی دۆناڵد ترامپ سەبارەت بە گوشاری هەمەلایەنە بۆ سەر ڕێژیمی ئێرانە.
سەرۆککۆماری ئەمریکا تەنیا چەند ڕۆژ پاش هاتنەسەرکاری ڕایگەیاندبوو کە دەبێت هەموو گوشارەکان بگەڕێتەوە سەر تاران و بە تەواوەتی ڕێگری لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بکرێت.
دۆناڵد ترامپ لە یەکەمین خولی سەرۆککۆماریدا و پێش سەرۆککۆماریی جۆ بایدێن، توانیبووی بە دانانی گوشارە زۆرینە و هەمەلایەنەکان بۆ سەر تاران، هەناردەکردنی نەوتی کۆماری ئیسلامی بە کەمترین ئاستی خۆی بگەیەنێت و لە ئێستادا لە هەوڵدایە تاکوو بۆ جارێکی دیکە ئەم کارە ئەنجام بدات.