کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەی پێشنیارکراوی ئەمریکای سەبارەت بە شەڕی ئۆکراین پەسەند کرد

11:26 - 7 رەشەمه 2724

شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بۆنەی سێهەمین ساڵڕۆژی شەڕی ڕووسیە لەگەڵ ئۆکراین، بڕیارنامەی پێشنیارکراوی ئەمریکای پەسەند کرد و تێیدا بەبێ ئەوەی بەڕوونی باس لە هێرشی ڕووسیە بکات داوای کۆتایی هێنان بە ململانێکانی کرد.

ئەم بڕیارنامەیە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٦ی ڕەشەمە بە ١٠ دەنگی بەڵێ پەسەند کرا و پێنج ئەندامی ئەو شۆرایە وەک فەرانسە و بریتانیاش لە نێویاندا دەنگی بێ لایەنیان دا.

ئاژانسی ڕویتێرز بە ئاماژەدان بە هەوڵی دۆناڵد ترامپ، سەرکۆماری ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراین، نووسیویەتی، ئەو بڕیارنامەیە هەڵوێستەکانی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکانی سەبارەت بە شەڕەکە نەرمتر کردووە.

هەروەها بڵاوکراوەتەوە کە چەند کاتژمێرێک پێش کۆبوونەوەی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆڕی گشتیی ئەو ڕێکخراوە ڕەشنووسی ئەو بڕیارنامەیەی کە لەلایەن ئەمریکاوە پێشکەشکرابوو ڕەت کردەوە، بەڵام دواتر تەنیا بە زیادکردنی دەستەواژەی ئەوەی کە جەخت لەوە بکرێتەوە کە ململانێکان بەهۆی دەستدرێژی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین بووە، پەسەند کرا.

هەروەها لە کۆبوونەوەی کۆڕی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیارنامەیەک پەسەندکرا کە لەلایەن ئۆکراینەوە پێشکەش کرابوو و ئورووپا پاڵپشتی کردبوو. لە بڕیارنامەکەدا داوای کشانەوەی خێرای هێزەکانی ڕووسیە کراوە و دەستدرێژی مۆسکۆ بە پێشێلکردنی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ناوبراوە.

ئەم بڕیارنامەیە بە ٩٣ دەنگی ئەرێنی و ١٨ دەنگی نەرێنی و ٦٥ دەنگی بێ لایەن پەسەند کرا، ئەمەش نیشانەی کەمبوونەوەی بەرچاوی پشتیوانی چالاکانەیە لە ئۆکراین بەراورد بە دەنگەکانی پێشوو.