کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری پشووپارێز لە ڕاگەیاندنی پشوو بەردەوامە

13:57 - 7 رەشەمه 2724

کۆماری پشووپارێز لە ڕاگەیاندنی پشوو بەردەوامە

دارسمە

دیسان پشوو ڕاگەیەندرا و دەڵێن ئەمجارە به هۆی سەرماوەیە. ڕاگەیەنەرانی پشوو دەڵێن سەرماکە زۆر لەوە سەختترە تۆی خوێنەر بیری لێ‌بکەیەوە. سەرمایەکی سەخت و دژوار، سەرمایەک دڵی مرۆڤی دەستەڵاتداری سەر ئەم ئاو و خاکە دەگوشێت و خوێناوی لێوە دەچۆڕێنێتەوە. ئەم سەرمایە ئێما و ئاماژەی پڕ لە هەڕەشەن. سەرمایەک پێش ئەوەی وڵات تووشی نەخۆشی بکات، وەک مێوژۆکە هەڵی‌دەلەرزێنێت و پسپۆڕانی دەستەڵاتپارێز دەڵێن بەدوور نیە وەک بوومەلەرزەی بەهێز لەبەریەک هەڵیبوەشێنێتەوە.  جا لەبەر ئەمە یەکەم چارەسەری ئەم پەتایە ڕاگەیاندن و جێبەجێکردنی پشووە.

کاتێک ئازارێک یان نەخۆشییەک بەربینگمان پێ‌دەگرێت و ئەم هەموو دەواودرمانە دەکار دەکەین و ئەم هەموو پارێزە لە خواردن دەکەین، دواجار پزیشکان هانمان دەدەن نەجووڵێین و پشوو بدەین. لە دۆخێکی وەهادا تەنیا درێژکردنەوەی پشوو چارەسەری بنەڕەتییە.

لەم ئێرانەی ئێمەدا کەس وەک کۆماری ئیسلامی قەدر و بایەخی پشوو نازانێت. جاری جاران ڕۆژانی هەینی پشوو دەدرا و زۆربەی خەڵک لەم ڕۆژەدا لە مزگەوتی شاروگوندان کۆ دەبوونەوە و گوێیان بۆ گوتاری پێشنوێژی نوێژی هەینی شل دەکرد. ماموستایانی سەرانسەری وڵات بارودۆخی وڵات و جیهانیان بۆ بەشدارانی نوێژی هەینی شی دەکردەوە و ئەوانیش کۆڵە مشتی دەستی ڕاستیان بەرز دەکرد و هاواری بمرێت ئامریکا و بمرێت ئیسرائیلیان ئەوەندەی حەز بکەی بەرز دەکردەوە.

لەم دواییانەدا پشوودان لە ئێران بووەتە دەرمانی هەموو دەردان و پشوو تەنیا بۆ چاکبوونەوەی نەخۆش و بڵاوکردنەوەی وتاری نوێژی هەینی لە بڵندگۆکانەوە نییە و وەک دیارە ئێستا کێشە نەماوە بە ڕاگەیاندنی پشوو چارە نەکرێت. ئەگەر کێشەی ئابووریت هەیە، پشوو ڕابگەیەنە. کێشەی سیاسیت هەیە، پشوو ڕابگەیەنە. خۆپیشاندان هەیە، دیسان پشوو ڕابگەیەنە و تەنانەت ڕەنگە ڕۆژێک بەهۆی پشووی زۆرەوە، پشووی زیاتر ڕابگەیەنن. بەدوور نییە ڕۆژێک دابێت بڵێن ڕێبەری ئێران و دەستەڵاتدارانی وڵات خۆیان لە پشوویەکی هەمیشەییدان. دەکرێت بڵێین ئێران تاکە وڵاتێکە سیستەمی حوکمڕانییەکەی خەریکە لەسەر بنەمای "پشووی بەردەوام" بیچمی خۆی دەپارێزت.

لە هەمووی خۆشتر ئەمەیە، کەشناسانی ئێران ئێستا لەجیات پێشبینیی کەشوهەوا، پێشبینیی درێژ بوونەوە و بەردوامیی پشووی داهاتوو دەکەن! لە مێدیاکاندا دەڵێن: "بەپێی زانیارییان، شەپۆلێکی بەهێزی پشوو بەرەو ناوچەی ڕۆژئاوا و باکوور و نێوەڕاستی ئێران دێت." یان "پێشبینی دەکرێت هەفتەی داهاتوو لە پایتەخت و کەڵانشاران تووشی بارینی پشووی قورس و بەردوەام بین!" لەم نێوەندەدا، بە دووری مەزانن لێزانانی دەستەڵات بیریان لە "پشووی هەتاهەتایی" کردبێتەوە. ڕەنگە ڕۆژێک ڕابگەیەنن: "بەڕێزان، بۆ پاراستنی ئاسایشی گشتی و دڵنیابوون لە سەلامەتیی هەمووان، بڕیاردرا هەموو دامودەزگاکانی حکومەت بۆ هەتاهەتایە بچنە پشوو! تکایە نیگەران مەبن، ئێمە لە پشووشدا کاروباری خۆمان ڕێکدەخەین."

هەندێک له هاووڵاتیان پێیان باشترە ناوی "کۆماری ئیسلامیی ئێران" بگۆڕدرێت بۆ "کۆماری پشووی ئیسلامی" چونکە لە ڕاستیدا تاکە شتێک بە باشی کاری تێدا دەکات، سیستەمی پشوودانە! ئەمە تاکە بوارێکە حکومەت هەر نەبێت لەم سەروبەندەدا بە شێوەی کاتیش بێت تێیدا سەرکەوتووە.

مێژوونووسان لە داهاتوودا دەنووسن چۆن حکومەتێک توانی وڵاتێکی گەورە تەنها بە ڕاگەیاندنی پشوو بەڕێوە ببات. ڕەنگە ئەمە ببێتە مۆدێلێکی نوێی حوکمڕانی لە جیهاندا: "حوکمڕانی بە شێوازی پشوو." لەوانەیە لە زانکۆکان وانەی تایبەت بۆ ئەم شێوازە حوکمڕانییە دابنرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی لە زانکۆ و قوتابخانانیش بەردەوام پشوو ڕادەگەیەندرێت، فێرخوازانیش لە پشوودا وانەی پشوو دەخوێنن.

بە کورتی، ئێران دەبێتە یەکەم وڵات لە مێژوودا سیستەمی حوکمڕانییەکەی لەسەر بنەمای "پشووی بەردەوام" دامەزراوە و ڕەنگە ببێتە نموونەیەک بۆ ئەوەی چۆن دەکرێت وڵاتێک بەڕێوە ببرێت، بێ ئەوەی هیچ کارێک بکرێت. ئەمەش دەبێتە "پەڕجۆی سەدەی بیست و یەک" و تێیدا حکومەتێک بە "هیچ نەکردن" دەتوانێت هەموو شتێک بکات!

لە ئێران هەتا ئێستا تەنیا هێزی چەکدار و سەربازانی گوماناوی ویلایەتی فەقیهـ لەبەر ئەوە خۆیان لە پشوو دەپارێزن، بەردەوام خەریکی پارێزگاری لە پشووی هەموو لایەکن و لە پێناو بەرداومیی پشووهەڵکێشاندا پشوودان دەپارێزن.

وەک پێشبینی دەکرێت و هەتا ئێستا زۆرجار شەقامی شاروبازاڕان بەخۆیانەوە دیوە، هێزی ئەمنی و سەربازی لە ئێران بە شەقامان وەردەبن و هەوڵدەدەن هاووڵاتیان ڕێز لە پشووی ڕاگەیەندراو بگرن و لەجیات ئەوەی لە نێو ئیدارە و قوتابخانە و زانکۆ و لەسەر شەقامان خۆیان ماندوو بکەن و زیان بە پشووی ڕاگەیەندارو بگەیەنن، بڕۆنەوە ماڵی خۆیان و لەسەرپشت ڕابکشێن و  پشوو بدەن. لەم وڵاتەدا بە چەشنێک بیر لە پشووی هاووڵاتیان کراوەتەوە، تەنانەت ئەوانی لە ماڵەوە چاوان زەق دەکەن و پەنجەی دەستانیان به هۆی تەختەکلیلی کامپۆتێر و موبایلانەوە ماندوو دەکەن و لەسەر تۆری کۆمەڵایەتی زیان بە پشوودانی خۆیان و هاووڵاتییان دیکە دەگەیەنن، بە دەست هێزی ئەمنی و پاسدارانی پشووپارێزەوە سزا دەدرێن.

دەستەڵاتی ئێران پێچەوانەی دەستەڵاتدارانی وڵاتانی دیکە لایەنگری پشوودانی هاووڵاتیانی ئۆپۆزسیۆن و تەنانەت دژبەرانی دەستەڵاتیشە. بۆیە لە چل ساڵی ڕابردوودا سەدان کسی ئێرانی لەبەر ئەوەی لەدەرەوەی وڵات پشوویان نەداوە و خۆیان ماندوو کردووە، لە ئاسیاوە هەتا ئورووپا دراونەتە بەر دەستڕێژی پشووپارێزانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پشووبڕ کراون.