کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادێک لە شەهید محەممەد نادر لە چل ساڵەی شەهیدبوونیدا

14:05 - 7 رەشەمه 2724

یادێک لە شەهید محەممەد نادر لە چل ساڵەی شەهیدبوونیدا

مستەفا مەولوودی

وابزانم بەهاری ١٣٥٩ی هەتاوی بوو، هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشیان کردبووە سەر کوردستان و لە سێ‌ڕێیانی "محەممەدیار" لە نیزیک گوندی داشدورگە جێگیر ببوون. ئەوکات ئەو نیگەرانییە هەبوو کە بەرەو قاوەخانەی حاجی حوسێن لە نیزیک گوندی خەلیفەلیان بەرەو مەهاباد پێشڕەوی بکەن. دوو دەستە لە پێشمەرگەکانی هێزی شەهید پێشەوا و هێزی شەهید ئەفشین لە نەغەدە لە نیزیک قاوەخانەی حاجی حوسێن کۆ ببوونەوە بۆ ئەوەی فەرماندەکان بەرنامە بۆ پێشگیری لە پێشڕەویی هێزی دوژمن بەرەو شارەوێرانی مەهاباد دابنێن. ئەوکات من لەگەڵ ئەو دەستەیە لە پێشمەرگەکانی هێزی پێشەوا بووم و شەهید محەممەد نادر لەگەڵ هێزی ئەفشین بوو.

کاک محەممەد لەو پێشمەرگە شارەزایانەی ناوچەکە بوو کە  لەکاتی بەرنامەدانان بۆ ڕاوێژ و هاوفکری بانگ دەکرا. ئەو لە ئێمەمانان دیارتر بوو، لەبەر ئەوەی کە خەڵکی ناوچەکە بوو و شارەزای هەموو ئەو ناوچەیە بوو، زۆرتر ڕاوێژی لەگەڵ دەکرا. جیا لەمانەش تەمەنی لە ئێمە لەسەرتر بوو و خەڵکی ناوچەکەشی بە کورد و تورکەوە بەباشی دەناسی. ئەوکات من زۆرتر گوێگر بووم و هەڵسوکەوتی پێشمەرگە و فەرماندەکانم لەبەر چاو بوو و گوێبیسی قسەکانیان دەبووم. لەو مەئموورییەتەدا هاوڕێی پێشمەرگە کاک محەممەد ئەحمەد پوورم ناسی و زانیم کە خەڵکی قەڵاتانی دورگەیە. ئەو مەئمورییەتە بوو بە سەرەتای ئاشنایەتی و ناسیاویی من لەگەڵ کاک محەممەد نادر.

ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی من وەک بەرپرسی کۆمیتەی خەلیفان چووم بۆ ئەو ناوچەیە و لەگەڵ  کاک محەممەد لە کاری حیزبیدا لە کۆمیتەی خەلیفەلیانی سندووس بووینە هاوکار. ئەو لەوکاتدا ئەندام و کادری ئەو کۆمیتەیە بوو و لە بەشی قەڵاتان، مەمێند و گردەقیت کاری دەکرد کە ئەو ناوچەیە بەهۆی جادەی مەهاباد- ورمێ لەیەکتر دابڕاوە. کاک محەممەد لەو ناوچەیە وەک کەسایەتییەک زمانحاڵی حیزب دێموکرات بوو.

کاک محەممەد خوێندەواریی کەم بوو بەڵام پێشمەرگە و کادرێکی پوختە و شارەزا بوو . زۆر کار کە لەو ناوچەیە دەکران، بێ ئەوەی بمهەوێ لە نەخش و ڕۆڵی هاوڕێیانی دیکە کەم بکەمەوە بەڵام لە زۆر ئاستدا بیرۆکە و ڕۆڵی سەرەکی بە کاک محەممەد بوو. هەروەک لە زمان خۆیەوە بیستوومە، کاک محەممەد پێش شۆڕشی گەلانی ئێران دژی حکوومەتی پەهلەوی ئەندامی حیزبی دێموکرات بووە و دوای ڕووخانی حکوومەت و لەگەڵ ڕاگەیاندنی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکرات چەکی پێشمەرگایەتی لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاویدا کردۆتە شان و لە کار و تێکۆشانی حیزبیدا لەو ناوچەیە نەخشی‌ بەرچاوی هەبوو. بەهۆی ئەوەش کە خەڵکی ئەو ناوچەیە بوو و خەڵک دەیناسی و خەڵکی دەناسی، یەکێک لە کەسە دیارەکانی ناوچەکە بوو. بۆ چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتییەکان و ڕایی کردنی کارەکان پرس و ڕا زۆرتر بە کاک محەممەد دەکرا و زۆر بابەتی هەستیار لەسەر دەستی ئەو یەکلایی دەکرانەوە.

لەو ناوچەیە کە دانیشتووانەکەی تێکەڵاوێکە لە کورد و تورک، کاک محەممەد پێوەندییەکی پتەو و بەرفراوانی لەگەڵ خەڵکی هەر دوو نەتەوەکە هەبوو. هەر لە ڕێگای کاک محەممەدەوە چەند کەس لە تورکەکان ببوونە ئەندامی حیزبی دێموکرات و دۆست و لایەنگرێکی زۆری لەنێو تورکەکاندا بۆ حیزب پەیدا کردبوو. کاریگەری و پێوەندییەکانی کاک محەممەد خەڵکی ئەو ناوچەیەی لە زۆر کارەسات و ڕووداوی ناخۆش پاراست و ناوبراو ببووە هەوێنی ئاشتی و تەبایی لەو ناوچەیەدا. کاک محەممەد بەهۆی ناسراوی و پێوەندییەکانی زۆر کێشەی نێوان کوردەکان و تورکەکانی چارەسەر کرد. بە واتایاکی دیکە دەتوانم بڵیم کە کاریگەریی کاک محەممەد لەو پێوەندییەدا بەرچاو و دیار بوو.

ئەو ناوچەیە کە "شامی داشخانە"ی تێدا هەڵکەوتوە، کاک محەممەد ڕۆڵی بەرچاو و کاریگەری لە سەروسامان‌دانی شام هەبوو. بە ڕێکوپێکی سەروبەری دەکرد. لەو کارەدا نامهەوێ نەخشی‌ ڕەوانشاد کاک مەحموود چووکەڵی لە یاد بکەم. ئەویش هاوکارێکی نزیکی کاک محەممەد بوو و لەو بارەوە زەحمەتێکی زۆری کێشا. پیاوێکی چالاک و دڵسۆز و ماندوویی‌نەناس بوو، لەسەر حیزبی دێموکرات تووشی زۆر چەرمەسەری و زیندان و ئازار بۆوە بەڵام تا کۆتایی وازی نەهێنا و کۆڵی نەدا.

کارێکی گەورەی دیکەی کاک محەممەد بایەخدان بە ژینگەی کوردستان بوو. دەوروبەری شام لە نێوان گوندەکانی مەمێند و گردەقیت و داشخانە ناوچەیەکی بەربڵاوی هەبوو، پنچکی داری گەزی خۆڕسکی لێ ‌‌ڕوابوون. لە ڕاستیدا ئەو بەشەی کردبووە پاوان و چاودێری دەکرد و بە هیممەتی ناوبراو ئەو بیابانە لەو ناوچەیە بوو بە لێرەوارێکی سەوز و سروشتی ئەو ناوچەیەی ڕازاندبۆوە. شایی زۆری پێی هەبوو  و ئەم کارەی ببووە وێردی سەر زمانی خەڵکی ناوچەکە.

کاک محەممەد لە پێناو ژینگەی سەوزی کوردستاندا زەحمەتێکی زۆری کێشا، بەداخەوە دارستانێک کە خۆی پارێزگاری لێ‌دەکرد، دوژمن چاوی بە کارەکەی و بە سەوزایی و سروشتی جوانی کوردستان و خزمەتی کاک محەممەد بە گەل و نیشتمانەکەی هەڵنەهات و هەر لەنێو ئەو دارستانەدا دوژمن مینی بۆ دانایەوە و لەژێر پێیدا تەقیەوە و بەداخەوە شەهید بوو.

دوژمن کاک محەممەدی شەهید کرد، بەڵام بەرهەمی زەحمەت و ماندوو بوونی کاک محەممەد بێجگە لە جوانیی سروشتی کوردستان، ئەو دارستانە لە عەمەلیاتی ١٢ی پووشپەڕی ١٣٦٣ی هەتاوی پێشمەرگەکانی دێموکراتدا بوو بە حەشارگە و جێی حەوانەوەی پێشمەرگەکان. ئەم ناوچەیە دەشتاییە و بۆ حەوانەوەی هێزی زۆری پێشمەرگە سەخت و دژوارە بەڵام بە بیرۆکەی کاک محەممەد و دروستکردنی دەیان شوێنی خۆپاراستن لەنێو قامیشەڵانی داشخانەدا بوو بە پەناگەیەک بۆ پاراستنی هێزی پێشمەرگە و ئەوکات بۆ زۆر کار و تێکۆشانی حیزبی کەلک لەو قامیشەڵانە وەرگیرا.

هەروەک پێشتر باسم کرد کاک محەممەد کەسێکی زۆر کۆمەڵایەتی بوو، پێشمەرگەیەکی قسە خۆش و سەنگین بوو. ئەو جێگەی بڕوا و متمانەی حیزب و خەڵکی ناوچە بوو، نەک هەر خەڵکی کورد لەو ناوچەیە بەڵکوو تورکەکانیش باوەڕ و متمانەی تەواویان بە ناوبراو هەبوو.کەسایەتی و خاکەڕایی و سەنگینی‌ ناوبراو وێردی سەر زمانی خەڵک بوو و بە دەیان کێشەی لەو ناوچەیە لەسەر دەستی ئەو چارەسەر کران چونکە لە هەموو کەس زیاتر قسەی لێ وەردەگیرا. خەڵک بۆیان دەرکەوتبوو کە کاک محەممەد یەکێک لە دڵسۆزترین تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات و خەمخۆری سروشتی کوردستان و خەڵکی ناوچەکەیە. ئەو ڕاستە خوێندەواریی زۆر نەبوو بەڵام لە هەڵسوکەوت لەگەڵ خەڵکدا شارەزایی و ئەزموونی زۆری هەبوو، هەر بە قسەی خۆش یان بە زمانێکی سادە و خۆماڵیانە کێشەکانی چارەسەر دەکرد. لە هەمانکاتدا کادرێکی پوختەی حیزبی دێموکراتیش بوو و تا ڕادەیەکی زۆر شارەزایی لە سیاسەت و بەرنامەی حیزب هەبوو و بە زمانێکی شیرین و پاراو سیاسەتەکانی حیزبی بۆ خەڵک شی دەکردەوە و خەڵکیش بەوپەڕی دڵخۆشییەوە قسەکانیان لێ وەردەگرت.

لەو ناوچەیە زیاتر لە سەتا ٩٥ی خەڵکی بۆ لای حیزب ڕاکێشابوو. ڕاستە خەڵکی کورد بە گشتیی ئۆگری کوردایەتی و حیزبی دێموکرات و سیاسەتی دروست و بەرنامەی خەڵک پەسەندی حیزب بوون و لە زوڵم و زۆری داگیرکەرانی کوردستان بێزار بوون، بەڵام ئەوە کاک محەممەد و کادر و پێشمەرگەکانی ئەو ناوچەیە بوون کە توانیان حیزب لەو ناوچەیە ئاوا بە هێز بکەن و کاریگەری لەسەر تورکەکانیش دابنێن. کاک محەممەد لەو پێوەندییەدا لەو ناوچەیەدا لە ڕیزی پێشەوەی کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بوو.

من بە حوکمی پێشمەرگایەتیم لەو ناوچەیە و ناسیاوی و هاوکاریم لەگەڵ کاک محەممەد زۆرتر باسی کاریگەری ناوبراوم لەسەر کێشە کۆمەڵایەتییەکان و ڕۆڵ و دەوری ناوبراو لە ڕێکخستنی خەڵک و تەشکیلاتی حیزبدا کرد، بەڵام بێ پێداهەڵگوتن کاک محەممەد یەکێک لە پێشمەرگە هەرە ئازاکانی حیزب بوو لەو ناوچەیە. هەر مەئموورییەتێکی سیاسی، نیزامی، تەشکیلاتی و کۆمەڵایەتی لەو ناوچەیە کە بیری لێ‌دەکەمەوە نەخش و ڕۆڵی کاک محەممەد تێدا گرینگ و بەرچاو بووە. ناوبراو بۆ کۆکردنەوەی زانیاری، شارەزایی لە ناوچەکە و هاوکاریی هێزی پێشمەرگە هەمیشە ئامادە و لەگەڵ تیمی پێشرەوی پێشمەرگەدا بوو. زۆر شەڕی قارەمانانەی ئەو ناوچەیە لەسەر دەستی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە هاوکاری و هیممەتی ناوبراو بەڕێوەچوون و پێشمەرگە سەرکەوتنی وەدەست‌هێناوە و کەمترین زیانی پێگەیشتوە. دوژمن زۆر جار پیلانی جۆراوجۆری دژی هێزی پێشمەرگە گێڕاوە و ویستوویەتی زەربەی لێ‌بدا بەڵام بە چاوساغی و شارەزایی کاک محەممەد زۆر پیلانی دوژمن پووچەڵ کرانەوە. دەتوانم بڵێم لە هێندێک شوێن کە کاک محەممەد لەگەڵ نەبووە بەداخەوە پێشمەرگەکان تووشی زیان بوون و شەهیدیان داوە. لەو پێوەندییەدا نموونەم هەیە بەڵام ناکرێ لێرەدا باسیان بکەم.

بەداخەوە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ٧ی ڕەشەممەی ساڵی ١٣٦٣ی هەتاویدا یەکێک لە پێشمەرگە هەرە ئازا و یەکێک لە کادرە تێکۆشەر و بەوەجەکانی خۆی لە دەست دا. بە دڵنییایەوە دەتوانم بڵیم ئەگەر کاک محەممەد شەهید نەبایە و زیاتر مابایەوە کاریگەری زیاتری لەسەر خەڵکی ناوچە و خزمەتێکی زۆر زیاتری بە حیزبی دێموکڕات و ڕێبازەکەی دەکرد و جێ پەنجەی بە زۆر شەڕ و ڕووداوی دیکەوە دیار دەبوو.

ڕوحی شاد و ڕێگەی خەبات و تێکۆشانی بەردەوام و پڕ ڕێبوار بێ و لە چل ساڵەی شەهیدبوونیدا سێبووری و سەرکەوتن بۆ کوڕ و کچەکانی و کەسوکاری بەئاوات دەخوازم.