کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"ئەی ڕەقیب" مانیفێستی نەتەوەیەک

10:56 - 8 رەشەمه 2724

"ئەی ڕەقیب" مانیفێستی نەتەوەیەک

ڕێبوار دوونان

ئەوەی زێدە مایەی سرەنج و شانازییە شێعرەکەی شاعیری جوانەمەرگ و تێکۆشەری ڕێگای ئازادی مرۆیی کورد و سەربەستی ژیان و سەرفرازیی کوردستان، م.دڵدار(یونس ڕەئوف)ی کۆییە. ئەی ڕەقیب تەنانەت مایەی سەرنج و ڕامانە لە سەر ئاستی خەباتی نەتەوە ژێردەست و دواکەوتووەکانی جیهانی دوێنێ و ئەمڕۆ کە وەک شێعری ئەی ڕەقیب شۆڕنەبووەتەوە نێو ناخ و هۆش و گیانی هەستی تاکی نەتەوەکەیدا. لەوەش گرینگتر زۆربەی هەرە زۆری منداڵانی کوردستان دەقی "ئەی ڕەقیب "یان بە ئاوازەوە لەبەرە. بۆیە بە لای منەوە بە هەموو پێوەرێکی کولتووری، ئەدەبی، سیاسی، هونەری، نیشتمانی، شۆڕشگێڕی، مرۆڤ پەروەری و ...هتد "ئەی ڕەقیب" مانیفێستی نەتەوەیی هەموو گەلی کوردستانە کە لەم کورتە نووسینە شیکارییەدا باسی دەکەم.

زۆر بە کورتی لەبەر ڕۆشنایی و بۆچوون و ڕامان و لێکدانەوەدا لە مەڕ دەور و ژیانی مامۆستا دڵدار، هەر لە یەکەم وشەی دەقی شێعرەکەی بە (ئەی) ! دەست پێ دەکات، واتە پەنجە درێژکردن-پەنجە وەشاندن لە بەرامبەرەکەی. بە تایبەتیش ئەو دەربڕینە (ئەی) لە ناخێکی پڕ قینی پیرۆزی نەتەوەیی هەڵدەقوڵێ. دیارە کە دەڵێ ئەی ڕەقیب واتە ئەی دوژمن؟ کام دوژمن؟ داگیرکەرانی کوردستان...!

لێرەدا وەک شۆڕشگێڕێکی سەرسەخت بەرامبەر دوژمنەکەی، دوژمنی نەتەوەکەی وەستاوە و پەنجەی تووڕەیی چەوساندنەوە و ئێش و ئالنگاری کۆمەڵایەتی -سیاسی-نەتەوەیی دەوەشێنێ و دەڵێ: ئەی ڕەقیب هەر ماوە قەومی کورد زمان.

لێرەدا دڵدار بە دوژمنی نەتەوەکەی دەڵێ: هەرچەند دەمێک ساڵە کوردان قڕ دەکەن، لە ناویان دەبەن، بەڵام هەر ماوە قەومی کورد زمان هاوکات لە دوای وشەی بەیتەکە وشەی زمان بەکار دێنێ، بەباشی ئاگاداری ئەوەیە کە زمان نیشانەیەکی هەرە زیندووی هەر نەتەوەیەکە. لێرەدا زمان ئەوە دەگەیەنێ کە نەتەوەکەی خاوەن زمانی تایبەتی خۆیەتی وهتد.

لە نێو دێری دووهەمدا وڵامی نیوە دێری یەکەم دەداتەوە و دەڵێ: "نایشکێنێ دانەری تۆپی زەمان". دیسان لێرەدا ئەم نیوە دێڕە، ئەوە دووپات دەکاتەوە قەومەکە – نەتەوەکەی هەر ماوە ...!

ب پێچەوانەی ئەو دەسەڵاتەی (دوژمنەکەی) خاوەنی تۆپی زەمانە، تۆپی نوێ بەکۆمەڵ مرۆڤکوژن کە دوێنێ سیاسەتی قڕکردنی بە شێوازێکی کۆن پەیڕەو دەکرد، ئەمڕۆکەش هەرچەند خاوەن ئەو چرکە کۆمەڵ کوژە تازەیە ناتوانن ئەو نەتەوەیە بشکێنن و لە ناوی بەرن. لە نێو دێڕی سێهەمدا سەیر دەکەین م. دڵدار چۆن بەرپرچی ئەو سیاسەتە داگیرکەرانەی دوژمنانی کوردستان دەداتەوە و لە ناخەوە هاوار دەکا کە نەتەوەکەی کۆڵ نادات: "قەومی کورد هەستایە سەر پێ وەک دلێر". لەوەش گرینگتر پاش ئەو هەموو سیاسەتەی ئاگرو ئاسن کە بەرامبەر کورد کراوە بەڵکوو هەمان کات بەرامبەر ژیانیش کراوە، "ئامادەیە ، تا بە خوێن نەخشی بکات تاجی ژیان"

لە نێو دێڕی پێنجەمدا دڵداری مەزن دووبارە لە قوڵایی ڕەقی پیرۆزییەوە هاوار دەکات و ڕوو لە دوژمنە خوێنخۆرەکانی گەلی کوردستان دەڵێ: "کەس نەڵێ کورد مردوە ، کەس نەڵێ کورد مردوە". ئەو دووبارە کردنەوەیە ئەو پەڕی بڕوابەخۆبوونە بە تایبەتی لە ڕوانگەی ئەوەی میللەتان هەرگیز نامرن. لەوەش زیاتر هەروەکوو سەرکردەی مەزنی هیندی جەواهیر لەعل نەهرۆ لە بارەی کوردەوە فەرموویەتی :(مادەم کورد ئامادەیە قوربانی لەپێناو سەرفرازی بدات هەرگیز نامرێ). دواتر م. دڵدار خاوەن بڕوایەکی پۆڵایین بووە بۆیە کە ئەوە دووپات دەکاتەوە کە میللەتان هەرگیز نامرن ، کوردیش لەو قانوونە بەدەر نییە.

دڵدار شۆڕشگێڕی کەم وێنەی سەردەمی خۆی، لە نیوە دێڕی شەشەمدا دووپات و سێ پات ەیدەکاتەوە کە ئەگەر نەتەوەیەک وەک نەتەوەی کورد لە پێناو مان و سەرفرازی ئامادەی قوربانیدان بیت  ئەوە هەردەم بە زیندوویی دەمێنێتەوە و ئاڵای خەبات و تێکۆشانی هەمووکات بە بەرزی دەمێنێتەوە: "کورد زیندووە، زیندووە قەت نانەوێ ئاڵاکەمان"

دڵدار دەڵێ: "ئێمە ڕۆڵەی ڕەنگی سوور و شۆڕشین، سەیری کەن خوێناوییە ڕابردوومان".

دڵدار وەک قارەمانێک کە لە مەیدانی شەڕدایە، هەمدیسان پەنجە لە دوژمنەکانی نیشتمان  ڕادەوەشێنێ: "کەس نەڵێ کورد مردووە ، کەس نەڵێ کورد مردووە/ کورد زیندووە، زیندووە قەت نانەوێ ئاڵاکەمان"

لە حەوتەم دوونیوە دێڕی شێعرەکەدا، سەیری بکەن دڵداری شاعیر چەند بە وردی و زانستی بگرە لە بەر ڕۆشنایی زانستی کۆمەڵناسی، دەوری گرینگی لاوان کە بنەڕەت و بنەمای هەر کۆمەڵگەیەکی مرۆڤایەتییە دەست نیشان دەکات، جا ئەو نەتەوانە لە هەر ئاستێکی دواکەوتوویی و پێشکەوتوویی ژیاندا بن، ئەوە لاوانن کۆڵەکەی بەرەنگار بوونەوە و قوربانیدانن. لەوەش زیاتر دڵدار دووربین بووە نەک تەنیا هەر ئامادەیی و قوربانی گەنجان دەستنیشان دەکات بگرە هەر لە کۆتایی ئەو نیوە دێڕەدا دووپات دەکاتەوە. نموونەیەک کە دڵداری نیشتمان پەروەر سەرسەخت لە ناخەوە هاوار دەکا و پەیامی پیرۆزی لاوان بە دوژمنان ڕادەگەیەنێ: "لاوی کورد هەر حازر و ئامادەیە.... گیان فیدایە، گیان فیدایە، هەر گیان فیدا". لێرەدا مایەی سەرنجە سێ بارەبوونەوەی گیان، ئەو پەڕی بڕوا بە هێزی گەنجان دەسەلمێنێ کە ئەو چینە هەرە خوێن گەرمی کۆمەڵگان بە ویستی پۆڵایینیانەوە دوژمنی سەرسەخت و دڕندە دەبەزێنن. بۆیە لە کۆتایی دەقەکەدا دوونیوە دێڕی یەکەم سەرەتای شێعرەکە بە ڕقی پیرۆزییەوە دووبارەی دەکاتەوە و پەنجەی خۆڕاگری و ئازایەتی ڕادەوەشێنێ و دەڵێ: "ئەی ڕەقیب هەر ماوە قەومی کورد زمان، نایشکێنێ دانەری تۆپی زەمان".

هەر وەکوو لە سەرەتاوە باسی ئەوەمان کرد بە دەگمەن وا هەڵدەکەوێ سروودی نیشتمانی نەتەوەکانی دیکە، بەم شێوەیەی "ئەی ڕەقیب" بۆتە هێزێکی نەتەوەیی کە بە درێژایی تەمەنی شێعرەکە وەک دەقێکی زێدە زیندووی تێکۆشەر ڕۆژانە لە هەر چوارپارچەی کوردستان وەکوو شوناس و پێناسەی نەتەوەیی دەنگی زوڵاڵی شێعرەکە و هەروەها ئاوازە شۆڕشگێڕانەکەی بە ناخی مرۆڤی ستەم دیدەی کورددا هێزێکی گیانی و هاندەر و مرۆڤپەروەری پێدەبەخشێ.

ئاکام: مامۆستا دڵدار لە ڕۆژگارێکی هەرە سەخت و دژواری ڕەوشی ژیانی گەلی کوردستان لە دایک بووە، هەر لە باوەشی ئەو ڕەوشەی ئاڵۆزی کۆمەڵایەتی، ئابووریی، سیاسی، هەژاری و نەخوێندەواری و نەتەوەیی چاوی کردووەتەوە و پەروەردە بووە، بگرە هەر لە سەرەتای ژیانیەوە بە هەردوو ژینگەی گشتی کوردستان و کۆی خێزانەکەی فرچی بە ئێش و ئازاری کۆمەڵگەی کوردەواری گرتووە.

- نێوەڕۆک و جەوهەر و پەیامی دەقەکە (ئەی ڕەقیب) کرۆک و ڕەنگدانەوەی چەوساندنەوە و خەبات قوربانی دانی درێژخایەنی کوردان دووپات دەکاتەوە، بە دوو کۆمێنتی بەڵگەنامەیی مێژوو و ئامێز دەژمێرێ.

-هەم دیسان ناوەڕۆک و پەیامەکەی کاردانەوە و ڕەوایەتی جووڵانەوەی ئازادیخوازی کوردە کە بەرامبەر دڕندەیی تێگڕای داگیرکەرانی کوردستان دەخاتەڕوو.

-لە سەر ئاستی کوردستانی گەورە یەکەم دەقی شێعرییە لە ناو سەدان دەقی شێعری نیشتمانی ، نەتەوەیی و سیاسی تیگڕای شاعیرانی کوردستان بووەتە ئامڕازێکی هاندان و خۆڕاگری و بەردەوام بوون لە ڕەوتی تێکۆشانی کوردایەتی هاوچەرخدا.

-م. دڵدار خاوەنی ژمارەیەک بەهرەی کولتووری گشتی، ئەدەبیات ، زانیاری هاوچەرخ و هەڵوێستی زانستیانەی لە مەڕ ئایینەوە بگرە بە چاوێکی ڕامان داهێنەرانە سەیری گەردوونی دەکرد. ئەگەر مردن لە کاتێکی ناسک و ناوەخت نەبوایە و پتر ژیابا و لە ڕەوتەکەی خۆی بەردەوام بوایە ئەوە بێگومان بە مرۆڤێکی تێکۆشەری سەرسەخت شاعیرێک و نووسەرێکی مەزن و شۆڕشگێڕ دەناسرا بگرە بە کەسایەتییەکی زۆر بەناوبانگ لە سەر ئاستی کوردستانی گەورە دەردەکەوت.

-ئەم کورتە نووسینە شیکارییە لە گەڵ ئەنجامەکەیدا هەرهەمووی بە سەر یەکەوە بەوپەڕی دڵنیایی و ڕاستگۆییەوە دەسەلمێنێ دەقی شێعری (ئەی ڕەقیب) مانیفێستی نەتەوەییە و واتا پەیام و ئاڵاهەڵگری جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی هاوچەرخمانە.