
بۆچێ کۆماری ئیسلامی ناتوانی لە ڕووسیە داببرێ؟
رێباز مەریوانی
پێوەندیی دوو سەد ساڵەی ئێران و ڕووسیە و هەروەها چالاکی دەزگای سیخۆری و ئاسایشی دەرەوەی ڕووسیە لە ماوەی رابردوودا زۆرترین کاریگەری لە سەر هەموو جمگە و بەدەنەی حکوومەت و بەرێوەبەرایەتییەکاندا بووە و هەیە. دەزگای سیخۆری ڕووسیە یەکێ لە سیستماتیکترین و ترسناکترین رێخستنە ئەمنیەتییەکانی جیهانە کە لە شەری دوهەمی جیهانییدا رۆڵی گرنگی لە شکستی ئەڵمانیادا هەبووە.
پێوەندی ئێران و ڕووسیە گەرچی بە رواڵەت پێوەندییەکی ستراتیژییکە بەڵام لە راستییدا هیچ هاوکێشی و باڵانسێکی هاوکاری لە نێوان دوو وڵاتدا بوونی نیە و ڕووسیە لە ژیئۆپۆلیتیکی ئێران وەک سایتێکی رووبەرووبوونەوەی دنیای رۆژئاوا کەڵک وەردەگرێ کە لە ئەدەبی سیاسیدا پێی دەگوترێ کارتی گوشار.
پێوەندی ڕووسیە لە گەل کۆماری ئیسلامی تەنیا بە ئێرانەوە کۆتایی پێنایەت بەڵکوو زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوین و بە تایبەت وڵاتانی خاوەن کەمینەی شێعە بە هۆی کۆماری ئیسلامییەوە بەرەو رۆژهەڵات خوازی(ڕووسیە و چین) راکێشراون.
نموونەی بەڵگە بۆ راستگۆ نەبوونی ڕووسیە سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی، بە دەستەوەدانی سووریە بوو کە سەرئەنجامەکەی بوو بە هۆی نەمانی هەیمەنەی ئێران لە تەواوی ناوچەکەدا.
گەرچی ئێران دەیهەویست وەکوو ڕووسیە و چین سەبارەت بە رۆژئاوا مانۆری هێز بدات و لە ململانییەکاندابە هێزەوە دەربکەوێ بەڵام وادیارە پۆتین بە رێکەوتن لە گەل ترەمپ سەبارەت بە پێدانی ئیمتیاز لە سەر حەسابی ئەو وڵاتە هەم کۆتایی بە شەری دوو وڵات دێنن وهەم کۆماری ئیسلامی کە رۆڵی گرنگی لەو شەرەدا هەبوو بێ دەسکەوت دەگەرێتە دواوە.
پرسێکی دیکە کە کۆماری ئیسلامی ناتوانێ لە ڕووسیە دوور کەوێتەوە، پرسی باشووری قەفقازە کە وەک داوێک پێی کۆماری ئیسلامی لێ گیرە. تورکیا و ئازەربایجان بەرنامەی گۆرانکاری لە سنووری ئێران و ئەرمەنستاندا بە دەستەوەیە کە بێجگە لە سرینەوەی سنووری چل و دوو کیلۆمیتری ئێران و ئەرمەنستان پرسی ورووژاندنی تورکەکانی ئێرانیش لە لایەن ئازەربایجان و تورکیاوە کۆماری ئیسلامی تووشی سەر ئێشە کردووە. هەر کات دەسەڵاتی ئێران بیهەوێ نەرم و نیانییەک سەبارەت بە دانوستانی ئێران و ئەمریکا نیشان بدات ئەوا ڕووسیە ئازەربایجان و ئەرمەنستان لە یەکدی گرژ ئەکاتەوە و تەنانەت شەرێکی بەرتەسک درووست ئەکات کە لە ئاکامدا کۆماری ئیسلامی مەجبوورە دژی واشینتۆن هەڵوێست بگرێ و دانوسان نەکات.
سەرئەنجامی باس ئەوەیە کە ئەو بارودۆخەی ئیستا لە دوای راوەستانی شەری ئۆکراین و ورووژاندنی پرسی ئەتۆمی بە شێوەی رابردوو نامێنێ و لە راستییدا هەموو باس و گوشارەکان چڕ دەبێتەوە سەر کۆماری ئیسلامی. کۆماری ئیسلامی بێجگە لە بەرەی تورکیا و ئازەربایجان لە بەرەی ئیسرایل و غەزەوە بەرپرسیاری یەکەمە و هەڵگیرسانەوەی سەر لە نوێ ئەو شەرە رووبەرووی ئێران دەبێتەوە. بە کورتی کۆماری ئیسلامی بە پاوانخواز و چاکسازیخوازەوە لانیکەم لەم بارودۆخەدا حەز بە ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانیان لە گەل رۆژئاوا دەکەن بەڵام بە رێکەوتنی ئێران و رۆژئاوا باڵی بەهێزی ڕووسیە لە رۆژهەڵاتی ناوین و ئاوە گەرمەکانی کەنداو ئەچرێت و پێگەی سیاسی ئەو وڵاتە قەتیس ئەبێتەوە بە سیبریا و باکووری ئاسیاوە.