کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نامەی زەینەب جەلالیان بەندکراوی سیاسیی کورد هاوکات لەگەڵ دەستپێکی هەژدەهەمین ساڵی بەندکرانی

11:18 - 8 رەشەمه 2724

زەینەب جەلالیان، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری ماکۆ و مەحکووم بە بەندکرانی هەتاهەتایی کە لە حەڤدە ساڵی ڕابردوو بەبێ مافی تەنانەت یەک ڕۆژ مەرەخەسی لە بەندیخانە جیاوازەکانی ئێراندا تێپەڕ کردووە نامەیەکی ڕوو بە خەڵک بڵاو کردووەتەوە.

لە بەشێکی نامەکەیدا نووسیویەتی: "لەم تاریکییەی زیندانەدا، چاو لەسەر یەک دادەنێم، وێنایەکی کاڵبووی ژیانی دەرەوەی زیندان لە مێشکمدا هەیە. بیری باوەشە گەرمەکانی دایکم و نیگای خۆشەویستی باوکم و پێکەنینی خوشکەکەم و تەنانەت ڕووگرژییەکانی براکەم دەکەم. بیری خەڵکی خوێن‌گەرم و میواندۆستی کوردستان و گۆرانی کوردی دەکەم. بیری بۆنی گڵ و گوڵ و داربەڕوو و سمۆرەکانی دەکەم. دڵم بۆ کانیاوی ڕوون و ڕووبارەکان و شاخە بەرزەکان و شەوانی پڕ لە ئەستێرەی کوردستان تەنگ بوو و بەو هەموو ناخۆشی و حەسرەتەوە، حەڤدە ساڵ تێپەڕیوە... حەڤدە ساڵ!"

زەینەب جەلالیان، بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٤٢ ساڵی خەڵکی گوندی دەیم قشلاقی سەر بە شاری ماکۆ و بەندکراوی بەندیخانەی ناوەندیی یەزد، سەرەڕای نەخۆشیی جۆراجۆر و لەحاڵێکدا کە مەترسی جددیی لەدەستدانی بینایی چاوی لە ئارادایە بە دژایەتیی بەرپرسانی بەندیخانە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە دەرمان و پێڕاگەیشتنی پزیشکی بێبەش کراوە.

زەینەب جەلالیان زیاتر لە چوار ساڵە کە بێ هیچ ڕوونکردنەوەیەکی یاسایی بۆ بەندیخانەی یەزد گواستراوەتەوە و لە تەواوی ئەو ماوەیەدا، بێ لەبەرچاوگرتنی بنەمای جیاکردنەوەی بەندکراوان بەپێی سزاکانیان لەو بەندیخانەیە، لە سەرەکیترین مافەکانی بێبەش بووە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە، سەرەڕای تێپەڕاندنی ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی و هەڕەشەی دەستدرێژیی سێکسی لە ماوەی لێپرسینەوەکەیدا، چەندین جار بەبێ هۆکارێکی ڕوون لە نێوان بەندیخانەکانی خۆی، ئێڤین، کرماشان، قەرچەک، کرمان و یەزد گواستراوەتەوە. 

زەینەب جەلالیان ٧ی ڕەشەممەی ١٣٨٦، لە جاددەی کامێران_کرماشان دەسبەسەر کرا و سەرماوەزی ٨٧ لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی کرماشان بە سەرۆکایەتیی دادوەر مورادی بەتۆمەتی چوونە دەرەوەی نایاسایی لە ئێران سزای یەک ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی موحاربە لە ڕێگای ئەندامێتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا و دواتر ئەو سزایە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩١ بە لێبوردن و یەک دەرەجە داشکاندن بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.