کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێلێگراف: کۆماری ئیسلامی لە دڵەڕاوکێی هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکادایە

11:23 - 8 رەشەمه 2724

ڕۆژنامەی تێلێگرافی بریتانیا لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە ترس و دڵەڕاوکێکانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە ئەگەرەکانی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بنکە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی کردووە و ڕایگەیاندووە کە بەم هۆیەوە بە تەواوی چوونەتە دۆخێکی ئامادەباشییەوە.

ئەم ڕاپۆرتە کە لە زاری دوو سەرچاوەی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامییەوە زانیارییەکانی خستووەتە ڕوو، نووسیویەتی: "کۆماری ئیسلامی بۆ بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی خۆی لە ئەگەری ئەم چەشنە هێرشانە، سیستمی دژە ئاسمانیی نوێی لە دەوروبەری شوێنە ناوکی و مووشەکیەکانی جێگیر کردووە".

تێلێگراف زیادی دەکات، "بەرپرسانی ئێرانی هەموو شەوێک چاوەڕوانی ئەم هێرشانەن و هەموو ڕێوشوێنە ئەمنییەتییەکان لە بەرزترین ئاستی خۆیاندان، تەنانەت لەو سایت و دامەزراوانەی کە هیچ کەس ئاگاداری هەبوونیان نییە".

ڕاپۆرتەکە ئەم بابەتەشی پشتڕاست کردووەتەوە کە ڕێوشوێنە ئەمنییەتییەکانی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران ساڵانێکە بەهێزتر کراوە بەڵام لە مانگەکانی ڕابردوو و پاش ئەنجامی هێرشی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی ئێران لە ٥ی خەزەڵوەری ئەمساڵدا، ئەم ڕێوشوێنانە زیاتر لە هەموو کاتێکی دیکە چڕ بوونەتەوە.

هەر لە پێوەندیی لەگەڵ نیگەرانییەکانی کۆماری ئیسلامی لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بنەکە ناوکییەکانی، هەواڵدەریی بلۆمبێرگ باسی لەوە کردووە کە دوایین ئاڵوگۆڕەکان بەتایبەتی قسەکانی دۆناڵد ترامپ سەبارەت بە کردنە ئامانجی بنکە ناوکییەکانی تاران، بووەتە هۆکار تاکوو کۆماری ئیسلامی سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی بەهێزتر بکات.

سەرکۆماری ئەمریکا لە ڕۆژانی سەرەتای هاتنەسەرکاری هەڕەشەی لە کۆماری ئیسلامی کردبوو کە ئەگەر بە ڕێککەوتن چارەسەری کێشە ناوکییەکانی نەکات، ئیسرائیل ئێران بوردومان دەکات.

ئیسرائیل لە هێرشی ٥ی خەزەڵوەر بۆ سەر خاکی ئێران ڕایگەیاندبوو کە زۆربەی سیستمە بەرگرییە دژە ئاسمانییەکانی ئێران کە لە جۆری "ئێس ٣٠٠"ـی ڕووسی بوون، تێک شکاندووە.

ڕۆژنامەی تێلێگراف لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا و لە زاری سەرچاوە ئێرانییەکەیەوە باسی لەوە کردووە کە ئەگەرهێرشێکی بەربڵاو لەلایەن ئەمریکاوە بۆ سەر ئیران ئەنجام بدرێت، قەبارەی کۆماری ئیسلامی دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە.

کۆماری ئیسلامی بەهۆی دۆخی قەیراناوی نێوخۆیی ئێران و کەشی ناڕەزایەتی خەڵک بە دژی سیاسەتە دەرەکی و نێوخۆییەکانی، لەوە دەترسێت کە لە ئەگەری وەها هێرشێک خەڵکی ئێران بۆ جارێکی دیکە هاوشیوەی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٤٠١ بێنەوە سەر شەقامەکان و تووشی چارەنووسی ڕێژیمەکەی بەشار ئەسەدی بکەن.

لە ئێستادا و بە دەسبەکاربوونەوەی دەوڵەتی نوێی دۆناڵد ترامپ لە ئەمریکا و هەروەها سەرکەوتنەکانی ئیسرائیل لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو بە سەر بەرەی ناسراو بە "مقاومەت"، ئەگەرەکانی هێرش بۆ سەر بنکە ناوکی و مووشەکییەکانی تاران لە هەموو کاتێکی دیکە زیاترە.