دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کۆچی دوایی خوشکی ئازیزم، ئاسیە هیجری، کە لە رێکەوتی ١٢ی ڕێبەندانی ۱۴۰۳ی هەتاوی، ماڵاوایی لە ژیان کرد، پەیامی بەرینی هاوخەمیی هاونیشتمانیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەرەوەی وڵاتم پێ گەیشت.
هاوخەمیی خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستان، کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دێموکرات و کومیتە و ئۆرگانەکانی حیزب لە دەروەی وڵات و باشووری کوردستان و هەروەها حیزب و لایەن و کەسایەتییەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان و هەندێک کەسایەتی و لایەنی ئێرانیش لەگەڵ خۆم و بنەماڵەکەم و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، مایەی سوکنایی و دڵگەرمی بوو. بە تایبەتی سپاسی جەماوەری نیشتمانپەروەر و بەئەمەگی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەم کە سەرەڕای زەخت و گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی، بە هەستێکی مرۆڤانە و نیشتمانپەروەرانەوە، لە ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی خوشکی ئازیزم و پرسەکەیدا لە شاری نەغەدە، بەشدارییان کرد.
سەرەڕای ئەم بەشدارییەی خەڵکی بەئەمەگی کوردستان، لە ڕێگای دوورەوە و لە هەندەرانیشەوە، سەدان و هەزاران پەیامی سەرەخۆشیی دۆستان و ناسیاوانی حیزبی دێموکڕاتمان پێ گەیشتووە.
لێرەوە سپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی سەرجەم ئەو کەسانە دەکەم کە بە هەموو شێوەیەک، خەمی لەدەستدانی خوشکی ئازیزمیان لە سەر شان سووک کرد و پەیامی هاوخەمی و سەرەخۆشیی خۆیان لەم بارەیەوە دەربڕیوە.
بەهیوای تەمەندرێژی و سەرفەرازی بۆ هەموو ئازیزان و نیشتمانپەروەران
بە سپاسەوە
مستەفا هیجری