کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عێراقچی: ئامادەنین لەژێر گوشار و هەڕەشە و گەمارۆ، وتووێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکادا بکەین

11:42 - 8 رەشەمه 2724

ڕۆژی سێشەممە ٧ی ڕەشەمە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆتایی وتووێژەکانی لەگەڵ “سێرگی لاورۆف” وەزیری دەرەوەی ڕووسیە، لە تاران لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ هاوتا ڕووسیەکەی ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادە نییە لە ژێر گوشار و گەمارۆ و هەڕەشە لەسەر بەرنامەی ناوکی وتووێژ بکات و تا ئەو کاتەی کە ئەمریکا سیاسەتی زۆرترین گوشار لە دژی کۆماری ئیسلامی پەیڕەو بکات، هیچ دانوستانێکی ڕاستەوخۆ لە نێوان دوو وڵاتدا ئەنجام نادرێت.

لێدوانەکانی عێراقچی سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی وتوویژ لەگەڵ ئەمریکا سەبارەت بە بەرنامەی ناوکی، هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بابەتێک لە ڕۆژنامەی تێلێگرافی ئینگلیزی کە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوکراوەتەوە و نووسراوە کە بەرپرسانی تاران هەموو شەوێک بە نیگەرانی و دڵەڕاوکێوە چاوەڕوانی هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکان بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانیان.

و بە پێی ڕاپۆرتی تێلێگراف، بە هۆی ئەم نیگەرانیەوە، ڕێژیمی ئێران سیستمی بەرگریی خۆی لە دەوری دامەزراوە ناوکی و مووشەکییەکانی بەهێزتر کردووە.

هەروەها بڵاوکراوەتەوە کە ڕێژیمی ئێران لە ئێستادا لە هەموو شوێنێک لە ئامادەباشییەکی تەواودان، تەنانەت لەو دامەزراوانەشدا کە تا ئێستا کەس نەیدەزانی هەن و شاراوەبوون.

بەپێی ئەو ڕۆژنامە بریتانیاییە، ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران لە دامەزراوە ناوکییەکانی ساڵانێک لەمەوبەر دەستی پێکردووە، بەڵام دوای هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەری ئیسرائیل و لێدوانەکانی سەرکۆماری ئەمریکا سەبارەت بە ئەگەری هێرشی بەرفراوانتری ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران، ئەو ڕێوشوێنانە لە هەموو کاتێک زیاتر چڕتر و بەهێزتر بوون.

لە پێوەندی لەگەڵ هێرشەکانی ئیسرائیل، دەوڵەتی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە هێرشی مانگی ئۆکتۆبەر، بەرگری ئاسمانی ئێران و هەروەها دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی مووشەکی ئەو ڕێژیمەی لەنێو بردووە.