
بەپێی ڕاپۆرتی تەلێڤزیۆنی دەوڵەتی سووریە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٧ی ڕەشەمە، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل شارۆچکەی ئەلکسوە لە ٢٠ کیلۆمیتری لە باشووری پێیتەختی سووریە، کردە ئامانج.
لەم پێوەندییەدا هەواڵدەریی ''ڕۆیتێرز'' بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئەمنییەکانی سووریە بڵاوی کردەوە کە لەو هێرشەدا بنکەیەکی سەربازی کراوەتە ئامانج.
هەروەها ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر شارۆچکەیەک لە پارێزگای درعا لە باشووری ئەو وڵاتە دەکەن.
لە لایەکی دیکەوە دوای چەند کاتژمێرێک، ئەرتشی ئیسرائیل لە ڕاگەیندراوێکدا ڕایگەیاند، کە هێرشی کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکان لە باشووری سووریە، کە لەنێویاندا کۆگاکانی چەک و تەقەمەنیش کراونەتە ئامانج.
وتەبێژی وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە ڕاگەیندراوێکدا ڕایگەیاند: ''هێزی ئاسمانی هێرشێکی قورسی بۆ سەر باشووری سووریە ئەنجام دا و پەیامەکەمان ڕوونە لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتە نوێیەی کە بۆ دابینکردنی ئاشتی لە باشووری سووریە دیاریمان کردووە، رێگە نادەین باشووری سووریە وەک باشووری لوبنان بێت''.
هەروەها ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە هەر هەوڵێکی هێزەکانی حکوومەتی سووریە و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بۆ جێگیرکردنی هێز لە ناوچەی ئەمن لە باشووری سووریە بدرێت ئەوە لەگەڵ ئاگری ئێمە بەرەوڕوو دەبێتەوە.
شایانی باسە کە ئەو هێرشانە چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی کە سووریە هێرشی سەربازی ئیسرائیلی بۆ سەر باشووری ئەو وڵاتی مەحکووم کرد و داوای کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیلی کرد ڕووی دا.
دوای ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد ئیسرائیل هێزەکانی بۆ ئەو ناوچانەی کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت بەرەو پێش بردووە.