
وەزیری دەرەوەی سوید ڕۆژی سێشەممە ٧ی ڕەشەمە، لە کۆبوونەوەیەکی پارلمانی وڵاتەکەیدا، کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا زانی.
ماریا مالمێر لەم کۆبوونەوەیەدا ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی گرووپە میلیشیاکانی خۆیەوە ئەمنییەت و سەقامگیربوونی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئورووپای خستووەتە ژێر مەترسییەوە و جەختیشی کردووەتەوە کە وڵاتەکەی ئەم چەشنە هەوڵانەی کۆماری ئیسلامی قەبووڵ ناکات.
ئەم قسانەی وەزیری دەرەوەی سوید لەکاتێکدایە کە پێشتر و لە جۆزەردانی ئەمساڵدا دەزگای ئەمنییەتی سوید ڕایگەیاندبوو کە کۆماری ئیسلامی لە گرووپە تاوانکارەکانی سوید و وڵاتانی دیکەی ئورووپایی بۆ هێرشکردنە سەر باڵوێزخانە و هاووڵاتییانی ئیسرائیلی لە سوید و ئورووپا کەڵک وەردەگرێت.
پێوەندییەکانی نێوان سوید و کۆماری ئیسلامی پاش دەسبەسەرکرانی حەمید نووری، یەکێک لە بەرپرسیارانی لەسێدارەدانەکانی دەیەی ٦٠ کە ڕۆڵی سەرەکی لە کوشتنی هەزاران بەندکراوی سیاسیدا هەبوو، گرژیی تێ کەوت.
نووری لە خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی لە ستۆکهۆڵم دەسبەسەر و پاش زیاتر لە چوار ساڵ بەندکران لە ڕێکەوتی ٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٣ لەکاتێکدا کە بە تاوانەکانی "کوشتن" و "تاوانەکانی شەڕ" بە ٢٥ ساڵ بەندکران مەحکووم کرابوو، لە ڕێککەوتنێک لەگەڵ دەوڵەتی سویددا ئازاد کرا و گەڕێندرایەوە بۆ ئێران.
هەر لە چوارچێوەی گرژییەکانی نێوان سوید و کۆماری ئیسلامی ڕۆژنامەی "ئێکسپیرسێن"ـی سوید، ڕێکەوتی ١٢ی ڕێبەندان باسی لە دەسبەسەرکرانی موحسێن حەکیموڵڵاهی، بەرپرس و پێشنوێژی ناوەندی ئیسلامیی "ئیمام عەلی" لە نزیک ستۆکهۆڵم کردبوو.
ئەم ڕۆژنامە لە ڕاپۆرتەکەیدا هێنابووی کە حوکمی دەرکرانی حەکیموڵڵاهی ڕێکەوتی ١١ی ڕێبەندانی ئەمساڵ لەلایەن ڕێکخراوی پەنابەریی سویدەوە دەرکراوە.
ناوەندی ئیسلامیی ئیمام عەلی، گەورەترین ناوەندی شێعە مەزهەبەکانی باکووری ئورووپایە و کۆماری ئیسلامی "موحسێن حەکیموڵڵاهی"ـی بۆ بەرپرسیارەتی ئەم ناوەندە دیاری کردبوو.
ناوبراو ساڵانێک لە سوید چالاکیی هەبوو و لەگەڵ کۆمەڵێک کەسانی سیاسی و ئایینی لەو وڵاتە پێوەندیی دروست کردبوو.