
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشتیوانی لە بانگەوازی "شورای فەرهەنگیی بۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان" بۆ "نەورۆزی خاکیپۆشان" دەکات
نەورۆز وەک بۆنەیەکی مێژوویی و نیشتمانی لە ناو سەرجەم گەلانی ناوچەکە بەتایبەت لە کوردستان لە کۆنەوە گرینگی و بایەخی خۆی هەبووە، لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە کوردستان بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان جەژنی نەورۆز و هێماکانی وەک "جل وبەرگی کوردی، جامانە و هەوری، شایی و هەڵپەرین بە گۆرانی و سروودی نەتەوەیی" بووەتە ڕەمزی خەبات و بەرخودانی شوناسخوازانەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
لە چەند مانگی ڕابردوودا بەتایبەت دوای بانگکردنی ٥٨ هاونیشتمانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە تەنیا لەبەر جلوبەرگی خاکی و جامانە لە ڕەوتی زەماوەندێکی شاری پیرانشار، کوڕان و کچانی کورد بۆ هاوپەیوەندی و پشتیوانی لەو هاونیشتمانییانە و خەباتی ڕەوای ڕۆڵە قارەمانەکانی خۆیان لە داهێنانێکی نوێ وجوان دا بە پۆشینی جلوبەرگی خاکی و جامانە، هۆڵەکانی ئاهەنگگیڕانیان کردووەتە مەیدانێک بۆ دەربڕینی هەستە نەتەوەیەکانیان و بەم شێوەیە ترسێکی گەورەیان خستۆتە دڵی داگیرکەرانی کوردستان.
کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ڕێگری کردن لەو چالاکیانە وێرای هەڕەشە و گوڕەشە لە خاوەن هۆڵەکان، بەشێکی بەرچاوی لە کوران و کچان و چالاکانی ئەم بوارەی دەسبەسەر یان بانگکردووە و تاوانی دژ بە ئەمنییەتی وڵاتی خستوونەتە پاڵیان. ئەو ڕووداوانە لەگەڵ نیزیک بوونەوە لە بۆنەکانی نەورۆزی کوردەواری وای کردووە کە لاوان و کۆڕان و کچانی کورد بە گوڕۆتینێکی زیاترەوە بەرەوپیری ئەو جێژنە نەتەوەییەوە بچن و گوێ بە دیکتاتۆر نەدەن.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دا بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی کوردستان و چالاکانی مەدەنی و، بە تایبەت "شورای فەرهەنگیی بۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان" لە بانگەوازێکدا وێڕای داواکردن لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بۆ بەشداریکردنیان لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز، ناوی نەورۆزی ٢٧٢٥ی کوردییان بە "نەورۆزی خاکیپۆشان" ناودێر کردووە. لەم بانگەوازەدا هاتووە؛ "لە بۆنەکانی جێژنی نەورۆزی ئەمساڵ دا وا چاوەڕوان دەکرێت، کوڕانی خاکیپۆش و جامانە لە مل و کچانی هەوری لەبەر ئەم جەژنە بکەنە کەرنەواڵێکی نەتەوەی". بانگەوازەکە داوا لە کۆمەڵانی خەلکی کوردستان و کەسایەتییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، هەروەها ڕێکخراوەکانی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات کە بۆ بەڕێوەچوونی بەشکۆی هەرچی زیاتری "نەورۆزی خاکیپۆشان" بە جلوبەرگی ڕەسەنی کوردانە بەشداری لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆی ٢٧٢٥ی کوردی"نەورۆزی خاکیپۆشان" بکە.
هەر لەم پێوەندییەدا؛ ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای پشتیوانی لەم بانگەوازە، دەنگی خۆی دەخاتە پاڵ بانگەوازی "شورای فەرهەنگی بۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان"و داوا لە هەموو لایەک دەکەین بە گوڕوتینێکی هەرچی زیاترو بە بەکارهێنانی جامانە و هەوری و لەبەر کردنی جلوبەرگی خاکی و ڕێزگرتن لە میوانانەکان، بەشداری ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە "نەورۆزی خاکیپۆشان" بکەن و بەم شێوەیە پارێزگاری لە شوناسی نەتەوەییمان بکەین.
بەرز و پیرۆز بێت "نەرۆزی خاکیپۆشان"
بە هیوای وەدیهاتنی ئاوات و ئازادی سەرجەم بەندکراوانی سیاسی
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ی کوردی