کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی منداڵێکی بەلووچ و لەبارچوونی کۆرپەیەک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم

11:28 - 9 رەشەمه 2724

بەهۆی تەقەی هێزەکانی یەکەی تایبەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئێرانشاری سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، منداڵێکی بەلووچ بەناوی یووسف شەهلی بوڕ، تەمەن پێنج ساڵ گیانی لەدەست دا. هەروەها دایکی یووسف کە دووگیان بووە، لە دوای پێکرانی بە گولـلەی ئەو هێزانە کۆرپەکەی لەبار چووە و بارودۆخی تەندروستیی جێی نیگەرانییە.

بەپێی ڕاپۆرتی ''هەنگاو''، ڕۆژی دووشەممە ٦ی ڕەشەمە، یووسف شەهلی بوڕ، منداڵی تەمەن ٥ ساڵی خەڵکی ئێرانشار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی یەکەی تایبەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرا.

حاڵ وەش لەو بارەدا نووسیویەتی: "یووسف شەهلی بوڕ لە ئەنجامی پێکرانی بە پێنج گولڵە، بەهۆی نەبوونی پزیشکی برینگەر چەند کاتژمێر لە نەخۆشخانە بە چاوەڕوانی ماوەتەوە و لەئاکامدا دوای نەشتەرگەری گیانی لەدەست داوە."

هەروەها ڕۆژی ٧ی ڕەشەممە، مریەم شۆهلیبۆر، دایکی تەمەن ٣٢ ساڵی یووسف، بەهۆی پێکرانی بە گولـلەی هێزەکانی ڕێژیم دوای یەک ڕۆژ کۆرپەکەی لەدەست داوە.

ئەو دایکە بەهۆی قووڵیی برینەکانی و بارودۆخی تەندروستیی لە بەشی چاودێریی تایبەتیی نەخۆشخانەی ئێرانشار خەوێندراوە.

هەروەها شۆفێری ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە کە قوربانیی تەقەی بێ ڕێسای هێزەکانی ڕێژیم کراون، بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەسبەسەر کراوە.

هەتا ئێستا ناوەندە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەر چەشنە ڕادەربڕین و لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتییەک لەسەر ئەو ڕووداوە ڕێگرییان کردووە.