کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاژانسی وزەی ناوکی: تاران ئورانیۆمی پێویستی بۆ دروستکردنی شەش بۆمبی ناوکی لەبەر دەستدایە

11:36 - 9 رەشەمه 2724

ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لە دوایین ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە بەرنامە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە کە تاران پاشەکەوتەکانی ئورانیۆمی پیتێندراوی تا ڕادەیەکی بەرچاو زیاد کردووە.

بەپێی ئەم راپۆرتەی ئاژانس، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پاش سەرکەوتنی دۆناڵد ترامپ لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، پیتاندنی ئورانیۆمی لە ئاستەکانی نزیک بە دروستکردنی چەکی ناوکی، خێراتر کردووەتەوە.

ئاژانس لە ڕاپۆرتەکەیدا هێناویەتی، پاشەکەوتەکانی ئورانیۆمی ٦٠ لە سەدیی ئێران لە ماوەی کەمتر لە سێ مانگدا، لە سەرماوەزەوە تا ٢٠ی ڕێبەندانی ئەمساڵ ٩٢.٥ کیلۆگرەم زیادی کردووە و لە ئێستادا گەیشتووەتە ٢٧٥ کیلۆگرەم کە بە بڕوای ئاژانس دەکرێت ٦ بۆمبی ناوکی پێ دروست بکرێت.

 پێشتر ڕافائێل گڕووسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، هۆشداریی دابوو کە ئێران لە هەوڵدایە پیتاندنی ئورانیۆم لە بنکە ناوکییەکانی تا حەوت ئەوەندە زیاتر بکات و جەختیشی کردبووەوە کە چیتر کات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و کۆنتڕۆڵکردنی بەرنامە ناوکییەکانی تاران لە کۆتاییەکاندایە.

ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا باسی لە پیتاندنی ئورانیۆمی ٣.٥ لە سەدی و ٢٠ لە سەدیی کۆماری ئیسلامیی کردووە و پشتڕاستی کردووەتەوە کە کۆی گشتیی پاشەکەوتەکانی ئورانیۆمی پیتێندراوی ئێران دەگاتە ٨ هەزار و ٢٩٥ کیلۆگرەم کە لە چاو سێ مانگی ڕابردوو و پێش سەرکەوتنی دۆناڵد ترامپ ٢٥ لە سەد زیاتری کردووە.

ئەم ڕێژە بەرزە لە پیتاندنی ئورانیۆم بە تایبەتی ئورانیۆمی ٦٠ لە سەدی لەکاتیکدایە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ڕەتی دەکەنەوە کە تاران بە دوای دروستکردنی بۆمبی ناوکیدا بێت، هەرچەند کە پاش هێرشی ٥ی ڕەزبەری ئیسرائیل بۆ سەر خاکی ئێران کۆمەڵێک لە بەرپرسانی سیاسی و نیزامیی کۆماری ئیسلامی باسیان لە ئەگەرەکانی گۆڕینی دوکتۆرینی ناوکی کردبوو.

لەلایەکی دیکەوە دەوڵەتی نوێی ئەمریکا بە شێوەی ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات کە کۆماری ئیسلامی دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگات.

برایان هئووز، وتەبێژی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوەیی ئەمریکا، لە یەکەمین کاردانەوە بە ئەم ڕاپۆرتە نوێیەی ئاژانس ڕایگەیاندووە، "دۆناڵد ترامپ کۆماری ئیسلامیی خستووەتە ژێر گوشارەوە و پێبەندە کە ڕێگە نەدات هیچ کات دەستیان بە چەکی ناوکی بگات".