
بەپێی ئەنجامەکانی ڕاپرسییەک لە ئەمریکا، زۆرینەی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە خوازیاری هێرشکردنەسەر بنکە ناوکییەکانی ئێران و دەرکردنی هەتاهەتایی حەماس لە غەززەن.
ڕێکەوتی یەکەم و دوویەمی ڕەشەمە، زانکۆی هاڕوارد و دامەزراوەی ڕاپرسیی "هەریس" لە ئەمریکا، ڕاپرسییەکیان سەبارەت بە کۆمەڵێک مژاری سیاسی بەڕێوە بردووە کە بەشێکی سەبارەت بە هێرشکردنەسەر بنکە ناوکییەکانی ئێران بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دەسپێڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ناوکی و شەڕی غەززە بووە.
بەپێی ئەنجامەکانی ئەم ڕاپرسییەی هاڕوارد و هەریس، ٧٦ لە سەدی بەشداربووان لە سەر ئەو بڕوایەن کە دەبێت بنکە ناوکییەکانی ئێران لە نێو ببرێت.
هەروەها ٥٧ لە سەدی بەشداربووان خوازیاری ئەوە بوون کە ئەمریکا پشتیوانی لە ئیسرائیل بکات لە کاتی هێرشکردنەسەر بنکە ناوکییەکانی ئێران.
٥٤ لە سەدی دیکەش ئەو سیاسەتانەی کە دۆناڵد ترامپ لەهەمبەر کۆماری ئیسلامی گرتوویەتیە بەر، بە دروستی دەزانن و لە ڕاپرسییەکەدا پشتیوانییان لێ کردووە.
لە بەشێکی دیکەدا و لە وڵامەکانی سەبارەت بە دەرکردنی هەتاهەتایی حەماس لە غەززە، ٧٨ لە سەدی بەشداربووان پێیان وایە کە دەبێت ئەم گرووپەی سەر بە تاران بۆ هەمووکات لە غەززە دەربکرێت.
٨١ لە سەدی بەشداربووانی لایەنگری کۆماریخوزاەکان و ٧٤ لە سەدی لایەنگرانی دێموکراتەکان، دەرکردنی هەتاهەتایی حەماسیان بە بابەتێکی دروست زانیوە.
ڕاپرسییەکە لە چەند مژارێکی دیکەشدا وەک پشتیوانییەکانی ئەمریکا لە ئیسرائیل لە شەڕ لەگەڵ حەماس و ئازادکردنی بارمتەکان، ڕا و بۆچوونی خەڵکی ئەمریکای وەرگرتووە کە ئەنجامەکەی لایەنگریی زیاتر لە ئیسرائیل و سیاسەتەکانی لەهەمبەر گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تاران بووە.
ڕاپرسییەکانی هاڕوارد و هەریس مانگانە بە شێوەی هاوبەش بەڕێوە دەچێت و ئامانجەکانی لێکۆڵینەوە لە ڕوانگە گشتییەکانی خەڵکی ئەمریکا سەبارەت بە مژارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانە.
ئەنجامەکانی ئەم ڕاپرسییە بۆ ڕەنگدانەوەی پێکهاتەی ڕاستەقینەی دانیشتوانی ئەمەریکا بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندییە دیمۆگرافییەکان رێکخراون.