
له کاتێکدا که خوێندن به زمانی دایکی یه‌کێک له ویسته دێرینییه‌کانی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانه، مه‌جلیسی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ جارێکی دیکه دژایه‌تیی خۆی له‌گه‌ڵ خوێندن به زمانی دایکی دووپات کرده‌وه.
ڕۆژی چوارشه‌ممه ٨ی ڕه‌شه‌مه، به‌ناو نوێنه‌رانی مه‌جلیسی ڕێژیم گه‌ڵاڵه‌ی کۆمیسیۆنی په‌روه‌رده، لێکۆڵینه‌وه و تێکنۆلۆژی له ڕاستای وانه‌وتنه‌وه به زمانی دایکی هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانیان، له هه‌ڵبژرادنێکی به ئه‌ندازیاریکراودا به ١٠٤ ده‌نگی ئه‌رێنی، ١٣٠ده‌نگی نه‌خێر و ٥ ده‌نگی بێلایه‌ن ڕه‌ت کرده‌وه.
له ڕه‌وتی ئه‌و ده‌نگدانه‌ی نوێنه‌رانی ڕێژیم‌دا، هه‌ندێک له نوێنه‌رانی فاشیست و ناوه‌ندگه‌رای ڕێژیم په‌سه‌ندکردنی ئه‌و گه‌ڵاڵه‌یان به دژایه‌تیی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ڕێژیم به "ته‌ناهیی نه‌ته‌وه‌یی" ناوی ده‌بات، له قه‌ڵه‌م داوه.
وه‌ها پاساوهێنانه‌وه‌یه‌ک پێشتریش بۆ پینه‌کردنی سیاسه‌تی یه‌کسانسازیی کلتووری و زمانی له‌لایه‌ن ڕێژیمه‌وه که‌ڵکی لێ وه‌رگیراوه.
کازم دڵخۆش ئاباتری، نوێنه‌ری ڕێژیم له مه‌جلیسدا له دژایه‌تیکردنی ئه‌و گه‌ڵاڵه‌دا ڕایگه‌یاند: "په‌سه‌ندکردنی ئه‌و گه‌ڵاڵه‌یه دژایه‌تییه له‌گه‌ڵ شۆرای باڵای ئینقلابیی کلتووری که ناوه‌ندی بڕواپێکراوی عه‌لی خامنه‌یی ڕێبه‌ری ڕێژیمه‌وه".
هه‌روه‌ها محه‌ممه‌دمێهدی شه‌هریاری، نوێنه‌رێکی دیکه‌ی مه‌جلیسی ڕێژیم، تۆمه‌تگه‌لێکی له‌مه‌ڕ "چالاکیی دژه‌ئێرانی" هه‌ندێک له نه‌ته‌وه‌کانی جێگیر له سنووره‌کاندا کرده بیانووی دژایه‌تییکردنی ئه‌و گه‌ڵاڵه‌یه و وتی: "په‌سه‌ندکردنی ئه‌و گه‌ڵاڵه‌یه یه‌کگرتوویی و یه‌کانگیریی ئێرانی ده‌خاته مترسییه‌وه".
نوێنه‌ران و به‌رپرسانی ڕێژیم خوێندن به زمانی دایکیی نه‌ته‌وه‌کانی ئێران وه‌کوو هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ناڕه‌وای خۆیان له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و به‌و هۆیه‌وه سه‌رکوت، سنووردارکردن، سیاسه‌تی یه‌کزمانی و یه‌کسانسازیی زمانی په‌یڕه‌و ده‌که‌ن.
شایانی باسه به‌پێی ئه‌سڵی ١٥ی یاسای بنه‌ره‌تی ڕێژیم، به‌کارهێنانی زمانی دایکی هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی ئێران له چاپه‌مه‌نی، ماڵپه‌ڕه گشتییه‌کان و خوێندن به زمانی دایکی له خوێندنگا و قوتابخانه‌کان له پاڵ زمانی فارسی ڕێگه‌پێدراوه و به‌و حاڵه‌شه‌وه مه‌جلیسی ڕێژیم جارێکی دیکه نیشانی دا که یاسای نێوخۆیی ڕێژیم له ڕاستای سیاسه‌تی فه‌رمیی هه‌ڵاواردندایه.