بە پێی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئاماری دەسبەسەرکردنی هاووڵاتیان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە مانگی ژانەویەی ٢٠٢٥ی زایینیدا کە هاوکاتە لەگەڵ (١١ی بەفرانبار هەتا ١١ی ڕێبەندان) بە بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ٤٠ لەسەد زیادی کردووە.
بەپێی ئەو ئامارە، لە ماوەی مانگی ژانەوەیەی ٢٠٢٥دا لانیکەم ٢١٣ هاووڵاتی کە ناسنامەیان بە تەواوی ئاشکرا کراوە، لە تەواوی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراون.
ئەو ئامارە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی خۆی لە ساڵی ڕابردوو ٦٠ حاڵەت واتا نزیکەی ٤٠لەسەد بەرز بووەتەوە، بەو واتایە کە لە مانگی ژانەویەی ٢٠٢٤دا لانیکەم ١٥٢ هاووڵاتی دەسبەسەر کرابوون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لانیکەم ٢٠ چالاکی ژن، ٣ منداڵ، ١٠٨ هاووڵاتیی کورد، ٤٨ هاووڵاتیی عەرەب، ٣٢ هاووڵاتیی بەلووچ، ٢٦ چالاکی سوننە مەزهەب و ١١ چالاکی بەهایی لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون یان ڕفێندراون .
هەروەها زیاترین حاڵەتەکانی دەسبەسەرکران لە پارێزگای خووزستان ٥٠ حاڵەت، دوایی ئەوە پارێزگای ورمێ ٤٦ حاڵەت و پارێزگای سنە ٤٢ حاڵەتەی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان تۆمار کراوە.
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، دەردەکەوێت کە لە ماوەی مانگی ژانەوەیەدا لانیکەم ١٠٨ هاووڵاتیی کورد لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتیەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون کە بەرانبەرە بە ٥١لەسەدی سەرجەم هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراو لە تەواوی ئێران لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا.